تیشکی خۆری بەتین تەندروستی پێست دەشێوێنێت

شنۆ بابە ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری، دەڵێت: پێویستە ژنان زیاتر گرنگی بە پێستیان بدەن و لە تیشکی خۆری سەروبنەوشەیی بیپارێزن، خۆیان بە دوور بگرن لە زیاد بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاری.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ڕۆتینی ژیانی رۆژانە بە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان کە بۆ جوانکاری بەکاردەهێنرێت زیان بە پێست دەگەیەنێت، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا. سیاسەتی بە کاڵاکردن و ڕاکێشانی ژنان بۆ کەرەستەکانی جوانکاری پێکهاتوو لە ماددە کیمیاییەکان و نەبوونی متمانەی خودی لای ژنان زیانەکانی پێویستی زیاتر کردووە، هەروەها تیشکی بەتینی خۆر جوانی و سروشتیبوونی پێست لەدەست دەدات و ئەمەش هۆکاری دیکەی زیادبوونی ڕێژەی بەکارهێنانی میکیاژ و جوانکارییە لەلای ژنان.

 

شنۆ بابە ڕەسوڵ، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری، چەند زانیاریەک دەخاتەڕوو کە پاراستنی پێویست لە زیانەکانی تیشکی خۆر زیاد دەکات، ئامۆژگاری ژنان دەکات کە چۆن خۆیان بپارێزن لە تیشکی خۆر و چارەسەرەکان و ڕێنماییەکانی بەگشتی دەخاتە ڕوو و لەو بارەیەوە دەڵێت: تیشکی خۆری سەروبنەوشەیی مەترسیدارە بۆ پێست، لە کاتژمێرەکانی ١٠ی بەیانی بۆ کاتژمێری ٤ دەستپێدەکات، لەبەر ئەو هۆکارە دەبێت زۆر خۆپارێزی بکرێت لە کاتی چوونە بەر خۆردا، کە دووچاری هەندێک زیانی لاوەکی پێست دەبینەوە.

 

پزیشک شنۆ، ئاماژەی بە زیانەکانی تیشکی خۆری کرد، وتی: تیشکی سەروبنەوشەیی هەستیارە، واتا سووتانەوە بۆ پێست دروست دەکات، دروستبوونی پەلەی پێستی دەموچاو کە زیاتر ژنان دووچاری دەبنەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی خۆرە، چونکە پێستیان هەستیارترە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی کیمیاییەوە.

 

"ئەو نەخۆشیانەی دووچاری پێست دەبێتەوە بە ڕێگای سەردەمیانە چارەسەریان بۆ دەکرێت"

شنۆ بابە ڕەسوڵ ئاماژەی بە چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست کرد، کە بە هۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆر دروستدەبن، دەڵێت: ئەو کەسانەی کە کێشەی پێستیان هەیە، یاخود پەلەیان هەیە لەسەر پێستی ڕووخساریان، یاخود دوو ڕەنگی پێست، هەموو ئەم حاڵەتانە بە ڕێگەی تەندروست و سەردەمیانە چارەسەیان بۆ دەکرێت، هەروەها پاکردنەوەی پێست یەکێکە لە چارەسەرە باشەکان.

 

"دەبێت لە کاتی هەر گۆڕنکاریەک لە پێستدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پزیشکە وتی: سەبارەت بە ژنانی دووگیان کە دووچاری گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا دەبنەوە، کار لە پێستی ڕووخساریان دەکات، ئامۆژگاریم بۆ ئەو ژنانە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەو بارودۆخە کاتییەدا خۆیان بگونجێنن، بەدەر لەوەش کە ژینگەی ئێستا پاک نییە، ئەو گۆڕنکارییەی کە لە هۆڕمۆنەکاندا ڕوودەدات کار لە پێستی دەکات، ڕووخساری دەبێتە پەلە و دروستبوونی حاڵەتی دووڕەنگی پێست بۆیە باشترە خۆیان بەدوور بگرن لە تیشکی خۆر و ئاوی زیاتر بخۆنەوە، چونکە ئاو خواردنەوە بۆ هێشتنەوەی پێست بە گەنجی زۆر گرنگە.

 

"ژنان لە کاتی دووگیاندا گۆڕانکاری لە پێستیاندا روودەدات بە شێوەیەکی کاتی"

هەر لە درێژەی قسەکانیدا شنۆ بابە ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەکرد، وەک چارەسەرکاری پێست ناتوانن لە کاتی دووگیانی ژناندا هەندێک چارەسەریان بۆ بەکاربهێنن، هەتاوەکو کۆتای بە قۆناغی دووگیانەکەی دێت، بەڵام ڕێنماییەکان بە گشتی کە زۆر گرنگە و پێست بە تەندروستی دەهێڵێتەوە، پاراستنیەتی لە تیشکی خۆر، کە بۆ هەموو تەمەنەکان و تەنەنات بۆ پیاوانیش پێویست دەکات و بە شێوەیەکی هەستیار لە بابەتی پێست بڕوانن، سەردانی پزیشکی پسپۆڕی پێست بکرێت لە باردۆخێکدا کە پێویست بکات چارەسەری بۆ بکرێت.

 

لە کۆتایدا شنۆ بابە ڕەسوڵ پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست وتی: داوکارم لە ژنان کاتێک کەرەستەی جوانکاری بەکاردە‌هێنن، شەوان بە ڕووخساریانەوە لێی بکەنەوە و گرنگی بە ئاو خواردنەوە بدەن، خواردنی تەندروست بخۆن، شیرینی بە ڕێژەیەکی دیاریکراو بخۆن بۆ ئەوەی خاوەنی پێستێکی تەندروست و پاک بن و لە تیشکی خۆر خۆیان بپارێزن.