هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بۆ سەر کامپی مەخمور
لە ماوەی ٥ ساڵدا دەوڵەتی تورکیا ١٢ جار هێرشی ئاسمانی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کردووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور.
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی تورکیا بە هەموو جۆرەکانی لەشکرکێشی و داگیرکاری هێرشی ناوجەرگەی باشووری کوردستان دەکات، کامپی مەخمور کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر و بە فەرمی لەژێر چاودێری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دایە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و پەدەکە لە ڕێگەی داخستنی دەروازەکانی هەولێر بەڕووی زیاتر لە ١٢ هەزار هاوڵاتی باکووری کوردستانی دانیشتووی کامپەکە، گەمارۆیان داوە و ئاستەنگی ژیانکردن لەناو کامپەکەدا دروستدەکەن و پلانی هێرشکردن و چۆڵکردنی کامپەکە جێبەجێ دەکەن.
ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر کامپەکە لەلایەن دەوڵەت تورکیاوە بەمشێوەیەیە:
-ڕۆژی ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠١٧ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆردومانی کامپی مەخموریان كرد و لەو هێرشەدا ٥ ئەندامی هێزەكانی پاراستنی جەوهەری بە ناوەكانی باگەر بۆران، بۆتان ئامەد، چەكدار ماوا، دەوران ماردین و باز دژوار شەهید بوون.
-ڕۆژی ١٣ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا پەنابەرانی مەخموریان بۆردومان كرد و ئاسیا عەلی محەمەد-٧٣ ساڵ و نارنج فەرهان قاسم- ٢٦ ساڵ، ئەڤین کاوە-١٤ ساڵ کە یەک بنەماڵە بوون، شەهید بوون، هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی ئەیلەم محەمەد عەمەری ٢٣ ساڵ شەهید بوو.
لە دوای گەمارۆ و ڕێگەرییەکانی پەدەکە بۆ سەر کامپەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بوو؛
-لە ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ جارێکی دیکە فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی کامپەکەیان کرد و لە ئەنجامدا دوو دانیشتووی کامپەکە بریندار بوون.
-ڕۆژی ١٥ی نیسانی ٢٠٢٠ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی دانیشتوانی کامپەکە کرد و لە ئەنجامدا سێ ژنی گەنجی کامپەکە شەهید بوون.
- ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، دەوروبەری کامپی مەخمور، چیای قەرەچۆخ و ناوچەی مشتەنوریان بە چڕی بۆردوومان کرد، بەڵام زیانی گیانیی نەبوو.
-لە ٥ی ئایاری ٢٠٢١ دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کامپی مەخموور و زیان بەر ڕەز و باخی هاوڵاتیان کەوت.
-ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ فڕۆکەیەکی سیخوڕی چەکهەڵگری دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی کامپەکەیان کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، ئەو شوێنەی کە هێرشەکەی تێدا کرا پارکی شەهید ئارین بوو کە دەکەوێتە ناوەڕاستی پارکەکە و دەوروبەری پارکەکە قوتابخانەی کامپەکەیە.
-لە ٣ی ئەیلولی ٢٠٢١ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوەندی کامپی مەخموری بۆردومان کرد و دایکێک و منداڵێک بریندار بوون.
-ڕۆژی ١ی شوباتی ٢٠٢٢ جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردومانی کامپی مەخموریان کرد. لە بۆردومانەکەدا هێزەکانی پاراستنی جەوهەری مەخمور کرانەتە ئامانج و ٢ ئەندامیان شەهید بوون، ١٧ دانیشتووی کامپەکە لەکاتی چوونیان بە هانای بریندارەکانەوە برینداربوون و چەند ماڵێکیش زیانی بەرکەوت.
-ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ فڕۆکەیەکی چەکدار و بێ سەرنشینی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە کامپی مەخمور بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا شوانەکە بە ناوی حاجی میرزا عەلی کە دەچوو بۆ باخەکەی شەهید بوو.
-ڕۆژی ٥ی تەمموزی ٢٠٢٢، لە میانی سەردانی شاندی فەرماندەی گشتی سوپای عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرماندەی هێزە هاوبەشەكان و زۆرێك لە فەرماندەكانی پلە جیاوازەكان بۆ مەخمور، فڕۆكەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا خانوویەکی لە کامپی مەخمور کردە ئامانج. لە ئەنجامدا ژنێک بریندار بوو و خەڵکێکی زۆریش بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
-لە دوایین هێرشدا ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ماڵێکی لە کامپی مەخمور بۆردومانکرد، تێیدا هاوڵاتییەک بە ناوی ئەبوزێد عەبدوڵا ئوبەید کە باوکی ٦ منداڵ بوو، شەهید بوو.
ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرش و بۆردومانی خەڵکی مەدەنی کامپی ئاوارەکانی مەخمور نەداوە و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر خەڵکی مەخمور بێدەنگن.