ژنانی بەشداربووی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی جیهان باس لە ئامانجەکانیان دەکەن
بە بەشداری نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان بە دروشمی "پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان" لە تونس، سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی جیهان دەستیپێکرد و ژنان لە بارەی ئامانجەکانیانەوە بۆ نوژنها قسە دەکەن.
نەزیهە بوسعیدی/ زهور ئەلمەشرەقی
تونس- بە دروشمی "پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان" لە تونس و بە بەشداری نوێنەرانی نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیاوازی جیهان سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس بە ڕێپێوانێک دەستیپێکرد.
بەشداربووانی ڕێپێوانی سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس داوای ماف و ئازادییەکانی ژنان و دادپەروەری و یەکسانییان کرد، لەناو دروشمەکاندا دروشمی "شۆڕشی ژنان ئەرکە" بەرز کرانەوە، بانگەوازی ئازادی فەلەستین کرا و گوترا کە کوردستان و فەلەستین پێکەوەن و ئەوانیش جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامن.
وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا، "ئەم کۆنفرانسە لە هەلومەرجێکی نێودەوڵەتی و عەرەبی و نیشتمانیدا کۆدەبێتەوە کە ژنانی گەمارۆ داوە، بەتایبەتی چینە زەحمەتکێشەکان، بە چەقۆی توندی نادادپەروەری و ئیستغلالکردن و ستەمکاری و پەراوێزخستن ژنان دەخەنە بەردەمی کەمتەرخەمی و لەدەستدان و شکاندنەوە و لەناوبردنی زیاتری ژنان لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە".
هەروەها لە وتارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "ئەمڕۆ ژنان ڕووبەڕووی توندترین و ناشرینترین شێوەی زوڵم و نادادپەروەری و کۆیلەکردن دەبنەوە، کۆمەڵگەی پیاوسالار و فیوداڵی تا ئێستا بە توندوتیژییەوە وابەستەیە و ڕژێمە کۆنەپەرستەکان و سیستمی سەرمایەداری هاوشانی یەک ژنان لە خواری پیاوانەوە هەژمار دەکەن، سەرەڕای ئەوەش ژنان دەخەنە دۆخی کارکردنی نامرۆڤانە و کوشتن و بێکارییەوە و وەک ئامێری سێکس سەیریان دەکەن و وەک قازانج و دەستمایە مامەڵەیان پێوەدەکەن".
لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆنفرانسەکە هەوڵدەدات واقیعی ژنان بگۆڕێت، کە پێویستی بە خەباتێکی بێوچان هەیە، دەشبێت ژنان تێبگەن کە تێکۆشان بۆ ڕزگاری لە ڕەهەندە چینایەتی و نەتەوەییەکانیدا و دژی سەرمایەداری لە ڕەهەندی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیەکاندا تێدەپەڕێت و دەبێت خەباتێکی هزری لە دژی مەیلە کۆنەپەرستانەکان و بیری پیاوسالاری فیۆداڵی بەرپابکرێت"، وتیشیان دەبێت کۆنفرانس ڕۆڵێکی زیادە کەڵەکە بکات لەسەر دەستکەوتەکانی دوو کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێشوو لە ڤەنزوێلا و نیپاڵ، بە بەهێزکردنی هاودەنگی فێمینیستی جیهانی و بەهێزکردنی زەمینەیەک کە ژنانی جیهان لەسەری یەکدەگرن، بە تایبەتی چینە کرێکارییەکان.
لە پەراوێزی ڕێپێوانەکەدا، ئەمیرە دەلاش، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە، ڕایگەیاند، ڕێپێوانەکە گەیشتووەتە شاری رۆشنبیری تونس بۆ ئەوەی دەستپێبکات، لە ماوەی کۆنفرانسەکەدا سەرجەم دەرەنجامەکان و بڕیارەکانی ئەو وۆرک شۆپانەی کە لە ماوەی چالاکییەکانی کۆنفرانسی شەش ڕۆژەدا ڕێکدەخرێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و بڵاوکردنەوەی دەبێت.
نائلە زغلامی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیموکرات، وتی: ڕێپێوانەکە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی گەورەی فێمینیستدا ڕێکخرابوو کە زۆرێک لە ژنانی سەربەخۆ، چالاکوانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵە و ڕێکخراوە فێمینیستەکانی جیهانی تێدایە، بۆ هاودەنگی فێمینیستی جیهانی، کە ئامادەکاری دەکات بۆ وەستانەوە لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیەکی ژنان.
ئەلشەیبی، سەرۆکی کۆمەڵەی ملیۆنی ژنانی گوندنشینی تورکیا، ڕوونیکردەوە کە یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی جیهان لە ڤەنزوێلا و دووەمیان لە نیپاڵ ڕێکخرابوو، وتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە لە ڕێگەی بزووتنەوە و کۆنفرانسەوە هەوڵدەدەین بۆ نوێکردنەوەی پەیمان بۆ بەردەوامبوون لە خەبات بۆ سبەینێیەکی باشتر."
ئەلسەیفی، جوتیارێکی تورکی ویلایەتی مانوبایە، دەڵێت: ساڵانێکی درێژی لە کاری کشتوکاڵدا بەسەر بردووە، دەشڵێت ژنانی جوتیار لاواز و نەخوێندەوار چونکە دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنیان نەبووە، گلەیی لە کەمی حەقدەستەکان دەکات و پێیوایە بەبێ کاری ژنانی جوتیار، ئێستا وڵاتەکەیان بیابانێک دەبوو، بۆیە دەبێت ڕێز و ماف بە ژنان بدرێت.