شاندی نێونەتەوەیی ژنان لێکۆڵینەوە لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکەن

ژنانی وڵاتانی جیاواز کە لە ڕێگەی شاندێکەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردبوو، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوت کێشەی ژنان لە جیهاندا یەک کێشەیە، ئەویش نەبوونی ئازادی و بوونی توندوتیژی سەر ژنانە.

سلێمانی

 

ئەو شاندەی کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی ژنی ڕێکخراوی وڵاتە جیاوازەکان و لە بەرواری ١٨ی ئاداردا بە هاوکاری ڕێكخراوی پەیوەندییەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک سەردانی چەند لایەن و ڕێکخراوێکی جیاوازیان کرد، ئەوانیش پێکهاتبوون لە "کلا کوپەر لە وڵاتی پۆلیڤیا، کارۆلین کیم لە وڵاتی کۆریا، رەها زەمانی لە وڵاتی ئێران، کۆخۆب مهریتاب لە وڵاتی ئێریتریا، زەینەب بایەزیدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، ئەمڕۆ سیمینارێکیان لە ناوەندی ڕێپاک ئەنجامدا و دواتر دەرەنجامی سەردانەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بۆ ڕای گشتی ڕوونکردەوە.

 

شاندەکە سەردانی چەند لایەنێکی سیاسیان لە باشووری کوردستان کرد، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد، کە لە جیهاندا تێکۆشان و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەنگی داوەتەوە، ئامانجیان بوو لەو تێکۆشانەی ژنان لێکۆڵینەوە بکەن کە بووەتە نمونەی بەرخۆدان لە تەواوی جیهاندا.

 

ئەمڕۆ لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا سیمینارێکیان پێشکەش بەو ژنانە کرد کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانیان کردبوون، هەریەک لە ئەندامانی ئەو شاندە باسیان لە دۆخی وڵاتانی خۆیان کرد، باسیان لەو کێشەوگرفتانە کرد کە لە وڵاتەکەیان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەت کێشەوگرفتی ژنان، کە بە چەندین شێوازی جیاواز دەچەوسێندرێنەوە و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، هەروەها بوونەتە کاڵای دەستی پیاوان و دەسەڵاتداران.

 

ئامانجیانە خەباتی ژنی کورد بگەیەننە تەواوی ژنانی جیهان

لە میانەی سیمینارەکەدا، گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووان و شاندەکە دروست بوو، باسیان لەوە دەکرد، لە هەر شوێنێکی جیهان بێت کێشەی ئازادیخوازان و ژنان یەک کێشەیە، بۆیە پێویستە بە یەکگرتووی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، هەروەها میوانان پرسیاریان کرد دەربارەی چۆنیەتی گەیاندنی دەنگی ژنانی کورد بە وڵاتانی دەرەوە، لە وەڵامدا ڕوونیانکردەوە، بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی کورد و وەرگرتنی ئەزموونی ئەوان هاتوونەتە باشووری کوردستان و بەڵێنی ئەوەیاندا کێشەوگرفتەکانی ژنان کە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە درکیان پێکردووەم وەریبگێڕنە سەر زیاتر لە ٢٠ زمانی جیاواز، خەباتی ژن بکەنە نمونە بۆ ژنانی تەواوی جیهان.

 

"ژنان لە هەر شوێنێکی دنیا بن یەک پرسیان هەیە، ئەویش پرسی ئازادییە"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، شیلان شاکر، ئەندامی ڕێپاک باسی لەوەکرد، لەو کاتەی درکمان بەوەکرد دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە تەواوی جیهان دەنگی داوەتەوە بە گرنگمان زانی سەردانیکردنی شاندێکی لەو شێوەیە ڕێکبخەن، لە ئەنجامی سەردانیکردنەکە بۆمان دەرکەوت دەسەڵاتداران چۆن جەنگ دژی یەکتر دەکەن و وڵاتان لێک جیادەکەنەوە، بە هەمان شێوەش دەیانەوێت ژنان لەناوببەن، بۆمان دەرکەوتووە ژنان لە هەر جێیەک بن یەک پرسیان هەیە، ئەویش پرسی ئازادییە.

 

"دۆخی ژنان لە جیهاندا یەک دۆخە و لە ژێر چەوساندنەوە و داگیرکاریدایە"

ڕەها زەمانی لە وڵاتی ئێرانەوە ئەندامی شاندەکە بوو، ڕوونیکردەوە، دڵخۆشن بە سەردانیکردنیان بۆ باشووری کوردستان و بینینی ژنانی چالاکوان و ژنانی ڕێکخراوەکان لە نزیکەوە، ئامانجمان لەم سەردانیکردنە گۆڕینەوەی ئەزموونی یەکتر بوو، چونکە هەریەکێکان لە وڵاتێکی جیاوازەوە هاتوون، بە دوای خاڵی هاوبەشی ژنان دەگەڕان کە کێشەکانیان یەک کێشەیە یاخود جیاوازە.

 

باسی لەوەشکرد ئەوەی کوردستان بە وڵاتانی دیکەوە دەبەستێتەوە بوونی ئەو داگیرکارییە کە لە کوردستاندا بەدی دەکرێت بە تایبەت داگیرکاری سەر ژنان، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان جەستەیان داگیر دەکرێت، بۆیە ئامانجمان لە سەردانی ژنانی باشور تێگەشتنە لە دۆخی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریدا.