بڕیارە عێراق دوای ٦ مانگ کۆتایی بە ئاوارەبوون بهێنێت

وەزیری کۆچ و ئاوارەیی عێراق ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٤٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان هەن، وەزارەت پابەند دەبیت بە بەرنامەی حکومەت لە ماوەی شەش مانگ بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی ئاوارەبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیری کۆچ و ئاوارەیی عێراق ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٤٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان هەن، نزیکەی ٢٩ کەمپ هەیە و هەروەها زیاتر لە ٤٠ هەزار خێزانی ئاوارە لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان، لەگەڵ زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە هەیە.

 

وەزیری عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە وەزارەت پابەندە بە بەرنامەی حکومەت بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی ئاوارەبوون لە ماوەی شەش مانگدا، هەرچەندە بە ژمارەیەکی کەمە بەڵام ئاوارەکان ڕۆژانە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

وەزارەت هانی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئاوارەبوون، بەڵام وەزارەت پێویستی بە پاڵپشتی هەموو دامودەزگاکانی حکومەتیش هەیە لە ئاوەدانکردنەوەی ماڵی خێزانە ئاوارەکان و پتەوکردنی ئاسایش لە ناوچەکانیان و دابینکردنی هەموو خزمەتگوزاری و ژێرخانەکان و چارەسەرکردنی کێشەی خێزانەکان.

 

وەزیری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانی دامودەزگاکانی حکومەت زۆر پێویستە، چونکە وەزارەت ناتوانێت خێزانە ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بەبێ هاوکاری دامەزراوەکانی تر.