ژنانی کۆچبەر بە خولی خوێندنەوە و نووسین خەونەکانیان زیندوو دەکەنەوە
سەرەڕای هەلومەرجی جەنگ هێشتا ژنانی کۆچبەر هیواخوازن فێری خوێندنەوە و نووسین بن کە دابونەریتی کۆمەڵگای کۆن لە زۆرێک لە خەونەکانیان بێبەشیان کردوون.
سیلڤا ئەلئیبراهیم
مەنبج- لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە مەنبج و گوندەکانی دەوروبەری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان، لەسەر داوای کۆچبەرانی کامپەکە، خولی خوێندنەوە و نووسین لە کامپەکانی شەرقی و شەرقی جەدید لە ١٥ کیلۆمەتری شاری مەنبج بۆ ژنان کرایەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧ لە کاتێکدا شاری مەنبج پێشوازی لەو کۆچبەرانەی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کرد کە بەهۆی شەڕی نێوان ڕژێمی سوریا و چەتەکانی داعشەوە هەڵهاتن، کامپی شەرقی و شەرقی جەدید کرایەوە.
خولەکانی خوێندنەوە و نووسین لە مانگی تەمموزی ڕابردوو دەستی پێکرد، ١٢٥ ژنی کامپی شەرقی و ١٢٥ ژنی کامپی شەرقی جەدید چوونە ناو خولەکانەوە، تەمەنی ئەو ژنانەی بەشدارییان لەخولەکاندا کردووە تەمەنیان لەنێوان ١٣ بۆ ٥٧ ساڵدایە، بە وتەی بەرپرسانی ئەم خولانە قۆناغی یەکەمی خوێندن بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت و پێدەچێت لەدوای قۆناغی یەکەم قۆناغی دووەم و سێیەم دەست پێبکات و ڕێژەی بەشداریکردن و پابەندبوونی ژنان لەنێوان ٨٠-٩٠٪یە.
"دوای ٣٥ ساڵ گەڕامەوە بۆ خوێندن"
یەکێک لەو ژنانەی کە بەشداری پەروەردەکەی کردووە، ئەمەل محەمەدی تەمەن ٤٢ ساڵە، کە چیرۆکەکەی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ زۆرێک لە ژنانی سوریا کە بەهۆی نەریت و دۆخی خێزانییەوە لە خوێندن بێبەشکراون، وتی: "من کچی گەورەی ماڵەوە بووم دەبوایە پۆلی دووەمی قوتابخانەی سەرەتایی بەجێبهێڵم بۆ ئەوەی لە ماڵەوە ئاگام لە خوشک و براکانم بێت، دوای ئەوەی کۆچمان بۆ گوند کرد دەستمان بە کاری کشتوکاڵی کرد، کاتێک سەیری ئەو کچانەم دەکرد کە لەتەمەنی مندا بوون دەیانخوێند و جانتایان هەڵدەگرت ئاخم هەڵدەکێشا دەمویست لەو کاتانەدا بژیم کە لێی بێبەش بووم، من خۆم کردە قوربانی بۆ ئەوەی خوشک و براکانم بخوێنن".
"من سەرسام بووم بە ژنە شەڕڤانەکان"
ئەمەل محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوانەی جارێکی دیکە هێز و پەروەردەیان پێداوە، شەڕڤانانی ژن بوون و وتی: "کاتێک هاتینە مەنبج شەڕڤانانی ژنم بینی، هێزی ئەوان وەک بروسکە لە منی دا، زۆر سەرسام بووم بە ئەوان و بینینیان منی هاندا کە بەرەو خەونەکانم بڕۆم و بگەمە ئەوان و سنووری ترس بشکێنم، حەسرەتی خوێندن لە دلی مندا مابوەوە بۆیە دوای ٣٥ ساڵ دەگەڕێمەوە سەر کورسی قوتابخانە، بۆ ئەوەی ئەوەی کە لە دەستم داوە بیگەڕێنمەوە، هەتا ژنێک دڵنیا بێت و بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدا بڕوات، نابێت لە هیچ شتێک بترسێت، بیرۆکەکانی کۆمەڵگە هەمیشە ژنان دەشکێنن دەمەوێت فێربم کە بخوێنمەوە و بنووسم بۆ ئەوەی ببمە مامۆستا بۆ کوڕەکەم".
پەروەردەی خوێندنەوە و نووسین خەونەکەی زیندوو دەکاتەوە
عۆش عەرەبی تەمەن ٤٧ ساڵ یەکێکە لەو ژنانەی بەشداری لەخولەکانی خوێندنەوەو نووسیندا کردووە ئەوە دەخاتەڕوو کە دوای ٣٤ ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە بۆ زیندووکردنەوەی خەونی منداڵیی فێربوونی خوێندنەوەو نووسین، وتی: "بەهۆی خێزانەکەمەوە لە مافی خوێندن بێبەش بووم، باوکم ناچاری کردم لە ماڵەوە بمێنمەوە بۆ ئەوەی یارمەتی دایکم بدەم لە کاری ماڵەوە، من لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هاوسەرگیریم کرد، من هەمیشە ویستوومە درێژە بە خوێندن بدەم، دەمەوێت بخوێنمەوە و بنووسم چونکە بۆ هەموو ژنان پێویستە و لەبەر ئەوەی لە مافی خوێندن بێبەشم دەمەوێت ئێستا خەونەکەم بەدی بهێنم، هاوسەرگیری کردنی کچان لە تەمەنی زوودا یەکێکە لە گەورەترین هەڵەی دایک و باوکان بۆ کچەکانیان، کچەکانیشم خوێندنیان تەواو نەکرد بەهۆی ئەو شەڕ و کۆچەی تێیدا دەژیاین".