"کوردی" میراتێکی کولتووری کە لەلایەن ژنانەوە لە لیبیا پارێزراوە

پیشەوانانی کورد لە لیبیا جێپەنجەی جیاکەرەوەی خۆیان لەسەر یەکێک لە جلوبەرگە کولتوورییەکانی ژنانی لیبیا بەجێهێشتووە، کە تا ئێستاش لەلایەن ژنانی لیبیاوە دەپارێزێت و ناوی "کوردی" لێنراوە.

ئیبتیسام ئەغفیر  

 

بنغازی- ژنانی لیبیا لە دروستکردن و پاراستنی جلوبەرگی کولتووری ژناندا سەرکەوتوو بوون و تا ئێستا جلوبەرگە کولتوورییەکانی خۆیان پاراستووە، یەکێک لەو پارچانەی کە تا ئێستاش ماوەتەوە، جلی "کوردی"یە کە پارچەیەکی چنراوی کولتوورییە و لە پیشەوەرانی کوردی لیبیاوە بۆ ناو جلی کولتووری لیبی زیادکراوە و تا ئێستا بە پارێزراوی ماوەتەوە.

 

ژنانی جلوبەرگی کولتووری خۆیان دەپۆشن، کە پێکهاتووە لە پارچەیەک پێی دەوترێت سوری، عەبا، پانتۆڵ و پارچەی "کوردی"، لەگەڵ چەند پارچە جوانکارییەکی زێڕ یان زیو، تا جوانی جلەکان نیشان بدات.

 

هیبە هەلوم، پسپۆڕی مێژوو، ئامادەکاری بۆ تێزی ماستەرەکەی دەکات، تیایدا باس لە جلوبەرگی کولتووری لیبیا بۆ ژن و پیاو دەکات، لەو بارەیەوە وتی: پارچەی کوردی، یان پارچەی ژنان یەکێکە لە پارچە گرنگەکانی جلوبەرگی ژنانی لیبیا، گرنگییەکەی دوای ئەوە دەرکەوت، کە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا باسی لێکرا و لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە و ئاهەنگەکاندا لەبەر دەکرا، پارچەی کوردی بە دوو شێوازی جیاواز لەبەر دەکرێت، لە ناوچەی ڕۆژئاوا لە ژێر عەبادا لەبەر دەکرێت و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتیش دەکرێت بەسەر عەباکەدا.

 

سەبارەت بە ناوەکەی دەڵێت" لە ناوچەی ڕۆژهەڵات بە کوردی ناودەبرا، ئەمەش بە ئاماژە بۆ ئەو کوردانەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەدا لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دوورخرانەوە بۆ لیبیا و جلوبەرگەکانیان ناوی کوردی بوو، لە ناوچەی ڕۆژئاواش پێی دەوترێت جلوبەرگی ژنان، بەهۆی لێکچوونی نێوان ئەو و ئەو جلەی کە پیاوان لەبەری دەکەن.

 

سەبارەت بە شێوەی پارچەی کوردی هیبە هەلوم دەڵێت: چاکەتی کوردی بێ قۆڵە، سنگ و پشتی دادەپۆشێت و درێژدەبێتەوە بۆ خوارەوەی سک، بە ١٠ قۆپچەی بەرامبەر یەکدی ڕازاوەتەوە، ئەم قۆپچانە سەرەتا لە مرواری و مەرجانی دروستکراوە و دواتر بوون بە زیو، ئێستاش بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە لە کانزا دروست دەکرێن، چونکە نرخەکەی هەرزانە، شوێنی قۆپچەکان لە نێوان ناوچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا جیاواز بووە.

 

کوردی شێوازی نەخشی چنراوی جیاوازی هەیە، وەک گوڵ و مانگ و سلاتی،  جیاوازی لەسەر چنراوە، پارچەی کوردی دوو جۆری هەیە، یەکەمیان لە سەردەمی کۆندا بەربڵاو بووە، لە قوماشی مەخمەل دروستکراوە، کە لە لیبیا پێی وتراوە "کاتیفا"، بە زیو ڕازاوەتەوە و ڕەنگی پەمەیی و زەرد و شین بووە، دواتر ڕەنگەکان کەم کراونەتەوە بۆ شین و سوور، لە ناوەوە بە قوماشی ئاوریشم هێڵکاری دەکران و زیویان لێدەدا.

 

سەلیمە عوبەیدی پسپۆری فۆلکلۆری لیبیا بە شێوە جۆراوجۆرەکانی، باسی لەوەکرد، پارچەی کوردی یەکێکە لەو پارچانەی کە لەگەڵ جلوبەرگی ژنانی لیبیا بە چەندین ڕەنگی جیاواز لەبەر کراوە، چەندین ڕەنگی هەیە و باوترینیان سوری تۆخ و شین بووە، تێکەڵکردنی کولتوورەکان جۆرێک لە داهێنان لە هەموو پارچەیەکدا دروست دەکات کە کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەتی پارچەی کولتووری، ئێستا کوردی بووەتە بەشێکی گرنگی جلوبەرگی ژنانی لیبیا، کە ناتوانرێت لێی جیابکرێتەوە.

 

هەروەها باسیشی لەوەکرد، دابینکردنی جلی کوردی بۆ بووک یەکێکە لە مەرجە گرنگەکان، جگە لە مارەیی، بووک لە حەوتەم ڕۆژی دوای زەماوەنددا لەبەری دەکات و پێی دەوترێت هەفتانە، سەلیمە عوبەیدی داوای پێویستی پاراستنی میراتی لیبیای کرد، کە جلوبەرگی کولتووری ژنان یەکێکە لە لایەنە دیارەکان، هەروەها هانی پەرەپێدانی دیزاینی جلوبەرگی لیبیای دا، جەختی لە گرنگی پاراستنی پارچەی کوردی کردەوە، کە بریتییە لە بەشێکی دانەبڕاو لە جلوبەرگی ژنانی کۆن و مۆدێرن.

 

فرۆشگای بوحەجەر بۆ دروستکردنی جلوبەرگی کولتووری ژنانی لیبیا لە شاری بنغازی کۆنترین فرۆشگای بەرهەمهێنانی پارچەی کوردییە، سوعاد عەبدەلی دەڵێت: ژنانی لیبیا ئەوانەن کە دیزاین و درووین و داهێنانی دیکۆراتی نوێ بۆ کوردی دەکەن، کە پێشتر پیاوان هەرگیز نەیانکردووە، ئێمە لەم فرۆشگایەدا کە لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەستمان پێکردووە، هەمیشە نوێکاری بۆ درووین و دیزاینەکانمان دەکەین.