ئەو بارودۆخانەی مرۆڤ توشی سکچوون و ڕشانەوە دەکەن

هەندێک کات مرۆڤ لە گەرما و بەهۆی بەکارهێنانی خۆراکی پیس و چەندین هۆکاری دیکە توشی نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە دەبێت، لەو کاتانەدا نابێت بێ ئاگاداربوونی پزیشک دەرمان بەکاربهێنێت، بەڵکو هەندێک چارەسەری سەرەتای هەیە توشبوو دەتوانێت ئەنجامی بدات.

 

ناوەندی هەواڵ

سکچوون و ڕشانەوە نەخۆشییەکە ئەگەر بە کاتێکی کەم چارەسەر نەکرێت، توشبووەکە ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، نەخۆشیەکە زیاتر لە وەرزی بەهار و هاویندا بڵاودەبێتەوە، واتە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ڕێژەی توشبووانی زیاد دەکات بە تایبەت لە منداڵان.

 

کاتێک هەوکردنی میکرۆب لە کۆئەندامی هەرس کە ئەندامەکانی گەدە، ڕیخۆڵە باریکە و ئەستوورە دەگرێتەوە، ڕوودەدات، زۆر کات ئەم هەوکردنە دەبێتە هۆی نەخۆشیەک پێی دەوترێ "سکچوون و ڕشانەوە"، زیاتریش لە منداڵدا دەردەکەوێت.

 

ساڵانە زیاتر لە ملیارێک دانیشتوانی گۆی زەوی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، دەبێتە ھۆی مردنی زیاتر لە ملیۆنێک کەس کە زۆربەی منداڵانن، لە زۆرباردا بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ڕێژەی توشبووان زیاد دەکات، پیسبونی سەرچاوەی ئاو، خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا، گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا هۆکاری دیکەی توشبوونن بە سکچوون و ڕشانەوە.

 

هۆکارە سەرەکیەکانی توشبوون بەم نەخۆشیە:

یەکێک لە هۆکارەکان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە کە ڕێژەی توشبوون زیاد دەکات، بەتایبەت کە تیشکی خۆر و گەرما کاریگەری لەسەر زوو تێکچوونی خواردن دەبێت، ئەوکاتە دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی خواردنەکە و بەهۆیەوە ژەهراوی بوون و کچوون و ڕشانەوە ڕوودەدات، بەڵام جگە لە گەرما هەندێک هۆکاری دیکە هەن وەک، پیسبونی سەرچاوەی ئاو، خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا، گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا.

 

جگە لەمانەش چالاکبوونی ڤایرۆسی "ڕۆتا ڤایرۆس" لە بەهار و هاویندا، ڤایرۆسەکانی وەک norovirum , calcivirun, rota and adeno viru ect، بەکتریاکانی compylobact، salmonella،shigella ، E coli ect، مشەخۆرەکان بە Entamoeba histolytica, Giardia lamblia and cryptosporidium

 

هەروەها، مادە کیمیایی وەک ژەھراوی بوون بە قوڕقوشم، هەندێک لە دەرمانی چارەسەری پزیشکی دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشیە.

 

هەموو نەخۆشیەک لە چەند ڕێگایەکی جیاوازەوە دەگوازرێتەوە، سکچوون و ڕشانەوەش لە ڕێی هەوا، خۆرای پیسبوو هەروەها بەکارهێنانی کەل و پەلی توشبووەکە دەگوازرێتەوە.

 

نیشانە سەرەکیەکانی

نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە بریتین لە سکچوونێکی بەردەوام، هێڵنج و ڕشانەوە، ئازاری ناوسک و ڕیخۆڵەکان، هەبوونی غازاتێکی زۆر، نەمانی ئیشتیهای خواردن، بوونی خوێن یان لینجی لە پیساییدا لە ھەندێ کاتدا و هەبوونی ئازارێکی زۆری جەستەیی.

لە منداڵدا نیشانەکان کەمێک گۆڕانکاریان بەسەردا دێت بۆ نمونە، کەم بوونەوە یان نەمانی فرمێسک لەکاتی گریان، لەمنداڵانی خوار یەک ساڵ نەرمایی مەڵاشوویی منداڵەکە چاڵ دەبێت، بەقووڵداچوونی چاوەکانی.

 

خۆپاراستن و چارەسەرکردن

خواردنی زۆر کوڵاو و سەرداپۆشراو، کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە، شتنی هەموو ئەو سەوزە و میوانەی دەخورێن، دوور بوون لە کەل و پەلی ئەو کەسانەی توشی نەخۆشیەکە بوون.

بۆ چارەسەرکردن، سەرەتا پێش ئەوەی سەردانی پزیشک بکەیت پێویستە خۆت هەندێک هەنگاو بنێیت بۆ باشبوون وەک، خواردنی زیاتری شلەمەنی، مانەوە لە جێگای فێنکدا، بەکارھێنانی پاودەری تایبەت ORS و گرتنەوەی ھەر کیسێک لە یەک لیتر ئاوی پاکدا و خواردنەوەی پەرداخێک لە دوای ھەر سک چوونێک.

 

بەکارھێنانی ھەندێک دەرمانی ڕێگەپێدراو وەک، لۆپیرەماید بۆ سکچوون، پاراسیتامۆڵ بۆ ئازار، بەڵام بەکارھێنانی دەرمانی دژە میکرۆب دەبێت بە ڕاوێژی پزیشک بێت، هەروەها نابێت دەرمانی وەستاندنی سکچوون بەکاربهێندرێت.

 

ت.پ