"کتێبخانەی ڕۆشنبیری ژن" لە کەرکوک کرایەوە

لە شاری کەرکوک بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، کتێبخانەیەکی تایبەت بەژنان بەناوی "کتێبخانەی رۆشنبیری ژنان" کرایەوە.

لە شاری کەرکوک بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، کتێبخانەیەکی تایبەت بەژنان بەناوی "کتێبخانەی رۆشنبیری ژنان" کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ ٨ی ئادار، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری کەرکوک لە تەنیشت سەنتەری رۆشنبیریی شارەکە لە گەڕەکی ئیسکان، کتێبخانەیەکی تایبەت بەژنان بەناوی "کتێبخانەی رۆشنبیری ژنان" لەلایەن رێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لەمافی ژنان پێشکەش بە ژنانی کەرکوک کرا.

 

لە مەڕاسیمی کردنەوەی کتێبخانەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکوان، هونەرمەندان و ژمارەیەک کەسایەتی و ڕۆشنبیر و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شارەکە ئامادە بوون، سەبارەت بە ئامانجیان لە کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە، فەنار فاروق بەرپرسی ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان وتی: "ئەم کتێبخانەیەم دروستکرد تا ژنان بتوانن لە شوێنێکدا کۆببنەوە و هەروەها خولی هۆشیارکردنەوەی ژنانی تێدابێت و ژنانی شارەکە بتوانن لەم کتێبخانەیەدا کار لەسەر لێکۆڵینەوەکانیان بکەن، ئێمە لە کەرکوک شوێنێکمان نیە کە تەنها تایبەت بێت بە ژنان تەواوی شوێنەکانی شارەکە تێکەڵاوە کە ئەمەش کێشەیە بۆ ژنانی شاری کەرکوک بەهۆی ئەوەی کلتوری شاری کەرکوک ڕێگە نادات ژنان بچنە شوێنی تێکەڵاو، بۆیە حەزم کرد شوێنێکی وەک ئێرە بکەمەوە کە کتێبخانە و قاوەخانەیە".

 

لە کۆتایدا فەنار فاروق ەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد و وتی: "دەمەوێت پەیامیک ئاڕاستەی ژنانی تەواوی عێراق بکەم و پێیان ڕابگەینم کە ئەمە یەکەم کتێبخانەی لەم جۆرەیە لە شاری کەرکوک کردوومانەتەوە و کۆتا کتێبخانەش نابێت هەوڵدەدەم لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کتێبخانەی تایبەت بە ژنان بکەمەوە، هەوڵدەدەین لەگەڵ ژنان دەست لەناو دەست پەرە بەم شوێنە بدەین و لەم کتێبخانەیە خولی هۆشیاری زیادبوونی رۆشنبیری بکەینەوە".