"خۆراکی هەمەچەشن لە خۆراکی خۆماڵیدا بنەمای خۆراکی تەندروستە"

چیمەن ساڵح، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: ئەگەر بەراورد بکرێت خۆراکی خۆماڵی زۆر باشترە و سودی تەندروستی بۆ جەستە زیاترە لە خۆراکی هاوردە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- خۆراک بەشێكی گرێدراوی تەندروستی مرۆڤە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سیستمی بەرگری و کۆئەندامەکان هەیە، زیادبوونی ڕێژەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و سەکتە و دەیان نەخۆشی دیکە هۆکارەکانی ناڕێکی سیستمی خۆراک و خواردنی ناتەندروست و بەرهەمهاتووە بە ماددەی پارێزەر و کیمیایی.

 

خۆراکی خۆماڵی و هاوردە لە ڕووی پێکهاتە و شێوازی پەروەردەکردنیانەوە جیاوازییان هەیە، چونکە کوردستان زەوی بەپێتە و خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ کردن گونجاوە، ئەو بەرهەمە خۆراکییانەشی وەک بەرهەم دەیدات، تەواو سروشتییە و تا چەند ساڵی ڕابردووش جوتیاران ماددەی کیمیاییان بۆ پێگەیاندنی بەرهەمەکانیان بەکارنەدەهێنا و ماددەی پارێزەریان بۆ زیاتر مانەوەی بەرهەمەکان تیایدا نەبووە.

 

لە جۆری خۆراکی هاوردەشدا وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا، پشکی شێری قۆرخکردنی بازاڕی ئابووری هەرێمی کوردستانی بەردەکەوێت، کە لە هەموو بەرهەمەکانی خۆی خستووەتە بازاڕەوە و شێوازی دروستی تەندروستی و بەرزی کوالێتییەکەی لای هاوڵاتیان ڕوون نییە، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش بە دەرمان و ماددەی کیمیایی پەروەردە دەکرێن و زیانی تەندروستی بۆ مرۆڤ هەیە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان زیاتر لە دەرەوەی وڵاتەوە خۆراکەکانی هاوردە دەکات، کە جیاواز لە زیانە تەندروستییەکانی، کاریگەری سیاسی و ئابووری هەیە لە خۆراکەکەنیاندا و زۆرجار مەرامی سیاسی وڵاتانی دراوسێ لە خۆرکدا جێبەجێ دەکرێت، بە بەکارهێنانی ماددەی کیمایی بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای سەردەمی.

 

چیمەن ساڵح، پسپۆڕی خۆراک و مامۆستای زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە بنەمای خۆراکی تەندروست ڕوونی کردەوە، بنەمای خۆراکی تەندروست ئێستا لە هەموو جیهاندا ئەوەیە کە هەموو جۆرە پێکهاتەی خۆراکەکانی تێدا بێت، کە باشترین خۆراک سەوزەواتەکانە، ئەگەر بە تەنها خۆراکی سەرەکیمان سەوزەکان بێت، ئەوا تەندرست نییە، لەبەر ئەوە بنەمای خۆراکی تەندروست واتا خۆراکی هەمەچەشنە و هەموو ڕۆژێکیش هەوڵبدرێت جۆری خۆراکەکان بگۆڕدرێت".

 

دەربارەی جیاوازی خۆراکی خۆماڵی و هاوردە وتی: کە باس لە خۆراکی تەندروست دەکرێت، دەبێت باس لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی بکرێت، خۆراکی خۆماڵی زۆر تەندروستترە و گاریگەری تەواو دەکاتە سەر تەندروستی جەستە، خۆراکی دەرەوەش ئەگەر بە کوالێتی کۆنترۆنتڕۆڵدا تێپەر بکڕێت و پشکنینی بۆ بکرێت بە باشی بزاندرێت لە سەرچاوەیەکی ڕاستەوە هاتووە، ئەوانیش دەتوانرێت بەکاربهێنرێت رۆژانە بخورێن، بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت خۆراکی خۆماڵی زۆر باشترە و سودی تەندروستی بۆ جەستە زیاترە لە خۆراکی هاوردە.

