دۆخ و گرفتەکانی ژن لە کۆمەڵگەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا

پانێڵێک بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگا و پرسە هەستیارەکانی ژنان لەلایەن حزبی شیوعی کوردستانەوە بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، حیزبی شوعی کوردستان مەڵبەندی سلێمانی بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان، پانێڵێکیان وەک هەوڵێکی ڕۆشنبیری بۆ خستنەڕووی کێشە و گیروگرفتەکانی ناو کۆمەڵگە و پرسە هەستیارەکانی ژنان لە چەند دیدێکی جیاوازەوە پێشکەشکرد.

لە پانێڵەکەدا هەریەک لە شلێر عەبدول مەجید، مامۆستای زانکۆ، بابەتێکی سەبارەت بە "دۆخی ژنان و دیدی حیزبی شیوعی" پێشکەشکرد، پەیمان عزەدین، چالاکوان و پارێزەر سەبارەت بە "کێشە یاساییەکانی ژنان و ڕێگە چارەسەرییەکان" بەشداربوو، هەروەها هاوژین مەلا ئەمین، مامۆستای زانکۆ لە بارەی "سەرنجێک لەمەڕ کلتوری چەوساندنەوەی ژنان" بابەتێکی پێشکەشکرد.

 

شلێر عەبدول مەجید، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی حزبی شیوعی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ نوژنها وتی: ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن خێزان و دەسەڵات و دابونەریت، ئەمەش بووەتە هۆکارێک تا ژنان بکوژرێت، وەک حزبی شیوعی بڕوامان وایە کە پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەندە بە هێز و ژمارەی بەشداری ژنان لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.

شلێر عەبدول مەجید ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە توندوتیژی و نایەکسانی نەمێنێت و ئەوکاتە دەتوانین بڵێین کۆمەڵگە بەرەوپێش دەچێت، "ئێمە هەوڵ دەدەین نەک تەنها ژنان، بەڵکو کۆمەڵگەش هۆشیار بکەینەوە، و هەوڵدەدەین هێزی کاری ژنان هێزێکی چالاکانە بێت تا مافەکانی دەستەبەر بکات".

ت.پ