ئیلهامی لە ژیانی ژن وەرگرتووە و بووە بە نیگارکێش

نیگارکێشی تونسی ڕەجا بن ناسر ئیلهام لە ژیانی ژنان وەردەگرێت و لە تابلۆکانیدا گوزارشتیان لێدەکات.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس- هونەر بوارێکی گرنگە کە پێکهاتەکان تێیدا خۆیان دەردەبڕن و کولتوورەکەیان دەپارێزن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەرچەندە دەسەڵاتداران هەوڵیاندا بواری هونەری کە موزیک تا نیگارکێشان، لە شانۆوە بۆ سەما بخاتە خزمەت دەوڵەتەوە، بەڵام کۆمەڵگە لە هەر هەلومەرجێکدا توانی ئەو هونەرەی کە پەرەی پێداوە بە بەهاکانی خۆی بپارێزێت.

 

ڕەجا بن ناسر، نیگارکێشی تونسی، ساڵانێک وەک پەرستار-مامان کاری کردووە، پێش ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەیی دەست بە نیگارکێشان بکات، دوای خانەنشین بوونی دەستی کرد بە بەدیهێنانی خەونەکەی، ڕایدەگەیەنێت، وێنەکێشان ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان دەرببڕن، ئەگەر وەک خولیایەک پەرەی پێبدرێت، ئەوا ڕێبازێکی ئەرێنی و شیکاری زیاتر بۆ بیرکردنەوە و ڕووداوە نەرێنییەکان دەهێنێت.

 

"هەستم بە ئازادی دەکرد و زۆرم خۆشدەویست"

ڕەجا بن ناسر، باس لەوە دەکات، لە منداڵییەوە حەزی لە وێنەکێشان بووە، بەڵام لەو کاتەدا نەیتوانیوە پەرە بە بەهرەکەی بدات، چونکە یارمەتی خێزانەکەی دەدا، وتیشی: سەرەتا بە کێشانی ئەو شتانە دەستم پێکرد کە بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ بەکارمان دەهێنا، نەمدەزانی ڕەنگەکان بەکاربهێنم، هەمیشە حەزم لێی بوو، دواتر هاوسەرگیریم کرد و منداڵەکانم لەدایک بوون، وازم لە نیگارکێشان هێنا و دوای ئەوەی کچ و کوڕەکەم گەورە بوون، لە ساڵی ٢٠١٧ لە ماڵەوە دەستم بە خۆفێرکردن کرد.

 

هەروەها وتیشی: دوای ئەوەی وێنەکێشان بووە کاری ڕۆژانەم و پشتگیری خێزانەکەمم بەدەستهێان، دەستم کرد بە خوێندن لە بوارەکەدا، ئەمەش متمانەی بە من بەخشی کە وێنەی پیشەیی زیاتر بکێشم. هەستم بە ئازادی دەکرد و ئەو هەستەم خۆشدەویست، هونەر چالاکیەکی زۆر ئەرێنییە بە تایبەت بۆ ژنان، تەنانەت ئەگەر وەک خولیایەک ئەنجام بدرێت، هەستێکی خۆشی پێدەبەخشێت.

 

ژیانی ژنان بوو بە ئیلهام

ڕەجا بن ناسر ڕوونیشیکردەوە کە لە تابلۆکانیدا ئەزموون و هەستەکانی خۆی دەردەبڕێت و ئیلهام لە ژیانی ژنان وەردەگرێت و وتی: هەست بە چی دەکەم بۆ ئەو ژنە تونسییانەی کە هەمیشە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانیان هەڵدەگرن، دەیانکێشمەوە، ژنان چەندین سیفەت و لێهاتووییان هەیە کە ئیلهامبەخشن بۆ من، نابێت ئازارەکانیان لەبیر بکەین، ژنانی تونس تا ئێستاش قوربانیی عەقڵیەتی پیاوسالاری بوون، کاتێک من وەک مامان کارم دەکرد هەرگیز بیرم ناچێتەوە کە ژنان چۆن دەگریان، کاتێک پێمان دەگوت منداڵەکانیان کچن، ئەو پیاوانەی کچێکیان هەبوو دەستبەجێ دایک و منداڵەکەیان لە نەخۆشخانە دەردەهێنا و دەیانبردنەوە ماڵەوە.

 

لە پێشانگایەکی مەغریبدا ٤٠ تابلۆی نمایشکرد

ڕەجا بن ناسر جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا لە سەرەتای گەشتەکەیدایە و ئاماژەی بەوەدا کە هەر جارێک دەبینێت کارەکانی لەلایەن خێزان و هاوڕێ و هونەرمەندەکانی دیکەوە حەزیان لێیە، دەبێتە هاندەری بۆ کێشانی تابلۆی زیاتر، دوایین پێشانگاشی بە ٤٠ تابلۆ بە ناوی "بۆنی خەیاڵ" لە شاری ڕەبەتی پایتەختی مەغریب کردەوە و لەناو نیگارکێشانی ناوچەکەدا حەزێکی زۆر بۆ پێشانگاکەی هەبووە.