 

"پزیشکی خۆراک ناتوانێت پەیڕەوی سیستمی خۆراک بۆ چەند کەسێکی ئەندامی یەک خێزان دابنێت"

 لە ڕووی چۆنیەتی وەرگرتنی ڤێتامین و پرۆتین و کاربۆهیدراتەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە جەستەی مرۆڤ جەستەیەکی تاکە کەسییە واتە جەستەی کەس لە کەسێکی تر ناچێت لە ڕووی وەرگرتنی پێکهاتە خۆراکییەکانەوە، ناتوانرێت پزیشکی خۆراکی بەرنامەیەک دیاری بکات بۆ کەسێک کە چەند خێزانێک پەیرەوی ئەو بەرنامە خۆراییەک بکات، ئەمە هەڵەیەکی تەندروستی گەورەیە، ڕۆژانە گۆرانکاری لە جەستەی مرۆڤ ڕوودەدات، بەڵام ئەو بەرنامانەی کە ڕێژەی وزە و کالۆری دیاری دەکات، بۆ نمونە ٠.٨ لە ١ گرامدا، ڕێژەی پرۆتینات و کاربۆهیدراتەکان ٪٤٥ تاوەکو ٦٥٪ن، ئەم ڕێژانە دەکرێت لە خواردنەکاندا جێگیر بن و بۆ کەسی ئاسایی دروستە، واتا کێشەی تەندروستی نەبێت.

 

چیمەن ساڵح، دەربارەی خۆراکی هاوردە وتی: هەر خۆراکێک کە دێتە ناوەوەی سنوری کوردستان دەبێت بە کوالێتی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕ ببێت، پشکنین بۆ خۆراک بکرێت لە ڕووی فیزیایی و کیمیاییەوە، ئینجا بگاتە دەستی خەڵک، هەروەها لە ناوەی وڵات ئەو خۆراکانەی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن ماددەیەی کمیایی بەکاردەهێنرێت بۆ زیاتر مانەوەی خۆراکەکان بەتایبەت خۆراکی لە قتونراو، ئەمانە کاریگەرییان بۆ تەندروستی جەستە هەیە، کە هۆکارێکە بۆ دروستبوونی شێرپەنجە و ناتەندروستی لە جەستە، کە لە ئێستادا خۆراک بەشێکی سەرەکی هۆکاری نەخۆشییە درێژخایەنەکانە، کە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە ساڵ بە ساڵ ڕوو لەزیادبوونە، بە تایبەت لەناو منداڵاندا زۆر زیاتر بەر بڵاوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا چیمەن ساڵح پسپۆڕی خۆراک ئاماژەی بەوەدا، جەستە کە ژەهراوی دەبێت بەهۆی خۆراکەوەیە، یەکەم هەنگاو خۆپارێزییە، ئەو خواردنانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەرکرێن کوالێتی و شێوازی بەرهەمهێنانیان دڵنیاکەرەوە نییە، هەروەها ئەو خۆراکانەی ڕەنگ و تام تێکەڵ دەکەن، هەوڵبدرێن دووربخرێنەوە و نەخورێن، ئەو دێتۆکسانەی بۆ لەش بەکاردەهێنرێت، باشترینان دێتۆکسی سەوزەکانە، دەتوانرێت بەشێوازی زەڵاتە بخورێت و میوە مزرەمەنییەکان کە دەوڵەندن بە ڤێتامین "C" هەروەها خواردنەوەی ئاو رۆژانە بە بڕێکی دیاریکراو سودی زۆریان هەیە لە پاراستنی جەستە لە ژەهراوی بوون.

 

دوا پەیامی چیمەن ساڵح، وەک پسپۆڕی خۆراک بۆ ژنان ئەوەیە، گرنگی بە خواردنی خۆماڵی بدرێت و خواردنی تەندروست بخورێت، هەمیشە سەوزە و میوە لە ژەمە خۆراکییەکاندا هەبێت، هەوڵبدرێت خواردنی باشترین خۆراک بەکاربهینن، لە بەهاردا گیا بەهارییەکان هەمەجەشنن کە سودییان بۆ تەندروستی هەیە و لە ژەمەکەنیدا بەکاربهێندرێت، هەمیشە رێژەی قەڵەی ڕابگیرێت و تەندروستی جەستە بە گرنگترین دابنرێت.