زارا محەممەدی، خەڵاتی جەمال نەبەزی پێبەخشرا

لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین خەڵاتی یەکەمی بەخشییە زارا محەممەدی بەهۆی بەرگریکردن لە مافی سەرەتایی زمانی دایکی.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢١ ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، یەکەم خەڵاتی جەمال نەبەز دەبەخشرێتە زارا محەممەدی دانیشتووی شاری سنە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان.

 

لیژنەکە کە لە حەوت کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا پێکهاتووە، ڕایانگەیاندووە: دوای بڕیاری لیژنەکە بۆ پێدانی خەڵاتەکە بە زارا محەممەدی، دەستەی بەڕێوەبەری دامەزراوەی جەمال نەبەز لە بەرلین پەسەندی خەڵاتەکەی کرد.

 

سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی جەمال نەبەز بە زارا محەمەدی، ئەم خەڵاتە دەبەخشرێتە زارا محەمەدی وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە بەردەوام و خۆبەخشەکانی لە فێرکردنی زمانی کوردی و داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکانی زمانی دایک و بەرەنگاربوونەوەی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە:

"زارا محەممەدی سەرەڕای ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی توند و حوکمی ناڕەوا و زیندانیکردن، بە ئاشکرا و ئازایانە دژی نادادپەروەری زمانەوانی و شوناس بۆ ڕای گشتی لە کۆمەڵگەدا قسەی کرد، وە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هۆشیارکردنەوەی گشتی دەربارەی ئەم نادادپەروەرییانە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، وەک کۆمیسیۆنی خەڵاتی جەمال نەبەز خۆشحاڵین و شانازی دەکەین کە خەڵاتەکە پێشکەش بە زارا نیشتمان دەکەین."

 

سیروان ڕێناس، ڕێکخەری لیژنەی خەڵاتی جەمال نەبەز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: " زارا محەمەدی وەک براوەی خەڵاتی جەمال نەبەز ڕاگەیەندراوە و هەوڵدەدەین بانگهێشتی بکەین بۆ بەرلین بۆ ئەوەی لە مەراسیمێکدا خەڵاتەکەی پێ ببەخشرێت."

 

خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین دەدرێت بەو کەسانەی کە بەشداریان لە خزمەتی زمانی کوردی، کولتووری کوردی، سیاسەت، هونەری کوردی، خزمەتگوزاری زانستی یان کوردستانیان کردووە، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و چالاکییەکانیان چاودێری کراوە.

 

خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین هەر دوو ساڵ جارێک لە بەرلین دەبەخشرێت و لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە بەڕێوەدەبرێت بە سەرۆکایەتی دکتۆر هانلۆر کۆچلەر لە ئەڵمانیا و هاوسەری جەمال نەبەز.