لە باغلان سیستمی تەندروستی بەهۆی لافاوەوە وێران بووە

خەڵکی پارێزگای باغلانی ئەفغانستان کە بەدەست هەژاری و چەوساندنەوەی تاڵیبانەوە دەناڵێنن، ئێستا بەهۆی لافاویشەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، چونکە لەو شارەدا کە دامەزراوەی تەندروستی تیادا نییە و بە تایبەت ژنان ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە.

بەهاران لاهیب

 

باغلان- لەو پڕۆسەیەی کە بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەستی پێکرد، هەموو مرۆڤەکان بە تایبەت ژنان ناچارن لەژێر فشارێکی زۆردا دەستبەرداری ژیانی خۆیان بن، لە وڵاتێکدا کە هەژاری گەورەترین کێشەیە، لافاو لە وڵاتدا قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە، بەهۆی لافاوەکەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار خانوویش وێران بوون، پارێزگای باغلان لە باکووری وڵاتەکە، یەکێکە لەو شوێنانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی لافاوەکەوە.

 

لە ناوچەی نەهرین و برۆکەی سەر بە پارێزگای باغلان هەژاری و بێکاری و نائومێدی و توڕەیی بەرامبەر بە حکومەتی تاڵیبان لەناو خەڵکدا زیاتر دەبێت، جگە لە کارەساتەکە، خەڵک لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش بێبەشن، لەبەرئەوەی ژنان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن، ڕووبەڕووی چەندین کێشەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئەو ژنانەی دەستیان بە شێوازەکانی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون ناگات، ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی مەترسیدار دەبنەوە.

 

لەگەڵ لافاوەکەدا سەختییەکان زیاتر بوون

شاهپەری واحد لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا یەکەم منداڵی لەدایک بووە، دایکی شاهپەری باسی لەوەکردم کە کچەکەی لە تەمەنی کەمدا بەهۆی هەژارییەوە هاوسەرگیری کردووە و دەڵێت: بەهۆی تەمەنی کچەکەمەوە دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی جەستەی لاواز بووە و بەهۆی ئەوەشەوە منداڵەکەی تەندروست نەبووە، خێزانەکەمان بەهۆی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتووە و هەوڵی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەدەین.

 

ژنێکی دیکە کە بەهۆی لافاوەکەوە ماڵەکەی وێران بووە، باسی لەوەکرد، کوڕە ٣ ساڵانەکەی کێشەی دڵی هەیە و دەڵێت: دوای سەختییەکی زۆر، کوڕەکەم ٦ مانگ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەیەکی ناوەندی شار نەشتەرگەری بۆ کراوە، دەرفەتەکان لە نەخۆشخانە زۆر سنووردار بوون، ئێستا بەهۆی لافاوەکەوە بارودۆخی خراپتر بووە و کێشەی پێستی هەیە و شەو و ڕۆژ دەگری.

 

نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام چارەسەری دەست ناکەوێت

هەوس بیگم ساڵح لەکاتی قسەکردن لەسەر ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی لافاوەکە و نەخۆشییەکانییەوە ناچار بووە منداڵی هەشتەمی لەبارببات و دەڵێت: لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی شاری باغلان نەشتەرگەریم بۆ کراوە، نزیکەی هەموو چارەسەرەکانم خۆم ئەنجاممدا و خۆم دەرمانم کڕی، دوای نەشتەرگەرییەکە هەموو جەستەم ئازاری هەیە و تا ئێستا برینەکانم ساڕێژ نەبوون، لە ناوچەکەمان کلینیکێک هەیە کە بە پێ بۆ ماوەی ٢-٣ کاتژمێر دەبێت ڕێگە ببڕین، دوو پزیشکی لێیە بەڵام پێداویستییەکانیان زۆر سنووردارە، بۆیە هیچ شتێک نییە بۆ ئەوەی بیکەن.

 

ئەو ژنانەی هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی لافاوەکە دەدەن، زۆرترین گلەیی لە شکستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکەن، باسیان لەوەشکرد، دوای لافاوەکە شەوان لە ترس و خەمدا بەڕێدەکەن و دەیانەوێت ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر و سیستمی تەندروستی لەناوچوو دووبارە دروست بکرێتەوە.