شانۆ ئاوێنەیەکە بۆ ڕەنگدانەوەی ئازار و کێشەکان

شانۆ یەکێکە لە بوارە هونەرییە گرنگەکان، چونکە بەشداری دەکات لە شێوەدانانی بیری کۆمەڵگەکان و بە ئاوێنەیەک دادەنرێت کە ڕەنگدانەوەی ئازاری خەڵک و کێشەکانی بێت.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ژنانی گەنج لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵدەدەن بواری هونەر لە ناوچەکەدا پەرەپێبدەن و ئازارەکانی کۆمەڵگەکەیان لە ڕێگەی نمایشی شانۆیی جۆراوجۆرەوە بگوازنەوە و بەشداری لەو فیستیڤاڵانەدا بکەن کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆوە بەڕێوەدەچن.

 

لە ٢٧ی ئاداری هەموو ساڵێکدا، جیهان ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ، کە تیایدا ژمارەیەک ئاهەنگ و بۆنە بۆ ئەم ڕۆژە بەڕێوەدەچێت، ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٦١ بە بڕیاری پەیمانگای نێودەوڵەتی شانۆ تەرخانکرا و لە ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن کۆمیسیۆنی شانۆی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکرا، ئەو ساڵەی کە وەرزی شانۆی "نەتەوەکان" لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەستیپێکرد، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕۆژی جیهانی شانۆ بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی بەهای مۆدێلی هونەر و چێژ وەرگرتن لە خودی هونەر و ڕێگەدان بە کۆمەڵگەکانی سەما و شانۆ بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانیان بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی.

 

مێژووی شانۆ لە ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان، کە تێیدا شانۆیی لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزدا نمایشکران و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە ناوچەکە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ کە سەرکەوتن و کردنەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەدەستهێنا، یەکێک لەوانە شانۆ بوو.

 

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە چەندین فێستیڤاڵی شانۆیی ڕێکخراون، دیارترینیان فێستیڤاڵی شەهید "یەکتا هارکۆڵ" بووم هەموو ساڵێک لەسەر شانۆی محەمەد شێخۆ بۆ کولتوور و هونەر لە قامیشلۆ نمایش دەکرێت، گرنگی شانۆ لە کاتێکدا دێت کە باس لە کێشە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئازاری خەڵک.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆوە، لەگەڵ ئەندامانی گروپە شانۆییەکان لە شاری حەسەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربارەی گرنگی ئەم ڕۆژە بۆ ئەوان و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کاتی کارەکانیاندا قسەمان کرد.

 

"ئارەزووم ئەوەبوو بە متمانە و هێزەوە لەبەردەم ئامادەبووان ڕابوەستم بەبێ ترس و دوودڵی"

ڕیم حەسەن، ئەکتەری شانۆ و ئەندامی گرووپێکی سەر بە تەڤگەری هیلالی زێڕین وتی: بۆ ماوەی سێ ساڵە لە بواری شانۆدا کار دەکەم، لە منداڵییەوە، ئارەزووی ئەوەم دەکرد ببم بە ئەکتەر و بەشداری لە شانۆکاندا بکەم و بە متمانە و هێزەوە لەبەردەم ئامادەبووان ڕابوەستم بەبێ ترس و دوودڵی، شانۆ بۆ من گرنگە، هەموو شتێک لە ناخماندا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێت، لەسەر سەکۆ دەتوانین چەندین بیرۆکە پێشکەش بکەین و پەیامی مانادار پێشکەش بکەین، گرنگی بە بۆچوونی بینەر و کارلێککردنیان لەگەڵ نمایشە شانۆییەکان دەدەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ساڵێک ئەکتەرە شانۆییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئەنجامدانی چەندین بۆنە بەشداری لە ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی شانۆدا دەکەن، لەوانە ڤیستیڤاڵی شانۆی شەهید یەکتا هەرکۆڵ، جگە لە پێشکەشکردنی نمایشی شانۆیی جیاواز بە پەیامی بەنرخ، هەروەها بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بەبێ ئەوەی گرنگی بەوە بدەن کە دەوترێت، بەشداری دەکەن لە هەموو بۆنە و فیستیڤاڵەکانی پەیوەندیدار بە شانۆ کە لە ڕێگەیەوە نمایشە شانۆییەکان پێشکەش دەکرێن و هەوڵ دەدەن کۆمەڵگە بەرەو پێش ببەن و لە داب و نەریتە کۆنەکان ڕزگاری بکەن.

 

"شۆڕش تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگەی گۆڕی"

ئیڤا عەبدی، ئەکتەری شانۆ و ئەندامی تەڤگەری هیلالی زێڕین، ڕوونیکردەوە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە بواری شانۆدا کار دەکات، وتی: من بڕیارم دا لەم بوارەدا کار بکەم چونکە حەزم لێیە و بەهرەی نواندنم هەیە، بەڵام هەبوونی بەهرە بەو مانایە نییە کە ئەکتەرەکە ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابێتەوە، لە سەرەتای کارکردنم لە شانۆ و وەستان لەسەر ستەیج، ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوومەتەوە، یەکەمیان شەرمکردن و هەستی دوودڵی بوو، جگە لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەو ژنەی لەم بوارەدا کار دەکات، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە توانیمان بەسەریدا زاڵ بین دوای دەستپێکردنی شۆڕش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چونکە دەرفەتێکی بەنرخمان هەبوو بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو شتانەی کە ڕێگرن لە ڕێگای ئازادیمان و گەشەکردنی بیرمان.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە شانۆ نمایشێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات، هەروەها پێویستە پەروەردەو خولی پەروەردەیی و ئەکادیمی هەبێت بۆ پەرەپێدانی بەهرەی ئەکتەرە شانۆییەکان.