ڕێژەی مردنی دایکان لە ساڵی ٢٠٢١دا زیادی کردووە

داتا نوێیەکان دەریدەخەن ڕێژەی مردنی دایکان لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیادیکردووە و لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١دا  ڕێژەی مردن بەرزبووەتەوە و ژنانی ڕەشپێست بەردەوام زۆرترین کاریگەریان لەسەر هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

داتا نوێیەکان دەریدەخەن ڕێژەی مردنی دایکان لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرزبووەتەوە و ژنانی ڕەشپێست بەردەوام زۆرترین کاریگەریان لەسەر هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن سیستەمی ئاماری ژیانی نیشتمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، مردنی ژنان لە کاتی دووگیانی و دوای دووگیانی لە دوای پەتای کۆرۆناوە زیادیکردووە.

 

لە ڕاپۆرتە نوێیەکەدا هاتووە، ڕێژەی مردن لە ٢٣.٨ مردن لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی زیندوو لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٣٢.٩ مردن لە ساڵی ٢٠٢١ زیدابوونی بەخۆیەوە بینیووە، هەروەها ڕێژەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەرزبوونەتەوە.

 

سەرەڕای ئەوەش، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە کە ژمارەی مردنی دایکان لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ساڵی تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دابەزیووە، بەڵام هێشتا ڕێژەکە لە ئاستی پێش پەتای کۆرۆنا زیاترە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو کە ڕێژەی مردن لە ژنانی ڕەشپێست زۆرترین بووە، لە کاتی دووگیانی و تەنها دوای دووگیانی بە ڕێژەی ٢.٦ هێندەی ژنانی سپی پێست گیانیان لەدەستداوە.

 

ژنانی ڕەشپێست زۆرجار چاودێری تەندروستی پێویستیان پێنادرێت، بۆیە زیاتر ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی کاتی دووگیانی وەک بەرزی پەستانی خوێن دەبنەوە و بە شێوەیەکی دروست چارەسەر وەرناگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی مردن.

 

هەروەها ڕاپۆرتی سیستەمی ئاماری ژیانی نیشتمانی دەریخستووە کە ژنانی تەمەن ٤٠ ساڵ و سەرووتر ڕێژەی مردنیان لە کاتی دووگیانیدا زیاترە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی ژنان، ئەگەری تووشبوونیان بە حاڵەتە درێژخایەنەکانی وەک بەرزی فشاری خوێن و شەکرە زیاترە، کە ڕەنگە منداڵبوون ئاڵۆزتر بکات، هەروەها ئەم ژنانە زیاتر پێویستیان بە چارەسەری منداڵبوون دەبێت بۆ دووگیانبوون و دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردنیش.