لە مەخمور ئۆرکێسترایەک بۆ ٤ی نیسان ئامادە دەکرێت

مامۆستایان و خوێندکارانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" ئۆرکێسترایەکیان ئامادە کرد بۆ پیرۆزبایی ٤ی نیسان و ڕایانگەیاند، بە پەرۆشییەکی زۆرەوە پێشوازی لە ڕۆژەکە دەکەن.

بەرژین کارا

 

ماخمور- دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی مەخمور هەموو ساڵێک ئامادەکاری دەکەن بۆ پیرۆزبایی ٤ی نیسان ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەو ساڵەوە کە بوونەتە پەنابەر تا ئەمڕۆ، بە هەمان جۆش و خرۆش پێشوازییان لە ٤ی نیسان کردووە، هەموو ساڵێک فیستیڤاڵێک بەڕێوەدەچێت، لە فێستیڤاڵەکەدا کێبڕکێی وەک تۆپی پێ، ڕاکردن، ماراسۆن، گۆرانی، هۆنراوە، هتد لە نێوان قوتابخانەکاندا دەکرێت، گروپەکانی هەڵپەڕکێ و گۆرانی لەلایەن قوتابخانەکانەوە ڕێکخراون.

 

ئەمساڵیش بە هەمان شێوە ئامادەکارییەکان بۆ پیرۆزبایی ٤ی نیسان دەستیپێکرد، هەروەها مامۆستایان و خوێندکارانی ئامادەیی ئۆرکێسترایەکیان ئامادە کردووە، ئۆرکێستراکە کە نزیکەی ٣٠ کەسی تێدایەو سێ گۆرانی لەخۆ دەگرێت. زیاتر لە دوو مانگە دەستی بە ئامادەکاری کردووە.

 

خوێندکارانی بەشداربووی ئۆرکێستراکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، ئامادەکردنی ئۆرکێسترایەکی لەو شێوەیە بە بۆنەی ٤ی نیسان زۆر بە نرخ و مانادارە.

 

"دەمانەوێت لەو ڕۆژەدا نمایشێکی باش ئەنجام بدەین"

خوربەت ئیلهان، کە ئۆرکێستراکە ڕێکدەخات، ڕایگەیاند زۆر کار دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ٤ی نیسان و وتی: ٤ی نیسان ڕۆژێکی گرنگە بۆ هەموو گەلی کورد، چونکە ڕێبەر ئاپۆ لە دایک بووە و ئەو تێکۆشانە دەستیپێکردووە، وەک کامپی مەخمور هەموو ساڵێک لە ٤ی نیسان وەک قوتابخانەیەکی ئامادەکاری ڤیستیڤاڵێک ئامادە دەکەین، هەروەها ئۆرکێسترایەکمان بۆ ٤ی نیسان ئامادە کردووە، دەمانەوێت نمایشێکی باش ئەنجام بدەین لەو ڕۆژەدا، بۆیە بۆ نزیکەی دوو مانگە دەستمان کردووە بە ئامادەکاری بۆ ئۆرکێستراکە، ژمارەی ئێمە نزیکەی ٢٥ خوێندکارانی ئۆرکێسترا بە زۆری ژنانی گەنجن، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ کارێکی باش.

 

"پرۆڤەکانمان بە دڵخۆشییەوە بەردەوام دەبن"

خوربەت ئیلهان ئاماژەی بەوەدا، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشداری لە پرۆڤەکاندا دەکەن و وتی: پرۆڤەکانمان بە باشی بەڕێوە دەچن، لە ماوەیەکی کورتدا، دوای وانە و ماندووبوون، کارێکی باش دەردەکەوێت، هاوسەنگی و دانوستانەکانی نێوانمان باشن، بۆیە پرۆڤەکانمان بە دڵخۆشییەوە تێدەپەڕن، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕۆژێکی گرنگ، بۆیە بە پەرۆشین بۆ بەشداریکردن، لە کۆتاییدا داوا لە هەموو گەنجان دەکەم کە خۆیان لە ڕووی هونەر و کولتوورەوە بۆ داهاتووی کۆمەڵگەکەیان پەرەپێبدەن.

 

"بەگشتی سێ گۆرانیمان هەیە و چوارەمیان پۆتپۆرە"

 

زیلان ئۆزەک لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئۆرکێستراکەوە وتی: وەک قوتابخانەیەکی ئامادەیی، دەمانەوێت ئۆرکێسترایەک ئامادە بکەین بۆ ٤ی نیسان و لەسەر ستەیج پێشکەشی بکەین، سێ گۆرانیمان هەیە و چوارەمیان پۆتپۆرە، مۆسیقا ژیان جوان دەکات و بۆ ئەوە دەمانەوێت ئۆرکێسترایەک دروست بکەین و پێشکەشی بکەین. زۆربەیان ژنی گەنجن و ئامێری وەک تەپڵ و گیتار و سازیان هەیە، هەروەها ئامادەکارییەکانمان بە باشی دەڕۆن و پێموایە بە باشی دەڕوات.