پێنچەمین پێشەنگای گروپی هونەرە بینراوەکانی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات کرایەوە 

لە گەلەری مۆزەخانەی ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی، پێنجەمین پێشەنگای گروپی هونەرە بینراوەکانی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە گەلەری مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی، پێنچەمین پێشەنگای گروپی هونەرە بینراوەکانی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "کۆتری خەیاڵ" کرایەوە، لە پێشانگاکەدا چەند ژنە هونەرمەندێک بە تابلۆکانیان بەشدارییان کردووە، کە باس لە ژن و ژینگە و ژیان دەکات، هەر تابلۆیەک لە خۆیدا گوزارشتی لە کولتوور و جلوبەرگی کوردی دەکرد، کە بە ڕەسەنایەتی کوردەواری بمێنێتەوە.

 

سورەیا لوتفی، نیگارکێش، وەک ژنێکی هونەرمەند لە شاری سنەوە بەشدارە، تابلۆکانی گوزارشت لە ژن و سروشتی کوردستان دەکات، وتی: دووەم جارە لە شاری سلێمانی بەشداری دەکەم، گروپەکەمان ٨ ژن و یەک پیاوین، تابلۆکانمان ئاماژە و گوزارشتە بە گرنگی پێدانی جلوبەرگی کوردی، هێشتنەوەی کولتوور و فەرهەنگی کوردی.

 

سورەیا لوتفی پەیامێکی بۆ ژنان نارد و وتی: هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ژنە، دەتوانن بەو توانا چالاکی و دەستی هونەرییانەی هەیانە، بیخەنەڕوو و لە کۆت و بەند خۆیان ڕزگار بکەن.

 

پێشانگاکە لە گەلەری مۆزەخانەی ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی لە ٧ی ئادار دەستی پێکرد و تا ١٤ی ئادار، ڕۆژانە کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ١٨:٠٠ بە ڕووی سەردانیکارانیدا کراوەیە.