عادیلە خانم، ژنێک خاوەن مێژوویەکی پڕ شکۆ

عادیلە خانم، خاوەنی کەسایەتییەکی کاریگەرە لە مێژووی گەلی کورد کە ماوەی ١٩ ساڵ سەرۆکایەتیی هۆزی جافی لە ئەستۆگرتووە، گرنگییەکی زۆری بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە داوە، پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ئینگلیزەکان دروستکردووە، ئینگلیزەکانیش نازناوی شاژنی بێ تاجی شارەزوور پێداوە. بێریڤان کمال

 

 

 عادیلە خانم، خاوەنی کەسایەتییەکی کاریگەرە لە مێژووی گەلی کورد کە ماوەی ١٩ ساڵ سەرۆکایەتیی هۆزی جافی لە ئەستۆگرتووە، گرنگییەکی زۆری بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە داوە، پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ئینگلیزەکان دروستکردووە، ئینگلیزەکانیش نازناوی شاژنی بێ تاجی شارەزوور پێداوە.

بێریڤان کمال

 

عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٥٤ شاری سنەی پایتەختی ئەردەڵان لەدایکبووە. چونکە خێزانەکەی دوای ڕوخانی میرنشینی بابان شاری سلێمانیان بەجێهێشتووە و چوونەتە شاری سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان.

 

 لەلایەن مامۆستای تایبەتەوە بنچینەی خوێندنی قورئان وەرگرتووە، لە دوای مەحموود پاشای جاف، سەرۆکایەتی ھۆزی جاف دەکەوێتە ئەستۆی عوسمان پاشا و عادیلە خانم دەبێتە یارمەتیدەرێکی کارای ھاوسەرەکەی بووە.

 

لە ساڵی ١٩٠٥ و دوای مردنی هاوسەرەکەی عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور  و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان بڵاو دەبێتەوە، لە ناوچەکانی هەورامان و ڕۆژەهەڵاتی کوردستان خاوەن ڕێزێکی زۆر و دەسەڵاتێکی مەزن بووە، لە ناو خێڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەم بڕیارەکانی جێبەجێکراوە. یەکڕیزی جافەکانی پاراستووە و  توانیویەتی پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ ئینگلیزەکاندا بەهێزبکات و بپارێزێت .

 

عادیلە خانم لەسەردەمی دەسەڵاتیدا توانیوویەتی چەندین کاری گرنگ ئەنجام بدات، ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی زانست و خوێندەواریدا بۆ ئەو مەبەستەش قوتابخانەی دروست کردووە هەروەها سێ کۆشکی گەورە، مزگەوتێک بە ناوی خانم، بەندینخانە بۆ ئەو کەسانەی بڕیارەکان جێبەجێناکەن و قەیسەرییەکی نوێی دروستکردووە، دادگای تایبەت بە خۆی هەبووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی کردووە.

 

عادیلە خان تەنها فەڕمانڕەوایەکی بەهێز و بوێر نەبووە، بەڵکو دایکێکی کارامە و پەروەردەکار بووە، دوو شاعیری گەورەی لە پاش خۆی بۆ پاشخانی هونەری کوردی بەجێهێشتووە، دایکی هەردوو شاعیری کورد "تاهیر نەگی جاف و ئەحمەد موختار جاف".

 

عادیلە خان لە زاری شارەزایانی بواری مێژوو

مێژوونووسی کورد محەمەد ئەمین زەکی بەگ، ئاماژەی بە ھەڵکەوتوویی و ھۆشیاری عادیلە خان کردووە، کە کاریگەریی لەسەر هاوسەر، خێزانەکەی و تێکڕای خەڵکی ناوچەکە هەبووە، ھەروەھا بە بایەخەوە ئاماژەی بەتوانای ژنان لە بواری شارستانی و بیناسازی و کاروباری فەرمی و کۆمەڵایەتی و هۆزی جاف کردووە.

 

شارەزایانی بواری مێژوو پێیانوایە، دەبێت ژنانی ئێستای کورد مێژووی ئەو کەسایەتییە کاریگەرە بخوێننەوە و شوێن هەنگاوەکانی بکەون، تا بتوانن وەک ئەو خاوەن پێگەیەکی کاریگەر و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە کۆمەڵگادا لە بوارەکانی کارگێڕی و سیاسیدا.

لە زاری گەڕیدە بیانیەکانەوە

ئەدمۆنز، سیاسیەتمەداریکی بەڕیتانیە و لە گەشتێکیدا بۆ کوردستان و دیداری لەگەڵ عادیلە خانم ئەنجامداوە و نازناوی شاژنی بێ تاجی شارەزووری پێبەخشیووە، لای خۆیانەوە نازناوی هیندیەکانیان "خان بەهادورر"ییان لێناوە.

 

مینۆرسکی، گەڕیدەیەکی ڕووسی بووە، ئاماژەی بە دیتنی عادیلە خانم لە ھەڵەبجەدا لە ساڵی ١٩١٤ کردووە و بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی لە ھەڵەبجە لە پێش و پاش مردنی هاوژینەکەی داناوە، ھەروەھا ستایش و پیاهەڵدانیی لە سەخاوەتی و میوانداریی ئەم ژنە کوردەکردووە.

 

مێجەرسۆن، ئەفسەری سیاسی و ڕۆژهەڵاتناس بووە، لە گەشتنامەکەیدا لە عادیلە خانی بە ژنێکی بێ ھاوتا و تێگەییشتوو و خاوەن کەسایەتیەکی بەھێز وەسفکردووە، کە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی دەڤەری شارەزوور بوو نەک تەنیا لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسیدا.

 

دوای خزمەتێکی زۆر بە خەڵکەکەی، لە ڕۆژی ١١ نیسانی ساڵی ١٩٢٤ کۆچی دوای دەکات و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ لە هەڵەبجە بەخاک دەسپێردرێت، لە ساڵی ٢٠١٤ پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە و لە باخی گشتی هەڵەبجە دانراوە.