سپۆتێک بۆ کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە بڵاوکرایەوە
ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان سپۆتێکی کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە"ی بڵاوکردەووە، کەمپەینەکە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەو منداڵانەیە کە باوکیان نادیارە و ناسنامەیان نییە.
تەرزە تەها
سلێمانی- ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" سپۆتێکیان ئامادەکردووەتەوە، تێیدا کەمپەینەکە وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی ئەو منداڵانەی کە باوکیان نادیارە نیشاندراوە.
کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ ڕاگەیاندراوە، تیایدا داوای هەموارکردنەوەی یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠١٦ دەکات.
ئامانجی ئەم کەمپەینە ڕێگەدانە بە تۆمارکردنی ناوی منداڵ بە ناوی دایکانەوە، لە کاتێکدا بەپێی یاساکە منداڵ تەنها بە ناوی باوکیەوە تۆمار دەکرێت، ئەگەریش منداڵێک باوکی دیار نەبێت، ئەوا ناوی باوکێکی نادیاری بۆ دادەنرێت.
هێرشی داعش بۆسەر شەنگال هۆکاری ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە بوو
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ژن و منداڵی ڕفاند، تا ئێستاش زیاتر لە سێ هەزاریان نادیارن، ئەو ژنانەی ڕفێندرابوون، دەستدرێژییان کراوەتەسەر و چەندین جار هاوسەرگیری و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە.
ئەو ژنانە بەهۆی دەستدرێژییەکان بۆ سەریان دووگیان دەبن، منداڵیان بووە لە چەتەکانی داعش، ئێستا بە نزیکەی چوار هەزار منداڵی بی ناسنامە هەیە، کە بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە لە مافی خوێندن بێبەشن.
سەرباری ئەوەش لە یاسای ژنانی ڕزگاربوونی ئێزدی، کە لە ١ی ئاداری ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندرا، هیچ ڕێگایەکی بۆ یەکلایکردنەوەی دۆخی ئەو منداڵانە تێنەبووە.
ژنانی ئێزدی لە چوار ڕیانێکی نادیاردا
دوای ڕزگارکردنی بەشێک لەو ژنانەی لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدا بوون، بەشێکیان منداڵیان بووە، بەڵام ژنانی ئێزدی دەکەونە نێو دۆخێکی سەختەوە، وەک هەستی دایکایەتی بۆ ئەو منداڵانە، باوکی ئەو منداڵانە داعشن، پەسەند نەکردنی ئەو منداڵانە لەلایەن کۆمەڵگای ئێزدییەکانەوە، دیارنەبوونی باوکی ئەو منداڵە، بەپێی دەستوری عێراق هەر منداڵێک باوکی دیار نەبێت بە موسوڵمان تۆمار دەکرێت.
سەرباری ئەوەی لە شەنگالدا، کاردەکرێت تا کۆمەڵگەی ئێزدی ئەو منداڵانە پەسەند بکەن و دووبارە بەشداری کۆمەڵگەیان پێدەکرێتەوە، بەڵام هێشتاش ئەم هۆکارانە ژنانیان خستووەتە دۆخێکی سەختەوە، هیچ ڕێگا چارەیەکیش نابینن، لەبەر ئەو هۆکارەیە ئەم کەمپەینە ڕاگەیاندراوە، تا دایکەکان بتوانن منداڵەکانیان بە ناو و دینی خۆیانەوە تۆماربکەن.
لە ئێستادا پڕۆژە یاساکە لەلایەن ٢٧ پەرلەمانتار واژۆی لەسەر کراوە و لای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، هاوکات ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانیش لەگەڵ چەند توێژێکی جیاوازی وەک ڕێکخراوەکان، ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هونەرمەندان، زانکۆکان و کەسایەتیی ئێزدییەکان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە تا زیاتر کەمپەینەکە بڵاوببێتەوە و ڕای گشتی لەگەڵیدا کۆکبێت.
ت.پ