ژنانی تووشبووی نەخۆشی سستی گورچیلە ڕووبەڕووی ناخۆشی ژیان دەبنەوە

تووشبووانی نەخۆشی گورچیلە لە سودان چارەنووسێکی نادیاریان هەیەو ڕەنگە ڕووبەڕووی گیان لەدەستدان ببنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆرێک لە ناوەندەکانی شۆردنی گورچیلە کارەکانیان بەهۆی شەڕەوە وەستاندووە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی سەدان کەس دروستکردووە.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- دوای ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا تا ئێستا بەردەوامە، بارودۆخی سەخت ڕووی لە نەخۆشەکان کردووە، لەوانەش نەخۆشانی سستی گورچیلە.

 

لە ناوەندێکی شۆردنی گورچیلە لە شاری پۆرتی سودان لە ویلایەتی دەریای سوور، کە دوای ئاڵۆزییەکان ژمارەیەکی زۆر خەڵک ڕوویان تێکردووە، ژمارەیەک ژن کە تووشی سستی گورچیلە بوون و لە بارودۆخی سەختی شەڕی ئەو وڵاتەدان، بەهۆی نەبوونی ئامێری چارەسەرکردن و دەرمانی پێویست دۆخیان خراپتر بووە.

 

کەرتی تەندروستی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبێتەوە

دوای ڕووبەڕووبوونەوەکانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کەمی و نەبوونی دەرمانی پێویست بارودۆخەکەی خراپتر کردووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەخۆشەکان هەیە، بەتایبەتی نەخۆشانی سستی گورچیلە، لیژنەی بەرایی لە سەندیکای پزیشکی سودان ئاشکرایکردبوو، پچڕانی بەردەوامی کارەبا زیاتر لە دوو هەفتەی خایاندووە، ئەمەش یەکەی شۆردنی گورچیلەی لە شاری عوبێد لەڕۆژئاوای وڵاتەکەی خستۆتە مەترسیەوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی١٢ کەس.

 

سەلما عوسمان، ئەندازیاری پزیشکی لە سەنتەری شۆردنی گورچیلە لەشاری پۆرت لە سودان وتی: زۆربەی سەنتەرەکانی شۆردنی گورچیلە لە سودان کاریان وەستاوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی فشاری زۆر لە سەنتەری شارەکە.

 

ڕوونیشیکردەوە، پێشتر سەنتەرەکە نزیکەی ٤٠ ئامێری کارکردنی لەخۆگرتبوو و دەتواندرا ژمارەیەکی زۆری نەخۆش لەخۆبگرێت، بەڵام کێشەی ئامێرەکان بووەتە کێشەیەکی گەورە، سەنتەرەکە ئێستا ناتوانێت هەموو نەخۆشەکان لەخۆبگرێت، بە تایبەت ئەوانەی پێویستیان بە گیراوەی پاکردنەوە هەیە.

 

داوای لە وەزارەتەکانی فیدراڵی و دارایی کرد بچنە سەنتەرەکە و پێداویستییەکانی وەک ئامێر، گیراوەی پاککەرەوەی نەخۆش دابین بکەن، دەربارەی کێشەیەکی دیکەی سەنتەرەکە کە نەبوونی ئاوە وتی: پێویستمان بە ٤٠ تەنە لەڕۆژێکدا، بەڵام دەوڵەت تەنها ٢٠ تەن دابین دەکات و ئەوەی دەمێنێتەوە دەیکڕین.

 

"یەکێک لە کێشە باوەکان بەدەستنە‌هێنانی دەرمانی پێویستە"

مەیمونە عەلی، نەخۆشێکە کە گورچیلەی سستە، باسی لەو سەختییانە کرد کە لە کاتی وەرگرتنی چارەسەردا ڕووبەڕووی دەبێتەوەو وتی: یەکێک لەو کێشە باوانەی کە لە ماوەی چارەسەرکردندا ڕووبەڕووم دەبێتەوە، بەدەستنەهێنانی دەرمانی پێویستە.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ گورچیلە ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشانی گورچیلە نوێنەرایەتی کێشەیەکی تەندروستی گەورە دەکەن لە سودان، بەو پێیەی چارەسەرکردن سنووردارە و گرانە، هەروەها بەنزیکەیی ٨ هەزار کەس لە سودان پشت بە شۆردنی گورچیلە دەبەستن بۆ بەردەوامبوون لەژیانیان.

 

حەلیمە ئیبراهیم، پەرستاری سەنتەری شۆردنی گورچیلە، ​ئاماژەی بەوەکرد دوای ئەوەی لە سەرەتای جەنگدا لە بارودۆخێکی سەختدا ژیاون بەهۆی چوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بۆ سەنتەرەکە لە ویلایەتە جیاجیاکانەوە، فشارێکی زۆری کەوتووەتەسەر، بەڵام توانیویانە چارەسەری ئەو سەختییانە بکەن کە لەماوەی ڕابردوودا تووشی بوون، داوای لە وەزارەتەکانی تەندروستی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕەچاوی کرێکارانی سەنتەرەکە بکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخەکانیان و زیادکردنی مووچەکانیان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی، لە ماوەی مانگی تشرینییەکەمی ساڵی٢٠٢٣، نزیکەی ٨ هەزار نەخۆشی شۆردنی گورچیلە لەڕێگەی نزیکەی ١٠٥ سەنتەری شۆردنی گورچیلە لە سەرجەم ویلایەتەکانی سودان خزمەتگوزارییەکانیان وەرگرتووە، هەروەها نزیکەی چوار هەزارو ٥٠٠ چاندنی گورچیلە هەن کە چارەسەری خۆیان لەڕێگەی ئەو سەنتەرانە وەردەگرن کە دەکەونە ئەو ویلایەتانە کە خزمەتگوزاری بێبەرامبەر پێشکەش دەکەن.

 

سارا سیر، ئەندازیاری پزیشکی لە سەنتەری شۆردنی گورچیلە لەشاری پۆرت لە سودان ئاماژەی بەوەکرد، سەنتەرەکە لە ڕێگەی ٣١ ئامێرەوە کار دەکات بەڵام لە ئێستادا بەهۆی تێکچوونی بارودۆخ و بوونی شەڕ ٥ لەو ئامێرانە لە کار کەوتوون، ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە سودان بەهۆی شەڕەوە دەگاتە ئاستی گیان لەدەستدان، ئەگەر نەخۆشەکە نەتوانێت لە کاتی خۆیدا دەرمان و چاودێری تەندروستی بەدەستبهێنێت.

لەڕاپۆرتێکی هاوپەیمانی ژنان لە ناوچەی دارفور لەڕۆژئاوای وڵات، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی٢٠٢٣ باس لەوە کرابوو کە سەرجەم توشبووانی سستی گورچیلە لە شاری جنینە لە ڕۆژئاوای دارفور گیانیان لەدەستداوە.