"دوای هەموو شەوێکی تاریک بەیانییەکی گەش هەیە"

خەدیجە غورزەنگ، وێنەکێشێک کە تاوانی تاڵیبان و بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان دەکێشێت، دەڵێت: ئێمە لە دۆخێکدا دەژین کە ژنان مافی ئەوەیان نییە بچنە قوتابخانە، چ جای ئەوەی هونەرەکەیان پیشان بدەن، بەڵام ئێمەی ژنان نابێ بێ ئومێد بین.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لەو کاتەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەستیان بە هونەری وێنەکێشان کردووە، تاڵیبانی دژە ژن هەموو ژنانی ناچار کرد لە ماڵەوە بمێننەوە و هەوڵ دەدەن هانیان بدەن بۆ ئەنجامدانی کاری ماڵەوە و چێشت لێنان و چاودێریکردنی پیاوانی ناو خێزانەکانیان، بەڵام ژنان خەباتیان کرد تا بە هیچ شێوەیەک لە کۆمەڵگە دوور نەخرێنەوە و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

 

خەدیجە غورزەنگ یەکێکە لەو ژنانەی کە بەشی پەیکەرسازی زانکۆی کابولی تەواو کردووە، خەدیجە بەهۆی حەز و ئارەزووی بۆ هونەر بە شێوەیەکی پیشەیی وانەی دەڵێتەوە و بە هونەرەکەی تاوانی تاڵیبان و بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانی وێنا دەکات.

 

خەدیجە دەڵێت: بەداخەوە ئێمە لە دۆخێکدا دەژین کە ژنان مافی ئەوەیان نییە بچنە قوتابخانە، چ جای ئەوەی هونەرەکەیان پیشان بدەن، لە هیچ پێشەنگایەکدا نەمتوانی بەرهەمەکانم پیشان بدەم، لەم بارودۆخەی ئێستادا تەنها کارێک کە کردم نیگارکێشان و فێرکردنی کچانی دیکە بوو، هەوڵمدا ئەو هونەرەی فێری دەبم بۆ کچانی تری بگوازمەوە.

 

خەدیجە پەیام بۆ ژنان دەنێرێت و دەڵێت: من وەک کچێکی ئەفغانی کە لە وەها بارودۆخێکدا دەژیم بە هەمووان دەڵێم! هەرگیز بێ ئومێد مەبن، هەرگیز دەستبەرداری شەڕ مەبن، ئێمەی ژنان دەتوانین کۆتایی بەم دۆخە بهێنن ئەگەر واز نەهێنین و بەردەوام بین لە خەباتکردن، دوای هەموو شەوێکی تاریک بەیانییەکی گەش هەیە و دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان بە مەرجێک بێ ئومێد نەبین و واز لە شەڕ نەهێنین.

 

لە کۆتاییدا خەدیجە بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆی ناساند و ئامانجی وێنەکانی خستەڕوو.