پزیشکێک هۆکارەکانی ژانەسەر لە ژنانی دووگیاندا دەخاتەڕوو

پزیشک خێلان بەرزنجی باس لە هۆکارەکانی ژانەسەر دەکات لە ژنانی دووگیاندا و دەڵێت: زۆر جار هۆکارەکەی سادەیە، بەڵام هەندێجار هۆکاری ژانەسەرەکە نەخۆشییەکە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە مەترسی بۆ دایک وکۆرپەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک خێلان بەرزنجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵان، لە بابەتێکیدا هۆکارەکانی درووستبوونی ژانەسەری لە ژنانی دووگیاندا ڕوونکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە، شوێنی ئازارەکە و مانەوە و تووندی ئازارەکە بە پێی هۆکاری ژانەسەرەکە جیاوازە، زۆر جار هۆکارەکەی سادەیە، بەڵام ڕەنگە هەندێکجار هۆکاری ژانەسەرەکە نەخۆشییەکی مەترسیدار بێت بۆ دایک و کۆرپەکەش بۆیە سەردانی پزیشک لەکاتی بوونی ژانە سەردا پێویستە، بۆ دەستنیشانکردنی هۆکار و دانانی چارەسەر.

 

لە گرنگترین هۆکارەکانی ژانەسەر ئەمانەن:

-كەم خەوی وتێکچوونی خەو: هۆکارن بۆ ژانەسەر لە ژنانی دووگیاندا، بۆیە پێویستی بەوەیە هەشت کاتژمێر لە شەوێکدا بخەون.

 

-وشکبوونەوەی جەستە: کەمی ئاولە لەشدا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکی یەکانی ژانەسەر لە ژنانی دووگیاندا، بەتایبەت ئەوانەی هێڵنج و ڕشانەوەیان هەیە و ناتوانن ئاو وشلەمەنی بەپێی پێویست بخۆنەوە.

 

-کەمکردنەوەی کافایین: هەندێک لە ژنان ڕۆژانە بڕێکی زۆر چا و قاوە دەخۆنەوە، بەڵام لە کاتی دووگیانیدا بە هۆکاری ئەوەی کافایین بە بڕێکی زۆر زیان بەخشە وا پێویست دەکات کەمبکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی جەستەی لەگەڵ کافیین ڕاهاتووە، ئەوا لە کاتی کەمکردنەوەی تووشی ژانەسەر دەبێت.

 

-فشار، ماندوویەتی زۆر، خەفەت، خەمۆکیی هۆکارن بۆ ژانەسەر لە کاتی دووگیانی.

 

-بەرزبوونەوەی فشاری خوێن: ژانەسەر لەکاتی دووگیانیدا، ڕەنگە نیشانەیەکی ترسناک بێت بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و ئەگەر چارەسەری بۆ نەکرێت، دەبێتە هۆکاری مەترسی بۆ دایک وکۆرپەکە.

 

-دابەزینی شەکرەی خوێن: کاتێک کە ژنی دووگیان زۆر برسیبێت، یان بەڕۆژووبێت شەکری خوێنی دادەبەزيت و دەبێتەهۆی ژانەسەر.

-تووشبوون بە ئەنفلوەنزا و هە وکردنی گیرفانەکانی لووت "جیوب"، هۆکارن بۆ ژانەسەر.

 

-شەقیقە جۆرێک لە ژانەسەر، کە لایەکی سەری دەگرێتەوە و هەندێک نیشانەی تایبەتی هەیە.

 

-جەڵتە "دەگمەنە"

 

لە کۆتاییشدا دەربارەی چارەسەر پزیشک خێڵان بەرزنجی ئاماژەی بەوەکردووە، پاش پشکنین و دەستنیشانکردنی هۆکاری ژانەسەرەکە، چارەسەری بۆ دەکرێت.