هۆڵیود سمایڵ، پارێزگاریکردن لە ددان یان یارییەکی سیستمی سەرمایەداری

بەشێکی هاوڵاتیان ڕوویانکردووەتە ئەنجامدانی جوانکاری ڕوخسار، هۆڵیود سمایڵیش یەکێکە لەو جوانکارییانەی لە هەرێمی کوردستان ئەوەندەی لە پێناو جوان دەرکەوتندا ئەنجام دەدرێت، بەو ڕادەیە لە پێناو هەبوونی ددانێکی تەندروست ئەنجام نادرێت.

بەشێکی هاوڵاتیان ڕوویانکردووەتە ئەنجامدانی جوانکاری ڕوخسار، هۆڵیود سمایڵیش یەکێکە لەو جوانکارییانەی لە هەرێمی کوردستان ئەوەندەی لە پێناو جوان دەرکەوتندا ئەنجام دەدرێت، بەو ڕادەیە لە پێناو هەبوونی ددانێکی تەندروست ئەنجام نادرێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی-بە هۆی ئەوەی ئێستا تەکنەلۆژیا و سیستمی تەندروستی پێشکەوتووە، جوانکاری بووەتە بەشێکی گرنگی ژیانی هاوڵاتیان لە نێویاندا هاوڵاتیانی کوردستان، کە گرنگی تەواو بە لایەنی جوانکار دەدەن.

هۆڵیود سمایڵ یەکێکە لەو جوانکاریانەی هاوڵاتیان ئەنجامی دەدەن لە پێناو دەرکەوتنی ڕوخسارێکی جوان، سیستمی سەرمایەداری بە جۆرێک کاری لە تاک بە تاکی کۆمەڵگا کردووە گوێ نادەن بە زیانەکانی جوانکاری تەنها لە پێناو دەرکەوتنی جوانی ڕوخسار، بەڵام لە هەندێک کاتیشدا وەک چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێت.

 

هۆڵیود سمایڵ چییە؟

دکتۆر شکار لەتیف پسپۆری جوانکاری ددان، چاندن و هۆڵیود سمایڵ، چۆنیەتی دانانی هۆڵیود و جۆرە جیاوازەکانی ڕووندەکاتەوە:

ئەم جۆرە جوانکارییە لەو کاتەوە سەریهەڵداوە کە ئەکتەرانی هۆڵیود، لەپێناو جوانترکردنی ڕووخسار و ددانیان هەڵدەستان بە ڕێککردنەوەی ددانیان و ئەم ناوەوە لەوانەوە سەری هەڵداوە، بەڵام لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە جوانکارییە جیهانییەکان و هاوڵاتیان ڕۆژ بە ڕۆژ خواستیان بۆی زیاد دەکات.

مەبەست لە هۆڵیۆد سمایڵ، جێگرتنەوەی ئەو ددانانەیە کە لە کیس چوون هەروەها پیشاندانی ڕووخسارێکی جوانترە بەو کەسەی ئەنجامی دەدات.

یاخود هەندێک کات ددانەکە ناڕێکی تێدایە و دەتوانرێ لەم ڕێگەیەوە بۆی ڕێکبکرێتەوە، لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا ڕەنگی ددانەکە زەرد بووە یاخود بۆر بووە بە هۆی "کلۆر، پێکهاتەی دان یان پڕکردنەوەی زۆر"ەوە بێت، بە ئەنجامدانی هۆڵیود سمایڵ ددانەکە سپی دەبێتەوەو ڕێک دەبێتەوە.

ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی ئەنجام بدرێت، وەک پارێزەرێکی ددان وایە کە ناهێڵێ بەکتریا بچێتە ناو ددانەکەوە و کلۆر بکات، هەروەها ئەگەر بە ماددەی باش ئەنجام بدرێت ڕەنگی ناگۆڕێ، بەڵام ئەگەر شتی ڕەقی پێ بخورێت و عەزێتی بدات ئەگەری شکاندنی هەیە، هەروەها پێویست دەکات ئەو کەسەی هۆڵیود دادەنێت فڵچەی تایبەت بە هۆڵیودیش بەکاربهێنێت.

 

"لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، پێویست ناکات هۆڵیود سمایڵ دابنرێت"

دکتۆر شکار سەبارەت بەو تەمەنانەی کە پێویستە هۆڵیود سمایڵ بکەن دەڵێت" لە پێش ١٨ ساڵ هیچ کەسێک پێویست ناکات ئەم جۆرە جوانکارییە ئەنجام بدات، چونکە هێشتا کەسەکە لە قۆناغی گەشەکردنیدایە و ئەکرێت شکڵی ددانەکەی بگۆڕدرێت".

دەربارەی ئەو منداڵانەی لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵ ئەم جوانکارییە ئەنجام دەدەن پێویستە لەلایەن دکتۆرەوە ڕێنمای بکرێن و ڕێگریان لێبکرێت، چونکە پێش ١٨ ساڵی هەر ناڕێکیەک هەبێت لە ددانا لە ڕێگەی تەلی ڕێککردنەوەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت.

دکتۆر شکار، بە شێوەیەکی گشتی باس لەوەدەکات هەر کەسێک ڕێککردنەوەی ددانی پێویست بێت و تەمەنی زۆر نەبێت ڕێککردنەوە لە ڕێگەی "تەل" بکات باشتر و زانستیترە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان هەیە و ناڕێکی ددانیان زۆر کەمە دەتوانن لە ڕێی هۆڵیود سمایڵەوە ڕێککردنەوەی ددان بکەن.

