وێنەکانی خەیاڵ گوزارشتە لە خەم و ئازارەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا

خەیاڵ سابیر، وێنەکێش، دەڵێت؛ لە ٢٦ پێشەنگادا بەشداریم کردووە، بەڵام تەنها خەڵک یەت دەستخۆشی دەکات و وێنەی لەپاڵدا دەگرن، کڕیار نین.

سلێمانی

 

لە ئێستادا ژنان سەرەڕای ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی لە کۆمەڵگەکەیاندا هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن بۆ دەرخستنی تواناکانیان و دەرچوون لەو ئەقڵیەتەی کۆمەڵگە.

 

خەیاڵ سابیر، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، لە منداڵییەوە دەستیکردووە بە وێنەکێشان و خولیای وێنەکێشانی هەبووە، لە تابلۆکانیدا گرنگی زۆریداوە بە ژنان و وێنەی ژنان دەکێشێت، لەوبارەیەوە وتی: لە کاتی وێنەکێشاندا حەزم بە کێشانی وێنەی ژنان هەبووە، بۆیە مامۆستاکانم سەربەستیان کردبووم لە قۆناغەکانی خوێندنمدا، لە قۆناغی سێیەمی خوێندنی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم، کاتێک بڕیارمدا زۆرینەی تابلۆکانم وێنەی ژن بێت.

 

"پێشەنگاکان هاوکارمن بۆ بەردەوامبوونم لە کاری وێنەکێشان"

خەیاڵی وێنەکێش، باسی لەوەکرد، بەپێی کاتەکانی کاری وێنەکێشان دەکات، دوای تەواوبوونی کارەکانی ڕۆژانەشی، خەریکی کاری وێنەکێشان دەبێت، هەروەها بۆدەرخستنی تواناکانی بەشداری چەندین پێشەنگای هونەری کردووە، بەڵام پێشەنگایەکی تایبەت بەخۆی نییە، خەیاڵی وێنەکێش دەڵێت: لە پێشەنگاکاندا سەردانیکەران دەستخۆشیم لێدەکەن، هەروەها هیوای بەردەوامیم بۆ دەخوازن و هانم دەدەن بەردەوام بم لە کاری وێنەکێشان.

 

زۆربەی وێنەکانی من بۆ دایکمە کە لە ژیاندا نەماوە"

خەیاڵ سابیر، ئاماژەی بەوەکرد کاتی وێنەکێشانی زیاتر لە شەواندایە، هەوڵدەدات هەموو توانای خۆی بخاتە کار بۆ کێشانی وێنەکان، ئامانجی کێشانی وێنەی ژنان لەلای ئەم وێنەکێشە، دەرخستنی تواناکانی ژنان و بەهرەکانیانە، هەروەها تابلۆکانی گوزارشت لە خەموو ئازارەکانی ژنان دەکات، وتیشی: سەرەتا بە قەڵەم وێنەکان دەکێشم پاشان بە بۆیە ڕەنگیان دەکەم، زیاتر گرنگیم داوە بە وێنەی ژنان لەناویاندا وێنەی دایکان، نەخۆشانی شێرپەنجە و خەموو ئازارەکانی ژنان و دایکان لە کۆمەڵگەدا، زۆربەی وێنەکانی من بۆ دایکمە کە لە ژیاندا نەماوە.

 

 

"لەهەر ئاستێکی تەمەندان گرنگی بدەن بە خولیاکانتان"

خەیاڵ سابیر، ئاماژەی بەوەدا ژنان بەربەستیان بۆ دروست دەبێت لە کاتی کارکردندا، بەڵام دەبێت کۆڵ نەدەن و بەردەوام بن لە کارکردنیان تا بتوانن ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببنەوە، هەروەها هەوڵبدەن بۆ دەرخستنی تواناکانی خۆیان، لە کۆتایشدا وتی: داواکارم لە ژنان لە هەر ئاستێکی تەمەندان گرنگی بدەن بەو کارەی هەیانە، هەر کارێکی دەستڕەنگینی بێت گرنگ ئەوەیە بەردەوام بن لە کارەکانیان و پشت بە تواناکانیان ببەستن، وەک من بەردەوامبن لە کارکردن و بۆ بونیادنانی کارەکانتان کۆڵ مەدەن.