مەراسیمی هەزار دەف لە گوندی دگاگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

لە گوندی دگاگا لە ناوچەی سرۆئابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چوارەمین مەراسیمی هەزار دەف بە ئامادەبوونی ژنان و پیاوانی دەفژەن بەڕێوەچوو.

نیان خوسرەوی

 

سنە- دوێنێ، ٤ی نیسان لە گوندی دگاگا سەر بە ناوچەی سرۆئابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چوارەمین مەراسیمی "هەزار دەف" بە ئامادەبوونی ژن و پیاوابت دەفژەنی کرماشان، دێهگۆلان، سنە و مەریوان بەڕێوەچوو.

 

مێژووی دەف

کاتێک ناوی دەف دەبیستین، خانەقاکانمان بەبیردێتەوە، بەڵام مێژووی دەفژەنی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام و یەکێکە لە میوزیکە دێرینە کوردییەکان، دواتر چووە ناو میوزیکی ئێرانییەوە و ناتوانرێت سنووردار بکرێت بە ئیسلامەوە، دەف یەکێکە لە یەکەم ئامێرەکان کە مرۆڤ دروستی کرد و بەکاری هێنا بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە پێکهاتەکانی کە پێستی ئاژەڵ بوون، لە میوزیکی کوردیدا تا ئێستاش یەکێکە لەو ئامێرانەی کە هەم لە مەراسیمی ماتەمینی و هەم لە خۆشیدا بەکاردەهێنرێت، دەفە، لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا دەف گوزرایەوە بۆ ناو خانەقاکان و ژنانی موسڵمانیش بەکاردەهێنا و لە خانەقاکاندا فێری دەبوون.

 

"ئامرازی دەف لە ئایین جیاکراوەتەوە و ئیدی پیاوان ناتوانن قۆرخی بکەن"
فەریدە.ک، ٤٨ ساڵە و لە خانەقادا دەف دەژەنێت، دەڵێت: ناتوانرێت بگوترێ دەف ئامێرێکی ئایینییە و تەنیا هی خانەقایە، بەڵام ئەم ئامێرە ڕۆڵی لە ماتەمینی و دڵخۆشی خەڵکدا هەبووە، ئێستاش ژنان زۆرینەی دەفژەنان پێکدەهێنن و تەواو ڕوونە کە ئەم ئامێرە ئایینی بەجێهێشتووە و تێکەڵ بە میوزیک بووە، وەک لە مەراسیمە کولتوورییەکانی هەزار دەفدا وەک ئامێرێک کە میوزیکی کوردی تەواو دەکات و لە دەستی ژناندا دیارە.

 

سەمیە خانی، یەکێکی تر لە دەفژەنەکانە و دەڵێت: من هەر لە منداڵییەوە بە دەنگی دەف گەورە بووم، دایکم دەفژەن بوو و بە دەنگی دەفەکان خەوی لێدەخستین، کاتێک کەمێک تەمەنم گەورە بوو، دەف بوو بە بەشێک لە من و قسەی دڵی خۆمم پێدەکرد، خۆشبەختانە توانیومانە دەف لە قۆرخکاری پیاوان دوور بخەینەوە.

 

مەراسیمی هەزار دەف لە دگاگا بەڕێوەچوو

بۆ چوارەمین ساڵە مەراسیمی هەزار دەف لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت و دەفژەنەکانی سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات کۆدەبنەوە و دەبنە میوانی یەکێک لە گوندەکان. تا ئێستا ئەم مەراسیمە لە پالنگان و هاشمیز و دگاگا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان بەڕێوەچووە و هەر جارێک ژمارەی ژنانی بەشداربوو لە زیادبووندایە، ئەمساڵیش گوندی دگاگا لە سەروئاباد پێشوازی لە هەزار دەفژەن کرد، حکومەتی ئێران هەموو جارێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات، بەڵام مەراسیمەکان بەبێ گوێدانە ئەو جۆرە هەوڵە بەڕێوەدەچن و دواجار مرۆڤەکان دەگەنە خواستی خۆیان بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئامێری دەف وەک ئامێرێکی کولتووری کە زیاتر شوناسێکی کوردی هەیە و ژنانیش ڕۆڵی بەرچاو لە زیندوو ڕاگرتنیدا دەبینن.

 

کاریگەرییەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر ژنان و ڕەنگدانەوەی لە ئەنجامدانی مەراسیمەکاندا دەبینرێت، لە مەراسیمی هەزار دەفەکەی دگاگادا ژنان بە پێچەوانەی خواستی حکومەتەوە هەموو تابۆکانیان شکاند و بە جلوبەرگی خوازیاری خۆیان و لەناو پیاواندا دەفیان ژەند.