"ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەمتەرخەمن بەرامبەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان"

ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی بە توانا سنووردارەکانییەوە کار دەکات بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، بۆ ئەوەی بارگرانی ئاوارەی کامپەکان کەم ببێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی بەدەست نەخۆشییە درێژخایەن و شێرپەنجەییەکانەوە دەناڵێنن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- جیهان عامر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی، ئاماژەی بەوەکرد کە هەندێک نەخۆشی شێرپەنجە و پێست، بەخێرایی لە سەرتاسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەتەوە، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان کرد کە بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن.

 

ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزرا، بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان و بە توانایەکی کەمەوە خزمەتگوزاری پێشکەش بە بریندارانی جەنگ و ئاوارە دەکات و بەپێی بەها بنەڕەتییەکان کار دەکات.

 

کە مانگی سووری کوردی ڕۆڵێکی دیار دەگێڕێت، چونکە کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی دەرمان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و گواستنەوەی نەخۆشەکان بەپێی پێویستی خۆیان بۆ نەخۆشخانەکانی شار بۆ چارەسەرکردنیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان، هەروەها لەم دواییانەدا نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجەیی لە شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جەزیرە کردەوە، جگە لە سەنتەری وەرەمی شێرپەنجەیی لە شاری ڕەققە و لەسەر ئاستی هەرێم توشبووانی سەرجەم ناوچەکان وەردەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە شێرپەنجە بە یەکێک لەو نەخۆشیانە دادەنرێت کە مەترسی لەسەر نەخۆشەکان دروست دەکات، بەشی زۆری تووشبووان کاتێک تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن ڕزگاریان نابێت، بەتایبەتی بەهۆی تێچووی زۆری دەرمان و خانەکانیانەوە.

 

"گرنگە ڕێکخراوەکان هەوڵی دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بدەن"

جیهان عامر، بەڕێوەبەری ناوەندی مانگی سووری کوردی لە شاری حەسەکە، وتی: کارەکانمان لە ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی لە دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، کە خزمەتگوزاری تەندروستی تیادا پێشکەش دەکرێت بۆ خەڵک، بەتایبەتی کە هەرێم بەدەست کەمی دەرمان و تێکچوونی کەرتی تەندروستیەوە دەناڵێنێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ناوچەکانمان جگە لە حکومەتی دیمەشق لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی دراوسێوە گەمارۆدراوە و ڕۆژانە هێرشیان دەکرێتە سەر، لە شاری حەسەکە مانگی سووری کوردی لقی جیاوازی هەیە لە کامپەکاندا وەک، کامپی واشۆکانی، کەمپی هۆڵ و عەریشە، سەرەڕای هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی ڕێکخراوەکەمان لە بواری تەندروستی و چاودێری بۆ خەڵکی ناوچەکە و ئەو ئاوارانەی کە لە بارودۆخێکی سەختدا لە کامپەکاندا دەژین، پێشکەشی دەکات، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دان بەم کامپانەدا نانێن و کەمترین خزمەتگوزاریان پێشکەش دەکەن، بۆیە ژیانی هاوڵاتیانی ناو کامپەکان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

 

"بەهۆی بەرزبوونی پلەکانی گەرما نەخۆشی زیاد دەکات"

جیهان عامر، ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات، لەوانەش نەخۆشییەکانی پێست و ڕیخۆڵە بە تایبەتی لە کامپەکاندا، دەشڵێت: لەسەرەتادا کۆمەڵێک ڕێکخراوی مرۆیی هەبوون کە خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرمانیان پێشکەش دەکرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کارەکانی ئەو ڕێکخراوانە شکستی هێنا و زۆرێکیان کشانەوە، سێ بەشی سەرەتایی هەیە بۆ کلینیکەکانی پزیشکی ناوخۆیی و بەشێک بۆ منداڵان و ژنان، هەموویان تەنها بە چاودێری سەرەتایی و فریاگوزاری سەرەتایی دادەنرێت، بۆیە پێویستمان بە بەشی زیاتر هەیە وەک بەشی نەشتەرگەری و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو نەخۆشیانەی لە ناوچەکەدا بڵاودەبنەوە بەهۆی زیادبوونی پیسبوونی ژینگەوەیە، نزیکەی ساڵێکە شاری حەسەکە بەدەست بەردەوامی نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنێت، شارەکەش ئاوی پاک و پێویستی لە وێستگەی عەلوک وەرنەگرتووە، لە ئەنجامدا خەڵک ناچار دەبن ئاو لە سەرچاوەی باوەڕپێنەکراوەوە بکڕن، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە مار و مێروو زیاد دەکات و پێویستیان بە قڕکردن هەیە.

 

"نەبوونی دەرمانی پێویست ژیانی ئاوارەکانی سەختتر کردووە"

سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە ناوچەکەدا لەوانە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان، جیهان عامر وتی: لە ماوەی ئەم دواییە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان زۆر بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش ترسی دانیشتووانی زیاتر کردووە، جگە لە تێچووی دارایی کڕینی ژەمە کیمیاییەکان، ئەمەش ژیانی سەختتر کردوون بەتایبەتی دانیشتوانی کەمپەکان، بەو پێیەی دەرمان و پشکنینی پێویست بۆ ئەو جۆرە نەخۆشیانە نییە، هەروەها فشاری دەروونی و ماندوێتی جەستەیی، بەردەوامبوونی شەڕ و بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، جگە لە بەکارهێنانی سووتێنەری پاڵاوتنی ڕۆن و دوکەڵی پاشماوەی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان، کە هەموویان هۆکارن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

 

جیهان عامر داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە مرۆڤایەتییەوە سەیری بارودۆخی نەخۆشەکان بکەن و دەستی هاوکارییان بۆ درێژ بکەن، وتیشی: وەک ئەندامانی ڕێکخراوی مانگی سووری کوردی، بە توانای تەواوەوە کاردەکەین بۆ پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، ئێمە گەورەترین بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئەرکی تەندروستی لە ئەستۆ دەگرین، کە گرنگیدان بە نەخۆشەکانە، بەڵام ئێمە ژەمە دەرمانی کیمیایی تایبەت بەم نەخۆشییانەمان نییە، داواش لە ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان دەکەین کە پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن.

 

"داگیرکاری دەوڵەتی تورکی و هێشەکانی دۆخی هاوڵاتیانی خراپتر کردووە"

لە کۆتاییدا جیهان عامر وتی: زۆربەی ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، بە بیانووی شەڕی ئۆکراینا و شەڕی غەززە کشاونەتەوە، تا ئێستاش دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ڕۆژانە و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە و ترسناکترین تاوان دژی خەڵک ئەنجام دەدەن، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە هەڕەشەکان هێشتا بەردەوامن بۆ سەر ناوچەکە، هەرێمەکە تا ئێستاش لە دۆخی وێرانکاری چاک نەبووەتەوە و دانیشتوانەکەی پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی هەیە و یەکێک لە ماف و داواکارییە سەرەتاییەکانمان دابینکردنی چاودێری تەندروستییە بۆ خەڵک، بەتایبەتی ئەو ئاوارانەی کە بەدەست نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانەوە دەناڵێنن.