بەهۆی کۆمەڵگەوە ژنان دەبنە قوربانیی کەرەستە جوانکارییەکان

لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا دەست بەسەر تۆنێک لە کەرەستەی جوانکاری لە ڕێگای ئۆنلایندا گیراوە، ژنانیش هۆکاری بەکارهێنانی ئەم کەرەستە جوانکارییانە بۆ کۆمەڵگا دەگێڕنەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ماوەی چەند ساڵێکە بەکارهێنانی بەرهەمە جوانکارییەکان بووەتە باو لە جیهاندا، لە هەرێمی کوردستان ژنان و پیاوان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویان تێکردووە، دەیان پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕیکلام و بانگەشە بۆ سەدان جۆر دەرمان بۆ گەورەکردن یاخود بچوککردنەوەی بەشێک لە جەستە دەکەن.

لە ڕۆژی ١٧ ئەم مانگەدا هێلین ئەحمەدی تەمەن ١٩ ساڵ لە شاری هەولێر بەهۆی خواردنی حەبێک بۆ جوانکاری توشی گرفتی جەستەیی دەبێت و پاش شەش ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

 

ئەو دەرمانە جوانکارییانە زۆرینەیان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە دەفرۆشرێت، بە کوالێتی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕێت و لە دەرمانخانەکاندا نافرۆشرێت، چەندین زیانی بۆ گەدە، گورچیلە، ڕیخۆڵە و جگەر هەیە، ئاوتێزان زیاد دەکات، ئەمەش زیان لە تەندروستی کەسەکە دەدات.

چەند لەو ماددانە دەستیان بەسەردا گیراوە؟

بەپێی ئاماری لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا تۆنێک لە دەرمانی جوانکاری کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەفرۆشرێن دەستی بەسەرداگیراوە.

هاوکات لە ئارایشتگاکاندا دەست بەسەر هەشت هەزار و ٩٢٦ دەرمانی ڕێگە پێنەدراودا گیراوە، هەروەها دەست بەسەر دوو هەزار و ٦٣٠ پارچە حەبی بێ بەروار گیراوە، سەردانی ٦٧٦ ئارایشتگا کراوە، ١٧٨ سەرپێچی، ٨٩ ئاگاداری و ٢٣ داخستن کراوە.

 

بەپێی ڕێنماییەکانی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەگەر دەستبەسەر دەرمانی خراپ و بەسەرچوودا لە شوێنێکدا بگیرێت، ئەوا لە سەرەتادا ئاگادارکردنەوە دەکرێت، دواتر پسوڵەی سەرپێچی بە پێی ئەو ماددە خراپ بووەی هەیەتی بۆی دەکرێت، دواتر داخستن و لە کۆتا هەنگاویشدا دەدرێتە دادگا و سزا دەدرێت.

 

"هۆکاری جوانکاری قسەی کۆمەڵگایە"

ژنان دەبارەی ئەم کەرەستانە ڕای جیاوازییان هەیە، هۆکاری بەکارهێنانی ئەم دەرمانەنە بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، دەڵێن بەهۆی قسەی خەڵکەوە ژنان ناچار دەکرێن خۆیان وەک مۆدێلەکان لێبکەن، بۆ جوانبوونیان ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن.

پەیام نەریمان، ژنێکی گەنجی شاری سلێمانییە، باس لەوەدەکات کە بەهۆی قسەی خەڵکەوە ژنان جوانکاری دەکەن، زۆرجار لەلایەن کەسوکارییانەوە ڕەخنەیان لێدەگیریت کە جوانکارییان نەکردووە، وەک ئەو ژنانەی کە کاری مۆدێل دەکەن گرنگی بە خۆیان نادەن.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە پەیام بۆ چاولێکەری دەیگەڕێنێتەوە، کە زۆرجار بەهۆی قسەی کۆمەڵگاوە بەردەوام بە ژنێک دەوترێت تۆ جوان نیت، جوانکاری بکە و جەستە و ڕوخسارت دەستکاری بکە.

پەیام ئیسماعیل ژنێكی دیکەیە، ئەوە دەخاتەڕوو کە کەس نازانێت ئەو دەرمانانە لە کوێ و کێ دروستی کردوون، لەچی پێکهاتوون، چ زیانێکی هەیە، "ئەو دەرمانانە باوەڕپێکراو نین، ئەگەر کوالێتییان باشە بۆچی لە دەرمانخانەکان نافرۆشرێن".

فاتمە عەلی، ژنێکی ٥٢ ساڵە، ڕەخنەی زۆری لە ژنانی گەنج هەیە، کە ڕوخسار و جەستەیەکی سروشتییان نییە، دەشڵێت پێویست ناکات بە کۆمەڵێک لە دەرمان شێوەی خۆیان تێکبدەن، ئێمە بەو شێوەیە جوانین کە هەمانە.

 

ئەو باس لە ڕۆژانی گەنجی خۆی دەکات، زۆرترین کەرەستەی جوانکاری ئەوان خەنە و کلی چاو بووە، بەڵام ئێستا دەیان جۆر ماددە هەیە، کە زیانی بۆ تەندروستی هەیە، جگە لەوەی زیانی ئابووری دەدات لەو کەسەی دەیکرێت، "ئەمە تێکدانی جوانی سروشتی خۆتە".

 

"ئەو دەرمانانە بە کوالێتی کۆنتڕۆڵدا ناڕۆن"

ئەم دەرمانانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ڕیکلامیان بۆ دەکرێت وەک لیژنەکانی قائیمقامیەت ڕایدەگەیەنن، زۆرینەیان نازاندرێت لە چی پێکهاتووە، لە کوێ درووستکراوە، کات دەرچوون و بەسەرچوونی لەسەر نییە.

ڤیان عومەر نوێنەری تەندرستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە بە کۆمەڵێک میکانیزمی تایبەت دەچنە ئەو شوێنانەی کە دەرمان بەشێوەی ئۆنلاین دەفرۆشن، دواتر دەستیبەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبرێت، خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

 

ئەو ئەندامەی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، دەڵێت بەردەوام هاوڵاتیان داوای بەدواداچوون بۆ شوێنەکانی فرۆشتنی جوانکاری دەکەن، ئەو دەرمانانەی کە دەفرۆشرێن بە کوالێتی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕن، ئەو کەسانەی ئەو کارانەش دەکەن کەسانی نەشارەزا و پسپۆڕن، داواش لە هاوڵاتیان دەکات بەهیچ شێوەیەک ئەو دەرمانانە بەکارنەهێنن.

 

ئەو تانە و تەشەرانەی لە کۆمەڵگەدا لە ژنان دەکرێت، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ژنان تا هەوڵبدەن ماددەی زیانبەخشیش بێت بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی بە دڵخوازی کۆمەڵگە بن، سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵەیتی پیاوان تەواوی هەوڵی خۆیان داوە ژنان بە پێی خواستی خۆیان بنەخشێنن، نەبوونی هۆشیاری ژنان لەو بوارەشدا وایکردووە کە بە ئاسانی بەکاربهێنرێن و تەنانەت گیانی خۆشیان لەو پێناوەدا دابنێن، وەک هێلینی ١٩ ساڵ کە بە هۆی خواردنی حەبی قەڵەوییەوە گیانی لەدەستدا.

 

ت.پ