عێراق پاڵاوگەی نوێی نەوتی دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن

ڕۆژی شەممە عێراق پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ناوەڕاستی شاری کەربەلا کردەوە، ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێدەکرێت ئامانجی ئەوەیە وابەستەیی بە هاوردە کەم بکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی شەممە عێراق پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ناوەڕاستی شاری کەربەلا کردەوە، ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێدەکرێت ئامانجی ئەوەیە پشت پێبەستنی عێراق بە هاوردەکردن کەم بکاتەوە.

 

پاڵاوگەکە توانای پاڵاوتنی ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕۆژێکدا هەیە و یارمەتی دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ بەنزین و نەوتی سپی و گاز دەدات، هاوکات هاوردەکردن کەمدەکاتەوە، سەرەڕای یەدەگی نەوت و گازی بێئەندازە بەڵام عێراق تا ئێستاش پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە.

 

وەزیری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵاوگەکە لەلایەن کۆمپانیای هیۆندای کۆریای باشوورەوە دروستکراوە و دەتوانێت ڕۆژانە نۆ ملیۆن لیتر سووتەمەنی بەرهەمبهێنێت کە یەکسانە بە زیاتر لە نیوەی هاوردەکردنی ڕۆژانەی عێراق کە ١٥ ملیۆن لیترە.

 

هەروەها، پاڵاوگەکە توانای بەرهەمهێنانی ٢٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە و ٦٠ مێگاواتیان بۆ تۆڕی نیشتمانی تەرخان دەکرێت، عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت-ئۆپێک، بە تێکڕا ڕۆژانە ٣.٣ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

 

هەناردەکردنی نەوتی خاو نزیکەی ٪٩٠ داهاتی حکومەت پێکدەهێنێت، کە بەهۆی دەیان ساڵەی ململانێی عێراقەوە وێران بووە، داڕمانی ژێرخانی عێراق و گەندەڵی دەسەڵاتداران بووەتە بەربەست لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکانی عێراق.

 

پاڵاوگەی کەربەلا یەکەم پاڵاوگەی کەربەلایە کە لە دوای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە توانای بەرهەمهێنانی هەیە، سێ پاڵاوگەی دیکە کە لە سەرانسەری عێراقدا کاردەکەن، نزیکەی نیوەی خواستی وڵات بۆ بەرهەمی پاڵاوتە دابین دەکەن و بڕی پێویستی دیکە هاوردە دەکرێن.

 

لە مانگی ئاداردا، سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە سەختەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق ڕاگەیان کە توشی کەم ئاوی بووە، لەوانەش لە ڕێگەی پێشخستنی وزەی پاک و نوێبووەوە ئەنجامدەدرێت.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە لە بەرنامەیاندایە کە تا ساڵی ٢٠٣٩ گرێبەستێک ئەنجامبدەن بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبای نوێبووەوە بۆ دابینکردنی یەک لەسەر سێی داواکاری کارەبای هاوڵاتیان.