نەبوونی خزمەتگوزاری و مووچە دەوامی بەشێک لە نەخۆشخانەکانی گەرمیانی ڕاگرتووە

بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکانیان ژینگەپارێزانی نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بایکۆتی کارەکانیان کردووە و بەو هۆیەشەوە خۆڵ و خاشاکی زۆر لە نەخۆشخانەکان کۆبووەتەوە و دەوام لە بەشێکیاندا ڕاگیراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینگەپارێزانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و گرێبەستەکانیشیان نوێنەکراوەتەوە، بەوهۆیەوە بایکۆتی کارەکانیان کردووە و خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە نەخۆشخانەکاندا کۆبووەتەوە.

 

هەروەها ئاو و خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی دیکە لە نەخۆشخانەکان دابین نەکراوە و بەهۆیەوە بەشی زۆری پزیشکەکان دەوام کردنیان ڕاگرتووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردووشدا بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی ئەو فەرمانبەرانەی لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار خۆبەخش بوون بەشی تیشک لە نەخۆشخانەکە کێشەی تێکەوت و بۆ ماوەیەک داخرا.