کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا تا کەی بەردەوام دەبێت؟

نەخۆشخانەی هیوا، هیوایەکە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، بەڵام ماندووبوونێکی بێکۆتایە بۆ ئەو کارمەندەکانی کە شایستە داراییەکانیشیانی پێ ڕەوانابیندرێت، هەرچەندە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دابینکردنی پارەی بۆ نەخۆشخانەکە داوە، بەڵام تا ئێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نەخۆشخانەکە نییە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- نەخۆشخانەی هیوا، تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بێبەرامبەرە، لە سەرەتای دامەزراندییەوە تا ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە کێشەی کەمی دەرمانی هەیە، سەرباری ئەوەی کێشەی پێنەدانی مووچەکانیان لەبری نۆرینگە کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە بەردەوامە، چونکە کارمەندانی ئەم نەخۆشخانەیە بە دوو شەفت و هەمان مووچە کاردەکەن.

 

لە ڕۆژی ١٤، ١٥، ١٦ ئەم  مانگەدا کارمەندانی نەخۆشخانەکە دژی پێنەدانی مووچەکانیان لەبری نۆرینگە، مانگرتنیان لە کارکردن ئەنجامدا، لە ڕۆژی ١٦ مانگەدا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و ئابوری و دارایی هەرێمی کوردستانەوە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان درا.

 

کێشەی کەمی دەرمان

میلاکی نەخۆشخانەی هیوا لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی دیکە زیاترە، ئەمەش لەبەر گرانی نرخی دەرمان و پشکنین و پێداویستییە پزیشکییەکان، بەپێی وتەی سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ماوەی شەش مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کڕینی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا تەنها لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٥١٧ نەخۆشی نوێ تۆمارکراوە، هەروەها بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری تەنها ٪٢ شایستە دارایی ئەو کۆمپانیایانە خەرجدەکات کە دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە دابیندەکەن، لەبەر ئەوە کۆمپانیاکان دابینکردنی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەکە ڕاگرتووە.

 

نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوادا، جگە لەوەی نەخۆشانی شێرپەنجەی خستووەتە ژێر بارێکی قورسی داراییەوە، ناڕەزایەتی لای هاوڵاتیان لێکەوتووەتەوە، کە هەوڵ هەیە بۆ بە تایبەتکردنی نەخۆشخانەی هیوا، بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوڵاتیان هەڵمەتێکیان بە هاشتاگی (بێ هیوامان مەکەن)یان ڕاگەیاندووە.

 

لە کەلارەوە دێتە سلێمانی بۆ نەخۆشخانەی هیوا

ترسی بە ئەهلی کردنی نەخۆشخانەی هیوا، بووەتە خەمێکی گەورە بۆ نەخۆشەکانی ئەم نەخۆشخانەیە، حەیات ئەحمەد، ماوەی چوار ساڵە مانگانە بەردەوام لە کەلارەوە دێتە نەخۆشخانەی هیوا، شێرپەنجەی خوێنی هەیە، هاوسەرەکەی پێشمەرگەیە، نزیکی ٢٠ ڕۆژە دەرمانەکانی وەرنەگرتووە.

 

حەیات وەک خۆی دەڵیت نرخی دەرمانەکانی زۆر گرانە، سەروو هەزار دۆلارە، لە ماڵەوەش توانای دابینکردنی ئەو پارە زۆرەی نییە، دەڵێت "ئەگەر دەرمانەکان ببێتە پارە نایکڕم، با بمرم، پارەم نییە دەرمانی پێبکڕم".

 

بەیان ئەحمەد، ژنێکی دیکەیە هاوژینەکەی ماوەی ساڵێکە نەخۆشە، دەترسێت ئەگەر نەخۆشخانەکە ببێتە ئەهلی بۆ هاوڵاتیان زەحمەت دەبێت دەرمانەکانیان دابین بکەن، هاوڵاتیانیش توانای کڕینی دەرمانەکانیان نییە، داواشدەکات نەخۆشخانەکە دانەخرێت.

وەزارەتی دارای خۆی لە کێشەکان بێبەری کرد

دوای بەردەوامی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا، ڕۆژی ١٩ی مانگ بەرپرسانی سیاسی و ئیداری لە پارێزگای سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکایاندا، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازیشدا وەزارەتی دارایی و ئابوری خۆی لە کێشەکانی نەخۆشخانەکە بێبەری کرد، وەزارەتی تەندروستیش دڵنیایدا، بەهیچ شێوەیەک نەخۆشخانەکە ناکرێتە ئەهلی.

 

میدیا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژینگە و تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەکەوە ڕایگەیاند، کێشە و ململانێ سیاسییەکان دۆخی هاوڵاتیانیان تێکداوە، چونکە هەر کەسێک بۆ بەرژەوەندی خۆی کاردەکات، ئەوەی زەرەر دەکات هاوڵاتیانن، هیچ بەرپرسێک لەم دۆخەدا زەرەر ناکات.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا، ٢٠ی حوزەیران، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دیناری بۆ خەرجی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک تەرخانکردووە، هەروەها بڕی ملیارێک و ٢٧ ملیۆن دینار لەبری نۆرینگە بۆ کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکان تەرخانکراوە، بەمەش کێشەی کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە چارەسەرکراوە.

 

"دەرمانی شێرپەنجە وەک کاڵاکانی دیکە دەکڕدرێت"

دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا هۆکاری کەمی دەرمانی گەڕاندووە بۆ ئەو ڕۆتیناتەی لە کڕینی دەرمانەکاندا هەیە، بەڵام بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ کڕینی دەرمانی شیرپەنجە وەک کاڵاکانی دیکە وایکردووە کێشەکی کەمی دەرمان دروستببێت، پێشی وایە کێشەی کەمی دەرمان هەر ڕووبداتەوە.

 

دکتۆر یاد گەشبینە بە چارەسەرکردنی کێشەی نەخۆشخانەکان، هەروەها بە پێویستی دەزانێت، بەشێک لە کارەکانی کەرتی تەندروستی بکرێتە لامەرکەزی، تا کڕینی دەرمانە شێرپەنجەییەکان لە کاڵاکانی دیکەی تەندروستی جیابکرێتەوە.

 

"پێویستە کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێن"

پێچەوانەی گەشبینی یاد نەقشبەندی، خۆشی حامید لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا، باس لەوەدەکات کێشەکان بەردەوام دەبن تا کێشەکان لە بنەڕەتدا چارەسەر دەکرێت.

 

وەک پێشنیارێک پێی وایە ئەگەری کڕینی دەرمان بە پلان و تەندەرین بێت و ڕۆتینات لە کڕینی دەرماندا نەمێنێت، وە ساڵانە بودجەی پێویست دیاریبکرێت، ساڵانەش بودجەی لەبری نۆرینگەکان بۆ کارمەند و پزیشکان دیاریبکرێت، ئەوان کێشەکان چارەسەر دەبن.

 

لە کۆتایشدا دەڵێت، "ئەگەر گوێ لە ئێمە بگیرێت ئەوا کێشەکان چارەسەری ئاسانە ئەگەر ئەوان نیەتییان هەبێت".

 

ئێستا بەپێی بڕیارەکان هەردوو کێشەی نەخۆشخانەکە چارەسەر بووە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ ئەم جارەش هەر وەک جارەکانی دیکە بە کاتی کێشەکان چارەسەر دەبن، یاخود لە بنەڕەتەوە چارەسەری کێشەکان دەکرێت.

 

ت.پ