هاوینی گەرم و وشک کاریگەری لەسەر پەپوولەکانی بەریتانیا هەیە

دوایین ئەنجامەکانی پلانی چاودێری پەپوولەی بەریتانیا -UKBMS  دەریدەخەن کە شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی هاوینی ساڵی ٢٠٢٢ کاریگەری نەرێنی لەسەر هەندێک جۆری پەپوولەی بەریتانیا هەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری بەتەنها لەسەر کەشوهەوای وڵاتانی جیهان نیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاژەڵ و باڵندەکانیش هەیە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی هەندێک جۆر یاخود کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی پەپوولەکان هەیە.

 

دوایین ئەنجامەکانی پلانی چاودێری پەپوولەکانی بەریتانیا -UKBMS  کە ماوەی ٥ دەیەیە چاودێری پەپوولەکان دەکەن دەریدەخەن کە شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی هاوینی ساڵی ٢٠٢٢ کاریگەری نەرێنی لەسەر هەندێک جۆری پەپوولەکانی بەریتانیا هەبووە، داتاکان کە لە ساڵی ٢٠٢٣ کۆدەکرێنەوە وێنەیەکی تەواوتر لە دۆخی ژیانی پەپوولەکان لە کۆتایی هاویندا دەردەخەن.

 

شیکاری تۆمارەکانی کۆکراوە لەلایەن خۆبەخشەکانەوە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا دەریدەخات کە بە گشتی ساڵێکی مامناوەند بووە بۆ ژیانی پەپوولەکان، بە بەراورد بە داتای ساڵانەی پەپوولەکان لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا کۆکراوەتەوە، هەرچەندە جیاوازییەکی بەرچاو لە ماوەی وەرزی فڕیندا هەبووە.

 

 ژمارەیەک لە جۆرەکانی پەپوولە لە سەرەتای وەرزی بەهار یان سەرەتای هاویندا زاوزێ دەکەن و سەرهەڵدەدەن بۆ تەمەنی گەورەبوون، بەڵام کەمبوونەوەی بەرچاو لە ژمارەی پەپوولەکان لە کۆتایی وەرزی هاوین یان پاییز تێبینیکراوە.

 

شیکارییەکان نزیکەی ٦٠٠ هەزار تۆماری پەپوولە لەلایەن نزیکەی ٤ هەزار خۆبەخشەوە ئەنجامداوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ زانیارییان لە زیاتر لە ٣ هەزار شوێن کۆکردوەتەوە کە شیکاری ژیانی پەپوولەکان لە وەرزەکانی ساڵدا دەخاتەڕوو.

 

ساڵی ڕابردوو لە کۆی ٥٨ جۆری پەپوولەی بەریتانیا کە ڕاپۆرت کراوە، ئاستی ژیانی زیاتر لە ٣٠ جۆری پەپوولە لە خوار ئاستی مامناوەندەوە بووە، ٢٧ جۆری لە سەرووی تێکڕای مامناوەندەوە بووە.

 

ئەو زانیاریانەی کە کۆکراونەتەوە دەریدەخات کە وشکەساڵی کاریگەری نەرێنی لەسەر پەپوولەکان هەبووە لەنێوان ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٩٥، هەندێک لە جۆرەکانی پەپوولە لە دوای وشکەساڵی ساڵی ١٩٧٦ هەرگیز ئاستی پێشووتریان نەبووەتەوە، هەرچەندە پێدەچێت لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوون هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ شکستهێنانیان بێت لە ژیانکردن.