سی پی جەی: پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق پەلاماردان و گرتنی ڕۆژنامەنووسان ڕاگرن

رێکخراوی سی پی جەی رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق پەلاماردان و گرتنی رۆژنامەنوسان رابگرن و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ فەراهەمکردنی سەلامەتییان دابین بکەن.

     ناوەندی هەواڵ

 

رێکخراوی سی پی جەی ئەمریکی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژی دووشەممە ٢٩ی ئاب هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێرشیانکردە سەر رۆژنامەنووسانی دەزگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەکاتێکدا رووماڵی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەختیان دەکرد.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی گولەهاوەنێکەوە دوو رۆژنامەنووسی برینداربوون لەکاتێکدا سەرقاڵی رووماڵکردنی پێکدادانە چەکدارییەکانیان دەکرد.

 

لەلایەن خۆیەوە، جەستن شیلاد، توێژەری باڵای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای سی پی جەی ئاماژەی بەوەداوە، هێزەکانی عێراق بێباکییەکی سەرسوڕهێنەریان بەرامبەر سەلامەتی خەڵکی سیڤیل و رۆژنامەنووسان نیشانداوە کە لە ٢٩ی مانگی ئابەوە رووماڵی خۆپیشاندانەکانی بەغدا دەکەن.

 

ڕێکخراوەکە کە ئۆفیسی سەرەکی لە شاری نیویۆرکە  لەماوەی رابردوودا لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان و مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەگەڵیاندا و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان راپۆرتی بڵاوکردووەتەوە و رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەکانی لەگەڵ رۆژنامەنووسان گرتووە.