"هیوادارم سێبەری تاریکی کۆماری دیکتاتۆری بە زووترین کات نەمێنێت"

خەڵکی مهاباد لە ڕۆژی سیازدە بەدەردا پەیمانی تێکۆشانیان دژی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران دووپاتکردەوە و چوونە سەر گۆڕی شۆڕشگێڕەکانیان.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- وەک دوایین ڕۆژی نەورۆز، سیازدە بەدەر یەکێکە لەو ڕووداوە بەناوبانگانەی کە خەڵکی لە کولتوورە جیاوازەکاندا لەو ڕۆژەدا دەچنە ناو سروشت، بۆ ئەمساڵیش هاوتای شۆڕشی ژینا، خەڵکی شاری مهاباد چەمکەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لە ڕۆژی سیازدە بەدەردا کۆکردەوە و لە کۆبوونەوە و یادی نەورۆزدا ڕەنگیان دایەوە.

 

"لە دڵی بنەماڵەکەمدا دەستم بە خەبات کرد"

شەبنەم عەزیزی یەکێکە لەو ژنانەی کە لە سیازدە بەدەردا بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بە خێزانی یادی نەورۆز دەکەنەوە و دەڵێت: من لە ژینگەیەکی کولتووری گەورە بووم بەبێ ئەوەی ئایین حوکمی لەسەر بکات، دەسەڵاتداری و کولتووری دژە ژن ناچاری کردم حیجابی ناچاری بکەم، بەڵام کاریگەری ڕاپەڕینی ژینا لە سیازدە بەدەریشدا دەبینم، ژنانی خێزانەکەمان جلوبەرگەکانیان بە خواستی خۆیان هەڵدەبژێرن بەبێ ئەوەی هیچ پیاوێک بتوانێت ئاگاداریان بکاتەوە و بێ ئەوەی لەچک بکەنە سەریان، هەڵپەرکێ و گۆرانی وتنی ژنان لەم خێزانەدا هێندە قەدەغە بوو، هەرگیز بیرم لەوە نەکردووەتەوە بیشکێنم، بەڵام ئەمڕۆ بە ئازادی سەمام دەکرد، گۆرانیم دەوتەوە و بە ئازادی جلوبەرگم لەبەرکرد، هەر لێرە و لە دڵی بنەماڵەکەمدا دەستم بەم خەباتە کرد، زۆربەی ئەو ژنانەی کە بینیم ئاوا بوون، بە تەواوی کاریگەریی ئەم بزووتنەوە و شۆڕشە لە قژی ئازادی ژناندا ئەمڕۆ بینیم.

 

ئەمساڵ سەرەڕای ڕێکەوتی جەژنی ڕەمەزان و سیازدە بەدەر، هاوتای ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەیانی زوو لە سروشتدا سیازدە بەدەرەکەیان ئەنجامدا.

 

کوبرا جەمشیدی سەبارەت بە سیازدە بەدەر دەڵێت: دۆخی هاباد کەشێکی تەواو مەزهەبی نییە، بەڵکو توندڕەوەکان و ڕژێم دەیانەوێت بە ناچاری و شێوازی جۆراوجۆر خەڵک ناچار بکەن ە ئاین دەسەپێنن، هەڵبژاردنی ئایینێک هەڵبژاردنی کەسییە و کەس ناتوانێت بەزۆر بیکات، کەس مافی ئەوەی نییە بەڕۆژوو نەبوون بە تاوان بزانێت، بۆ نموونە، ئەمساڵ مهاباد کەشێکی هەبوو کە بە ڕوونی ڕێزگرتن لە بیروباوەڕەکان نیشان درا، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لە دەرەوە بوون و هەندێکیش بۆ ئیفتار هاتبوون .

 

سیازدە بەدەر لەسەر گۆڕی شەهیدان کرایەوە

لەلایەکی دیکەوە سیازدە بەدەر لە مهاباد تێکەڵ بە ڕەنگی بەرخۆدان کرا و بەشێک لە بنەماڵەکان لەسەر گۆڕی ئازیزان و شۆڕشگێڕان ڕۆژی سیازدە بەدەریان پیرۆز کرد.

 

لەیلا کەیوانی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە چووە سەر گۆڕی کۆچکردووەکان و لەو بارەیەوە وتی: هەموو ساڵێک بە سەردانیکردنی گۆڕی دایکم دەست بە سیازدە بەدەر دەکەم، بەڵام ئەمساڵ پێش هەموو شتێک سەردانی گۆڕی شەهیدانم کرد و گوڵم بەسەر گۆڕەکانیاندا دابەشکرد، وێنەی ئەو گەنجانە و گۆڕەکانیان دڵی هەر کەسێک ئازار دەدات، زۆر تاڵە منداڵەکان ببینین کە ئەمساڵ سیازدە بەدەر بەبێ باوکیان بەسەردەبەن، ئەمڕۆ ئەو ژنانەی جلوبەرگی ڕەش لەبەر دەکەن، خەم و پەژارەی لەدەستدانی برا، هاوژین و کوڕەکەیان وایلێکردوون هێندەی تر تووڕەتر و داواکارتر بن، بۆ من زۆر شەرەفمەندانە و پیرۆزە ئەم سیازدە بەدەرە لەگەڵ ئەو ژنانە بکەمەوە، هیوادارم سێبەری کۆماری دیکتاتۆری ئیسلامی ئێران بە زووترین کات لاببرێت، ئەمە هیوا و دوعای سیازدە بەدەری ئەمساڵمە.