خزمەتگوزاری تەندروستی لە ئەفغانستان بەهۆی تاڵیبانەوە نەماوە

خزمەتگوزاری تەندروستی لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە کراوەتە ئامرازێک بۆ بازرگانی تاهیرە ویسوم کە بووک و نەوەکەی گیانیان لەدەستدا وتی: ئەگەر دەنگمان بەرز نەکەینەوە ژیانی منداڵەکانمان باش نابێت.

بەهاران لەهیب

 

پەنجشیر- ڕێکخراوی باری نائاسایی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە "لە ئەفغانستان ڕێژەی مردنی دایکان لە کاتی منداڵبووندا بەرزترین ڕێژەیە لە جیهاندا"،ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕایگەیاندووە کە هەر دوو کاتژمێر جارێک دایکێک لە ئەفغانستان یان لە کاتی منداڵبوون یان لە کاتی دووگیانیدا دەمرێت، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕۆژانە ١٦٧ منداڵ لەو وڵاتەدا لە کاتی لە دایکبوونیاندا گیان لەدەست دەدەن.

 

لە ئەفغانستان، پێش تاڵیبان، کەرتی تەندروستی لەلایەن حکومەتەکانەوە کرا بە ئامرازی کرێ و پشتگوێ خرا، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە کە تاڵیبان ئیدارەی وڵاتەکەی گرتە دەست، خەڵک تووشی کێشە ناوخۆییەکان بوون لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە ناوچە گوندنشینەکانیشدا نزیکەی هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بوونی نییە، لە زۆر بواردا نەبوونی نەخۆشخانە کە خەڵک بتوانێت پێی بگات، خراپی ڕێگاوبان لە هەندێک شوێن و کێشەی ئۆتۆمبێل بەشێک لەو کێشانەن کە خەڵک ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

یەکێک لە ٣٤ پارێزگاکەی ئەفغانستان پەنجشیرە، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بووەتە پارێزگا و لە نەخۆشخانەیەک زیاتری تێدانییە، نەخۆشخانەی فریاکەوتنەکەی لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن کۆمەڵێک پزیشکی ئیتاڵییەوە دامەزراوە و تاکە نەخۆشخانەیە، لەوێ پزیشک نییە و مەحاڵە دەرمان بەدەستبێت، مەبەستی سەرەکی ئەم نەخۆشخانەیە کە لەلایەن پزیشکانی ئیتاڵیاوە دروستکرابوو، بۆ چارەسەرکردنی هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بوو کە لە کاتی شەڕدا بریندار دەبوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات نەخۆشخانەکە بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە.

 

ئەگەر دەنگمان بەرز نەکەینەوە ژیانی منداڵەکانمان باش نابێت

تاهیرە ویسوم، کە لە گوندێکی دوورەدەستی پارێزگای پەنجشیر دەژی، لەم دواییانەدا بووکە دووگیانەکەی و کۆرپەکەی گیانیان لەدەستدا، دەربارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەڵێت؛ هاوژینی کوڕە گەورەکەم دووگیان بوو بە منداڵی دووەم و ئازارێکی زۆری هەبوو، ژنە بەتەمەنەکانی گوندەکە نەیانتوانی یارمەتی بدەن، بەپەلە چووینە نەخۆشخانە، بەڵام لە ڕێگادا ئەو و کۆرپەکەی سکیشی گیانیان لەدەستدا، من نەوەیەکی ترم هەیە کە هێشتا بچووکە و بێ دایک مایەوە، ئەمەش ئازارێکی گەورە بوو بۆ هەموومان، گەورەترین هۆکاری مردنی دایکان و کۆرپە حکومەتە، ئەوان بەناوی ئێمەوە پارەیان دەستکەوت بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش نەکردین، حکومەتەکانی حەمید کارزای و ئەشرەف غەنی تەنها گیرفانی خۆیان پڕ کرد، بۆیە تاڵیبان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت. ئەگەر دەنگمان بەرز نەکەینەوە ژیانی منداڵەکانمان بە هیچ شێوەیەک باش نابێت، پێش لەدایک بوون دەمرن.