هەوار وشیار: داوا لە ژنان دەكەم بنووسن و لە نووسین نەترسن

چوارەم بەرهەمی پەروەردەیی هەوار وشیار بە ناوی "ئەلفبێ بە شێوەی چیرۆک" بڵاوکرایەوە و باس لەوە دەکات، لە پلانیدایە لە داهاتوودا لە بارەی ڕەفتار دروستی منداڵەوە بنووسێت.

کۆیە

 

ئێوارەی دوێنێ بەشی كتێبخانە گشتییەكانی شارۆچکەی کۆیە، مەراسیمێکی بۆ ناساندنی پەرتوکی "ئەلفبێ بە شێوەی چیرۆک"ی نووسەر هەوار وشیار ڕێکخست، کە چوارەمین پەرتوکی نووسەرە.

 

هەوار وشیار لەبارەی بڵاوكردنەوەی پەرتوکەکەی بۆ نوژنها دوا و وتی: ئەمڕۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی چوارەم پەرتوکم بوو، بە سەرپەرشتی كتێبخانەی گشتیی كۆیە، ئەوەش جێی خۆشحاڵیمە، كە پەرتوکێکی دیكەم ناسێنرا و كەوتە بەر دیدی خوێنەران، ئامانجم ئەوەیە لەم نووسینانە سەرەتا هۆشیاریی پەروەردەیی بۆ منداڵان بڵاو بكەمەوە، بەڵام ئامانجی سەرەكیم خزمەتكردنە بە ئەلفوبێی كوردی، هاوشێوەی مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار و ئەمین سەپان و سەرجەم  ئەو هەوڵانەی دراون بۆ خزمەتی زمانی كوردی و ئەلفوبێی كوردی.

 

لەبارەی ئەوەی چۆن لەسەرەتای تەمەنییەوە دەستی بە نووسین كردووە، هەوار وشیار دەڵێت: لە سەرەتای منداڵیم، كە لە باخچەی ساوایان بووم، خێزانەكەم هاندەرم بوون و باوكم هۆنراوەی بۆ دەنووسیم و دەیگوت لە چالاكی قوتابخانەكان بیخوێنەوە، ئەوانە سەرەتایەك بوو كە بچمە ناو دنیای پەرتوک و خوێندنەوە، دواتریش لە بواری پەروەردە بنووسم كە پیشەی خۆمە.

 

لە بارەی نووسینەكانی لە داهاتوودا، هەوار وشیار ئاماژەی بەوە كرد، بەنیازی نووسینی پەرتوکێکی ترە، ئەو دەڵێت: بەناوی چاكسازی ڕەفتاری منداڵ یان ڕەفتار دروستی منداڵ نیازم وایە پەرتوکێکی دیكە بنووسم و پلانێكی گونجاوم بۆی داڕشتووە.

 

ئەو نووسەرە لە بارەی قەڵەمی ژنانەوە وتی: پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە كە ڕۆشنبیری خۆیان زۆر گرنگە، چونكە هەر ئەوان دایكن و منداڵ پەروەردە دەكەن و تاكێك ئاراستەی كۆمەڵگە دەكەن، بۆیە من دەڵێم ژن ئەگەر نووسەریش نەبێت پێویستە خوێنەرێكی باش بێت، بەڵام باشتر وایە بنووسن و نەترسن لەوەی نووسینەكانیان كەموكوڕی هەیە یان نا، چونكە دواجار دەبنە نووسەرێكی باش.

 

هەوار وشیار لە ساڵی ١٩٩٧ لە شارۆچکەی کۆیە لەدایکبووە، پیشەی مامۆستایە و لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ بەشی پەروەردە و دەروونزانی لە زانكۆی كۆیە تەواو كردووە، خاوەنی پەروەردەی دەروونزانی منداڵ، شیاو و لانۆ و هانۆ  و نوێترین بەرهەمیشی "ئەلفبێ بە شێوەی چیرۆک"ە.