غەدا وەلی، دیزاینەری گرافیکی میسری تواناکانی نیشانی جیهان دەدا

ژنێکی گەنجی میسری بەهۆی خولیای بۆ هونەر و هەوڵدان بۆ گەشتن بە خەونەکانی توانی هونەر و کەلەپووری جوانی میسری نیشانی جیهان بدات و ببێتە یەکێک لە ١٠٠ گرافیک دیزانینەری سەرەکی لە جیهاندا.

 

نەرمين طارق

مصر- غەدا وەلی یەکێکە لە  ١٠٠ گرافیک دیزاینەری سەرەکی لە جیهاندا، کە لەلایەن کۆمەڵگای شیکاگۆ بۆ هونەری تایپۆگرافیک دەستنیشانکراوە، گۆڤاری فۆربیسی ئەمریکیش لە ڕیزبەندی ٣٠ هونەرمەندی لوتکەدا پلەبەندی کردووە کە تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوە بووە.

 

ژنان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نیشانی دەدەن کە چێژ لە هەستی داهێنان و بیرۆکەی نوێی هونەری وەردەگرن، لە ڕێگەی بەشداریکردن و سەرکەوتنیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەوەیان سەلماندووە. گرافیک دیزاینیش یەکێکە لەو بوارانەیە، غەدا وەلی لە باسکردنی خولیاکانیدا وتی: "هەر لە منداڵییەوە حەزم لە وێنەکێشان بوو، ویستم لە ڕێگەی هونەر و دیزاینی تایبەت بە خۆمەوە نوێگەریەک دروست بکەم  و کاریگەریم هەبێت لە کۆمەڵگادا، بۆیە بڕیارمدا لە زانکۆی ئەڵمانی لە قاهیرە گرافیک دیزاین بخوێنم و لەبەر ئەوەی لە بوارەکەی خۆمدا نایاب بووم، توانیم بڕوانامەی ماستەر لە ئیتاڵیا بەدەستبهێنم".

 

ئەو ژنە گەنجە سەرباری هەوڵ و تێکۆشانەکانی لە خوێندنەکەیدا باسی لەوەکرد: "دەمویست بە بەردەوامی سەردانی پێشانگاکان بکەم، لە چەندین پێشبڕکێدا بەشداریم کرد، لەگەڵ نیشاندانی چەند دیزاینێکم کە مۆرکی تایبەتی خۆم بوو بۆئەوەی پێی بناسرێمەوە. من نەمدەویست لاسایی کۆمەڵگای ڕۆژئاواییەکان بکەمەوە، بەڵکو ویستم تیشک بخەمە سەر جوانیەکانی کەلەپوری میسری بۆیە کارەکەم خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا".

غەدا وەلی ئاماژە بەوە دەکات: "میسر چەندین زانکۆی تێدایە بۆ خوێندنی گرافیک دیزاین، بەڵام ئێمە کەمتەرخەمین لە نیشاندانی گرنگیەکانی دیزاین و ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا، دیزاین لە هەموو بوارەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە لە هەموو شوێنێکدا لە شێوە و دیزاینی بوتڵێک ئاو و پۆستەری شەقام و کۆڵانەکان و تەنانەت لە کتێب و ماڵپەڕ و بەرنامەی تەلەفۆنیش دا دەیبینین".

غەدا سەبارەت بەو پەیامەی کە هەوڵ دەدات لەڕێگەی کارەکەیەوە بیگەیەنێت، دەڵێت: دیزاینەری گرافیک دەبێت دەرماڵەی پێویست بەدەست بهێنێت، بۆ پێشکەشکردنی دیزاینی بەهێز لەگەڵ گواستنەوەی پەیامێکی تایبەت، ئەو نیگارانەی لەسەر دیواری پەرستگاکانی میسر دۆزراونەتەوە جۆرێک لە هونەری گرافیکن، بۆیە پێموایە بنەچەی هونەری گرافیک لە شارستانی میسری کۆنەوەیە.

 

هەروەها، وتی:"بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک پیپسی و ڤۆدافۆن کار لەسەر چەندین پرۆژەی جیاواز دەکەم، بەڵام گرنگترین کار کە ئەنجامی دەدەم ئیکۆ میسرە بە بەشداری وەزارەتی ژینگەی میسر، هەروەها کارمان لەسەر دیزاینکردنی ماڵپەڕێک کردووە دەربارەی سروشت و کەلەپووری میسر، لەو ڕێگایەوە ئامانجمان ئەوەیە کار بکەین بۆ بوژاندنەوەی گەشتوگوزار.

 

ئەو ژنە گەنجە وتیشی: "دیزاینەکەم خۆشنووسی عەرەبی سادە بوو، کە لە ڕێگەی ئەو خەتی عەرەبیەوە ئامانجم بوو هانی منداڵانی عەرەب لە ئەوروپا بدەم بۆ فێربوونی زمانەکەیان، جوانی زمانەکەمان وەک پەیامیک بە جیهان بگەیەنم.

 

غەدا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە میسر بواری گرافیک سنوردارە بە پیاوان، بەڵام من باوەڕم وایە ژنان بە توانا و بەهرەکانیان دەتوانن بوونی ڕاستەقینەی خۆیان بسەلمێنن و کار بۆ نیشاندانی بکەن، دەبێت باوەڕیان بە خەونەکانیان هەبێت کێشە و گرفت و زەحمەتییەکان ببێتە هاندەرێک بن بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچن.

 

ت.پ