 

جۆرەکانی هۆڵیود سمایڵ چین؟

بە چەند ڕێگایەکی جیاواز جوانکاری هۆڵیود سمایڵ ئەجام دەدرێت، یەکێک لەوانە یەکسەرە و پێی دەوترێ "سناپ ئۆن سمایڵ" واتە ددانەکان هیچی لێناگیرێت، ئەم جۆرە کاتییە و ئەوکەسەی ئەنجامی دەدات دەتوانێت بەس ئەوکاتانەی لەناو خەڵکی دایە یاخود لە چونەدەرەوەیەکدا بەکاری بهێنێت و لە ڕێی دەرمانی تایبەتییەوە بە پوکەکەوە جێگیر ناکرێت.

جۆرێکی دیکە هەیە پێی دەوترێ ئیماکس، ئەمیش دوو شێوازی هەیە، شێوازێکیان بە تەواوی ددانەکە دادەپۆشێت و وەک کیفێک دەکرێت بە ددانەکەیا، لە حاڵەتێکدا دەکرێت ددانەکە زۆری لێشکابێت، پڕکردنەوە و دەمار بڕینی بۆکرابێ، شێوازەکەی دیکە تەنها وەک توێکڵێک دەکرێت بە ددانەکەوە و بە تەواوەتی ددانەکە ناگرێت، لەو حاڵەتانەدا ئەنجام دەدرێت کە ددانەکە ماوە بەڵام تەنها بۆ ڕێککردنەوەیەکی ئاسایی و شاردنەوەی ڕەنگی ددانەکە، هۆڵیودەکە ئەنجام دەدرێت.

سیرامیک جۆرێکی دیکەیە لە جۆرەکانی هۆڵیود سمایڵ، لەوکاتانەدا ئەنجام دەدرێت کە ددانەکە زۆری لێکێشرابێت، بە شێوازێکی یەکسەری بۆی دروست دەکرێت.

جۆری کۆتایی بریتییە لە زڕگۆن کە ئەویش ددانەکە دەبێت زۆری لێبگیرێت یان لەو حاڵەتانەدا ئەنجام دەدرێت کە کەسەکە ژمارەیەکی زۆر لە ددانی نەمابێت.

 

ئایا هۆڵیود سمایڵ زیانی هەیە؟

لە وەڵامدا دکتۆر شکار وتی "زیانی هۆڵیود، کەتووەتەوە سەر ئەوەی ددانەکە چەنی لێدەگیرێت، ئەو جۆرانەی کەمی لێدەگیرێت زیانیان نییە بەڵام هەندێک جۆر ددانەکە زۆری لێدەگیرێت ئەوە زیان بە کەسەکە دەگەیەنێت".

وتیشی: لە هەندێک حاڵەتدا پزیشکەکە لە پێناو دەرکەوتنی کارەکەی خۆی بە جوانی، زۆر لە ددانەکە دادەتاشێت، بەمەش ددانەکە مینای تەواوەتی لەدەست دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیلتیهاباتکردنی ددانەکە و دواجار دەبێت فڕێ بدرێت.

 

جوانکاری ڕووخسار وای کردووە هاوڵاتیان تەندروستی خۆیان لەبیربکەن

هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا هاوڵاتیان ئاستی هۆشیاریان بەرزبووەتەوە لە خزمەتکردنی دانەکانیاندا بەڵام هەندێکیان زیادەڕەوی تێدا دەکەن و بێ گوێدانە تەندروستی و زیانگەیاندن پێیان، ڕوو لە دانانی هۆڵیود سمایڵ دەکان تەنها لەپێناو دەرکەوتنی ڕوخسارێکی جوانتر، لە کاتێکدا دانەکانی خۆیان تەواو تەندروستە.

کۆمەڵگا و سیستمی سەرمایەداری وای کردووە خەڵکی هێندەی گرنگی بە ڕوخسار و جوانی بدەن گرنگی بە تەندروستی نەدەن هۆڵیود سایڵیش بەشێکە لەو جوانکاریانەی هاوڵاتیان بێ ئەوەی پێویستیان بێت ئەنجامی دەدەن.

 

"هەندێک دکتۆر بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی خراپ، متمانەی هاوڵاتیانیان بۆ دانانی هۆڵیود لە کوردستان نەهێشتووە"

دکتۆر شکار لەوبارەیەوە دەڵێت " زۆر کەس هەن ددانیان ڕێکە و خواری تێدا نییە هەروەها تەواو سپی و تەندروستە تەنها لەبەر مۆدێل و ئەوەی بڵێ هۆڵیودم کردووە داوا دەکات بۆی ئەنجام بدەین".

بە وتەی دکتۆر شکار لە ئێستادا کوردستان خاوەنی ماددەی باشە بۆ دانان و دروستکردنی هۆڵیود سمایڵ بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە هاوڵاتیان ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن بە تایبەت وڵاتی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە جوانکارییە.

هەروەها لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوەی هەندێک لە دکتۆرەکان ماددەی باش بەکار ناهێنن، متمانەی هاوڵاتییان لەدەستداوە بۆیە خەڵکی کە دەبینێت بە سەرکەوتوویی بۆیان ئەنجام نەدراوە دەچنە دەرەوەی وڵات.