سیانزدە بەدەر لە ئەمساڵدا بڵێسەی شۆڕشی ژینا بەرجەستە دەکات

ئەمساڵ سیانزدە بەدەر جیاوازتر بوو بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، وەک ئەوەی ژنان زیاتر ئامادەبوون و ئازایانەتر لە هەموو ساڵێک بە هەڵپەڕکێی کوردی ئامادەبوونی خۆیان ڕاگەیاند.

هیماراد

 

سنە- ١٣ بەدەر لە ئێران هەر لە کۆنەوە نەریتێک بووە کە خەڵکێکی زۆر لە سەرتاسەری ئێرانەوە دەچنە ناو سروشت، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بە کاریگەری کولتوری ئێران، ئەم دابونەریتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا تەشەنەی کردووە و بڵاوبووەتەوە، پشووی نەورۆز کە لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێوە دەستی پێکردووە بە ١٣ بەدەر کۆتایی دێت و خەڵک جارێکی دیکە خۆیان دەخەنە ناو کار و سەختییەکانی ژیانەوە.

 

١٣ی بەدەری ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژینا بوو، شۆڕشێک کە ژنانی بوێری کورد دەستیانپێکرد و تەشەنەی کرد بۆ شارەکانی ئێران و لەگەڵیدا دروشم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە دروشم و دەنگی ئازادی ژنان.

 

دروشمێک کە بۆ یەکەمجار لە دڵی کوردستانەوە و لە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کوردعەبدوڵا ئۆجەلانەوە هاتبوو، کە لە دەسەڵاتی ژن تێگەیشتووە و پێگەیەکی باڵاتر لە پێگەی ئێستای بە ژنان بەخشی و وەک ئەوەی ئەوە بزانێت ڕۆژێک وەک ئاگرێک جیهان دەگرێتەوە کە هەموو جیهان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێتەوە و گوێیەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری و سەرمایەداری کەڕ دەکات.

 

بۆیە ١٣بەدەری ئەمساڵ جیاواز بوو بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو، وەک ئەوەی ژنانی زیاتر هەبێت و ئازایانەتر لە هەموو ساڵێک بە هەڵپەڕکێی کوردی ئامادەیی خۆیان ڕابگەیەنن.

 

پێشتر لەژێر ئەو هەلومەرجەدا کە ڕژێمی ئێران دروستی کردبوو، ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا کەمتر سەمایان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ ژنان زیاتر لە پیاوان سەمایان دەکرد و هەڵدەپەڕین، تەنانەت بەبێ گوێدانە بارودۆخی ئەمنی و بەبێ باڵاپۆشیش ئامادەبوون و ئەمە بڵێسەی شۆڕشی ژینایە.

 

نەک هەر بوونی ژن بڵێسەی شۆڕشی ژینا بەرجەستە دەکات، بەڵکو بوونی خەڵک لەم ڕۆژەدا و گۆشەگیرنەبوونیان دوای ئەو هەموو کوشتارە دڕندانە و سەرکوتکردنە توندانەی ڕژێمی ئێران، نیشانەی ڕۆحیەتی بەرز و گەورەیە ناڕەزایەتییەک کە نیشانی حکومەتی سەرکوتکەری دەدەن، ئەوەی حکومەت لێی دەترسێت، هیوایە...

 

هیوای خەڵک بۆ ڕۆژانی باشتر بەبێ ڕژێمی ئێران، لەبری ماتەمینی بانگهێشتی شادییان دەکات و ئەمەش ڕۆحی شۆڕش و گەلی شۆڕشگێڕە.