ژنانی گەرمیان: ئاشتەوایی خێزان و شکۆی ژن تێکەڵ بە بازرگانی دەکرێت
بەبۆنەی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنانی گەرمیان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێدا داوایان کرد ڕێگری بکرێت لە هاوسەرگیری پێشوەختە و دەستی حزب لە دادگاکان دوور بخرێتەوە.
گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلار و لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان، ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، کە لە حەوت ڕێکخراو پێکدێت، لەگەڵ چالاکوانان و مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان بە بەرزكردنەوەی دروشمی جیاواز گردبوونەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا شەیما جەمال، بەیاننامەی هاوبەشی ناوەندەکەی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، "٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە و ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ژنانە دژی جەور و ستەم و گەندەڵی و توندوتیژی دژ و سیمبوڵی بەرخودان و گیان فیدای و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بوو، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکان لەهەمان کاتدا سیمبوڵی دژایەتیکردنی پێشێلکارییەکان بووە".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا وتی: ساڵ لە دوای ساڵ لەم دونیای سەردەم و تەکنەلۆژیایەدا گرفت و ڕووداوە پڕ مەترسیەکان بەرۆکی خێزان و ژنانی گرتووە، ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ ئاشتەوایی خێزان و شکۆی ژن تێکەڵ بە مادەگەرایی و بازرگانی دەکرێت و مافە سەرەتاییەکانی ژن دەخاتە مەترسیەوە".
چالاکییەکانی رۆژی ٨ی ئادار لە باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە و ژنان لەم ڕۆژەدا بە پیرۆزبایی و چالاکی جۆراوجۆر ڕۆژی تێکۆشانی ژنان بەرز ڕادەگرن.
ت.پ