کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو لە بەخشەرانی شیری دایک لە ئۆگەندا هیوایەک بە دایکان دەبەخشێت

دوای ئەوەی ژنان کێشەیان هەبوو لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئەوەی کۆرپەکانیان کە کێشەی تەندروستییان هەیە بە زیندووی بهێڵنەوە، کۆمەڵگەیەک لە بەخشەرانی شیری دایک لە ئۆگەندا پێکهێنرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، کارۆلین ئیکەندی، دوای ئەوەی نەشتەرگەری قەستەرەیی بەپەلەی بۆ ئەنجامدرا، بۆ دەرهێنانی کۆرپەیەکی گیان لەدەستدراو لەگەل دوو کۆرپەی دیکە کە ڕزگار کران، تووشی ناڕەحەتی بوو، پزیشکەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، یەکێک لەو منداڵانەی پێشوەختە لەدایک بووە، ئەگەری ژیانی ٢%ی هەیە، ئەگەر کۆرپەکان شیری دایکیان دەست نەکەوێت کە کارۆلین نەیبوو ، ئەوا کۆرپەکان لەدەست دەچوون، بەم شێوەیە گەڕانێکی بێهیوا بۆ بەخشەرانی شیری دایک دەستیپێکرد، خۆشبەختانە ژنێکی دراوسێی ژنێک کە منداڵێکی تازە لەدایکبووی هەبوو بۆ توانی چەند ملیلیترێک لە شیرەکەی ببەخشێت.

 

دواتر کارۆلین ئیکەندی گوێی لە گروپێکی ئۆگەندا بوو کە شیری دایک کۆدەکەنەوە و دەیبەخشن بە دایکانی وەک ئەو. زۆری نەخایاند کۆمەڵگەی شیری دایکی ئاتا "ATTA" بەبێبەرامبەر شیری دایکی دابین کرد تاوەکو کۆرپەکانی ئەوەندە بەهێز بوون کە لە نەخۆشخانە دەرچوون.

 

لەلایەن ژنێکەوە دەستیپێکرد

کۆمەڵگەی شیری دایکی ئاتا لە ساڵی ٢٠٢١ لە کامپالای پایتەختی ئۆگەندا لەلایەن ژنێکەوە دەستیپێکرد کە وەک کارۆلین ئیکەندی خەباتی کردبوو بەبێ ئەوەی پشتگیری وەربگرێت، ئەم ڕێکخراوە قازانج نەویستە تۆمارکراوە کە بە یارمەتییەکانی ڕێکخراو و کەسەکان پشتگیری دەکرێت، تاکە گروپە لە دەرەوەی شوێنی نەخۆشخانە لە ئۆگەندا کە شیری دایک بە بڕێکی بەرچاو دەپارێزێت.

 

ئاتا، وەک گروپەکە ناسراوە، پەیوەندی بۆ پشتگیری لە نەخۆشخانەکان و ماڵەکانەوە وەردەگرێت کە کۆرپەکانیان زۆر زوو لەدایک دەبن یان زۆر نەخۆشن و ناتوانن بە باشی شیری دایکیان بخۆنەوە، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ٢٠٠ دایک شیری دایکیان بەخشیووە بۆ پشتگیریکردنی زیاتر لە ٤٥٠ کۆرپە، بەپێی تۆمارەکانی ئاتا لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٠٠ لیتر شیر بۆ کۆرپە کۆکراوەتەوە.

 

ئاتا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک ئینستاگرامەوە پەیوەندی بە بەخشەرەکانەوە دەکات، ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت بەخشین بکەن دەبێت نمونە پێشکەش بکەن بۆ پشکنین، لەوانەش بۆ HIV و هەوکردنی جگەری جۆری B و C، ئاتا هەوڵدەدات زیاتر دەربارەی بەخشەرە ئەگەرییەکان و پاڵنەرەکان بزانێت,  ئەوانەی لە پشکنینەکە دەردەچن کیسی هەڵگرتنیان پێدەدرێت و ڕێنمایی دەکرێن بۆ مامەڵەکردنی پاریزراو.

 

لە ڕێگەی گەیاندنی ماتۆڕسکیلەوە لە شەقامە قەرەباڵغەکانی کامپالا، شیری دایکی بەخشەرەکان دەبرێتە کۆگای ئاتا و دەگەیەنرێتە ئەو دایک و باوکانەی پێویستیانە.

 

"ژمارەیەکی زۆری ژنان بەهۆی نەبوونی پشتگیری شیرپێدانەوە دەناڵێنن"

ئامانجی ئاتا دامەزراندنی بانکی شیری دایکە کە توانای هەڵگرتنی "پاستوریزەکردنی" هەبێت، پزیشک دۆرین مازاکپڤێ، پسپۆڕی شیرپێدان کە هاوکاری ئاتا دەکات، وتی: خزمەتگوزارییەکە لە وڵاتێکدا پێویستە کە ژمارەیەکی نادیار ژنان بەهۆی نەبوونی پشتگیری شیرپێدانەوە دەناڵێنن.

 

ئەو پزیشکە کۆمەڵێک کێشەی شیرپێدانی باسکرد کە دایکان دەتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە، لە ئازاری گۆی مەمکەوە تا ئەو کۆرپانەی کە زۆر نەخۆش یان زۆر لاواز لەدایک دەبن بۆ ئەوەی شیریان بۆ دابین بکرێت.