بە تێزاب هێرش دەکرێتە سەر ژنێک لە ئێران

لە سۆشیال میدیادا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا پیاوێک لە تارانی پایتەختی ئێران بە تێزاب هێرش دەکاتە سەر ژنێک کە ژمێریاری ناوچەی دێهیاری باغکامێش بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ڕۆژی سێشەممە لە بەردەم دێهیاری باغکامێش لە ناوچەی پاردیس لە پارێزگای تاران بڵاوکراوەتەوە، پیاوێک بە عابای ژنانەوە هێرش دەکاتە سەر ژنێک و تێزابی سەریدا ڕشاندووە.

 

بەپێی وێنە و هەواڵەکان کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسەی بووەتە قوربانی تاوانەکە مەریەم جەهانی، فەرمانبەر و ژمێریاری دێهیاری بووە، کە بەپێی گرتە ڤیدیۆکە پیاوێک کە عابای ژنانی لەبەربووە لە نزیک دێهیاری چاوەڕێی قوربانییەکە دەکات و دەفرێکی پڕ لە تێزابی بەسەر دەموچاوی ڕشاندووە کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزێت، هەمان ڕۆژ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و تا ئێستا چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت.

 

بەپێی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەو تاوانە لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی هەمان شوێنەوە پلانی بۆ دانراوە، کە بەهۆی پەیوەندییە ئەمنییەکان و نزیکی ئەو کەسە لە دەزگاکانی حکومەت و زانیارییەکانی سوپای پاسداران ئەو کارەی کردووە بۆیە ئاگادار نەکراونەتەوە لەوەی کە ڕوویداوە.

 

هەروەها هەندێک هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵوێستی ئەم ژنە وەک ژمێریارێک لە دژی گەندەڵیەکانی ئەو ناوچەی کاری تێداکردووە بووەتە هۆی ئەوەی هێرش بکرێتە سەری.