وردە پلاستیکی ناو ژینگە مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات

توێژینەوەیەکی زانکۆی هەڵ لە بەریتانیا دەریدەخات وردە پلاستیکیان لەناو خوێنی مرۆڤدا دۆزیوەتەوە کە دەبنەهۆی گیران و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.

 

ناوەندی هەواڵ

 

هەروەک زاندراوە كەلوپەلە پلاستیكییەكان ژیانی داگیركردووە، چونكە لەناو ماڵ و لە دەرەوەش زۆرینەی ئەو كەلوپەل و ماددانەی لەبەرچاون  لە پلاستیك دروستكراون، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤەكان و پێویستە بە دروستییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

 

لە توێژینەوەیەکدا کە زانکۆی هەڵ لە بەریتانیا ئەنجامیداوە دەرکەوتووە، دەکرێت لەڕێگەی خۆراک و ئاوەوە وردە پلاستیک بچێتە ناو جەستە و پاشان بۆ رێڕەوی خوێن، بەمەش مەترسیی تووشبوون بە گیران و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان زیاددەکات، کە هۆکارێكی جەڵتەی دڵ و مێشکە.

 

پڕۆفیسۆر جیناتا رۆچێڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە وتوویەتی: ئەو وردە پلاستیکانەی لەناو خوێنی مرۆڤدا دۆزراونەتەوە، دەبنەهۆی هەوکردنی لوولە خوێنەکان، تێكدانی فرمانی مەیینی خوێن، گیران و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەردەکانی پلاستیک لەناو ژینگە هەن، هەموو کەسێك ئەگەری بەرکەوتنی لەگەڵیان هەیە، کە دەکرێت ببنەهۆی چەند مەترسییەک لەسەر تەندروستی، وەکو مەیینی خوێن، هەوکردنی لوولە خوێنەکان، لاوازبوونی بەرگری لەش.