ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان مەترسیدارن
بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا سەرەتای مانگی نیسان ١٥ژن لە باشووری کوردستان کوژراون و ٥ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

هێرۆ عەلی
سلێمانی-کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف لە لایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە، دیاردەیەکی قێزەون و نا شارستانییە، شتێکی نوێ نییە لەکۆمەڵگای کوردیدا، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یش حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەرۆکی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی گرتووە، ئەم چەشنە تاوانەش تەنها تاوانێک نییە دژی ژنێک بەڵکو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داھاتووش بە تایبەتی، بەوەی فشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ لە سەر خێزان بە جێدەھێڵێت، وەک پایەیەکی کۆنکریتی دژی گەشەسەندنی کۆمەڵگە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسی نوژنها، ژمارەی کوشتنەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەم شێوەیە بووە: مانگی کانوونی دووەم لە ئێوارەی ٤ـی کانوونی دووەمدا لە گەڕەکی چراخانی شاری سلێمانی ژنە خوێندکارێکی پۆلی ١٠ـی ئامادەیی رازی کچان، كە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو بە چەکی باوکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە ١١ـی کانوونی دووەم، ژنێک کە پێشمەرگەی زێرەڤانی سەربە پەدەکە بوو، لەلایەن براکەیەوە لە شاری هەولێر کوژرا. لە ١٥ـی کانوونی دووەمدا، ژنێک بە ناوی (ت.گ) تەمەن ٤٣ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی ئەلیاسەفڕەی شارۆچکەی پێنجوێن لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا و جەستەی شێوێندرا و دواتر ڕۆژهەڵاتی بەرەو کوردستان هەڵهاتووە و دواجار دەستگیر کرا. دوانیوەڕۆی ١٦ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر ژنێک، كە تەمەنی لەنێوان ٣٧ بۆ ٤٠ ساڵدا بوو، لەلایەن براکەیەوە بە چەقۆ کوژرا و دوای ماوەیەک بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد. شەوی ٣١ـی کانوونی دووەمیش، لە یەكێک لە سیتییەكانی نزیك گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک بە كوژراوی دۆزرایەوە.
لە شەوی ٢ی شووباتدا، لە گەڕەکی کانی کوردەی شاری سلێمانی لە نزیک مزگەوتی ڕەحمان، تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ دۆزرایەوە، شوێنەواری گولە بە جەستەیەوە دیار بوو، دواتر بکوژەکەی دەستگیر کرا.، لە پاشنیوەڕۆی ٣ـی شووباتدا، لە گەڕەکی ڕزگاری شارۆچکەی چەمچەماڵ، ژنێکی گەنجی لەدایکبووی ١٩٩١،لەلایەن خاڵییەوە کوژرا ، دواتر بکوژەکە دەستگیر کرا. لە ئێوارەی ٢٢ـی شووباتدا، لە زێی گەورە لەسەر پردی نێوان خەبات و کەلەکەوە، تەرمی ژنێکی ٢٩ ساڵ دانیشتووی شاری هەولێر دۆزرایەوە کە بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستداوە. لە پێش نیوەڕۆی ٢٧ی شووباتدا، لە شارۆچكەی بنەسڵاوەی شاری هەولێر، ژنێک لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە حەوت فیشەک کوژرا.
لە ٤ی ئاداردا، لە سنووری ئیدارەی سۆران، مامۆستایەک بە ناوی ئاوات محەمەد کەریم خەڵکی دەڤەری برادۆست و دانیشتووی شارۆچکەی چۆمان، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەوە گیانی لەدەستدا. لە ١٣ی ئاداردا، لە کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ، لە زێى گەورە سەر بە گوندى زەنگل، لە سنووری ئاکرێ، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، كە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى ژنەکە گرێدراوە و پێى خنکێنراوە، دواتر خراوەتە زێى گەورەوە. لە شەوی ١٣ مانگی ئاداردا، پزیشکێکی شاری هەولێر، بهناوی (س، م)، لە هێرشێکی دڕندانەدا، هاوژینەکەی سەنا کەمال، خوشكی هاوژینەکەی سەنارکەمال، دایکی سەنا، بە دەستڕێژی گولە کوشت، پاشان لە لایەن ئاسایشیی هەولێرەوە دەستگیرکرا. لە ١٩ی ئاداردا، لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق، (ب، ش) كە لە دەرەوەی وڵات گەڕابۆوە پێنج ئەندامی خێزانەكەی خۆی كوشت، کە ساینیان ژن بوون بەناوەکانی (نیهایەت قادر، دایکی بکوژ، سیما سالار و یارا سالار، خوشکی بکوژ).
٢ی نیسان، ژنێک بە ناوی ژیار محەمەد تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سەیدسادق و دانیشتووی شارۆچکەی بازیان لە سنووری سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەستدا. ٦ی نیسان، ژنێکی دانیشتووی شارەدیی ڕۆڤیان لە سنووری ئاکرێ بە ناوی (م. م. ك) تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن هاوژینەكەیەوە بەناوی (ا. م. ج) تەمەن ٢٧ ساڵ كوژرا.، ٩ی نیسان، تەرمی ژنێک بە ناوی “ش،ن،م” لە گەڕەکی سەرای شاری هەڵەبجە دۆزرایەوە، کە ئاسەواری شوێنەواری فیشەک بەسەرییەوە دیارە.
ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە، لایەنی پەیوەندیدار بە پاساوی جیاجیا، ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە تایبەت ژن کوشتن دەشارێتەوە، بەڕێوبەرایەتییەکانی توندوتیژی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی ئاماریان لێ زەوتکراوە، ڕێگە نادرێت ئەو ئامارانە بگەنە میدیا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە قسەیان لە بارەوە بکات، ستراتیژی کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژییەکان دابنرێت، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بەرچاویان ڕوون بێت و بتوانن ڕەوشی ژن هەڵسەنگێنن، ئامانجەکە ش کەمکردنەوەی دیاردەکە نیە، بەڵکو هەوڵێکی فریودەرانەیە بۆ کپکردنی پرسەکە و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا، هەروەها ٢٤ی ئاداریش وەزارەتی داد بڕیاری ڕاگرتنی ڕووماڵەکانی کوشتنی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەرکرد.
“سەقامگیری خێزان کاریگەری لەسە ژنان دروست دەکات”
ڕوقیە عوسمان، مامۆستای زانکۆ، باسی لە توندوتیژیەکانی دژی ژنان کرد و ئاماژەی بەوەدا: چەند شێوازێکی توندوتیژی هەیە، کە هەندێکی شێوازی ماددیە، وەک بریندارکردنی جەستەی ژنەکە، شێوازێکی تریشی مەعنە وییە، ئەویش بریندارکردنی هەستی ژنەکەیە، جا لەلایەن هاوژینی یان باوک و برای بێت ئەم جۆرە توندوتیژیەی ئاڕاستەدەکرێت، هەردوو جۆری توندووتیژیەکە لە کەسایەتی ژن دەدات، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە توندوتیژی مەعنەوییە، کە زیاتر کار لەسەر هەست و دەروونی ژنان دەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ بەرەو هەنگاوی تر، چونکە لەناو ناخی ژنەکەدا ڕەنگ ئەداتە وهەنگاو دەنێت بۆ شتی تر. ئەو مامۆستایە، باسی لە توندوتیژی دژی ژنان و هۆکارەکانی کرد، وتیشی: یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێنمەوە بۆ خێزان، چونکە تاک نمایشی خێزانەکان لە کۆمەڵگەدا دوبارە دەکەنەوە، بۆیە تا خێزان سەقامگیربێت توندوتیژی کەمتردەبێت، ژنی گەنج گەر لەناو خێزانێکی سەقامگیردابێت، واتا لەلایەن باوک و برایەوە تووندووتیژی بەرامبەر نەکرێت، کە چوە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە، لە ماڵی هاوژینەکەیدا ڕووبەرووی کەمترین توندوتیژی دەبێتەوە، بەڵام دواجار ئەو ژینگەیەی کە زۆر کاریگەردەبێت لەسەرژنان، بەگشتی خێزانەکەیەتی، چونکە کۆمەڵێک هۆکارهەیە بۆ توندوتیژی لەناو خێزان لەوانە، دڵپیسی، گومان، ئەمەش وادەکات کە سەکە بەرە و توندوتیژی بەرێت بەرامبەر ژنان.
"ڕێگریکردن لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکانی ژنان، هۆکارە بۆ زیادبوونی کوشتی ژنان “
ڕوقیە عوسمان، سەبارەت بە ڕیگری لە ڕوماڵکردنی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ڕوماڵنەکردنی کوشتنەکانی ژنان کارێکی باش نیە، چونکە داواجار شاردنەوەی ئەم کەیسانە والە خەڵک دەکات بەردەوام بن لە سەر توندوتیژی، هەروەها کاتێک لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە خەڵک دەبینێت کەیسێک یەکلایی دەبێتەوە، ئەمە دەبێتە خاڵێک لەسەر چاوی کۆمەڵگە خەڵک خۆیان بپارێزن، بەڵام ئەگەر نەبینرا و نەبیسترا و نەمان زانی کەیسەکان و کوشتنەکان و مافەکانی ژنان نەزانرا، ئەوکات خەڵک توندوتیژیەکانی لا ئاسایی دەبێت، دەڵێت: بەرزبوونەوەی ڕیژەی کوشتنی ژنانی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە، یەکلاینەکردنەوەی کەیسەکانی ژنان ودانەنانی چارەسەری ڕیشەی بۆ کێشەکە، بەسزانە گەیاندنی تاوانباران، لاوازی دادگاکان، دەست تێوەردان لە کەیسەکان، چونکە کاتێک ڕوداوێکی کوشتن لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە دواتر چاەرونوس و سزای تاوانبار نازانرێت، کە ئایا لە زیندان دەمێنێتەوە یان بەهۆی دەستێوەردانی تایبەت کەیسەکە بەلاڕیدادەبرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامین، هەمیشە دادگاکان کەیسەکانی تایبەت بەژنان پشتگوێ ئەخەن و وەکو کەیسەکانی دیکە سەیرناکرێت، هەروەها لەناو حکومەتدا سێ دەسەڵات هەیە، ئەوانیش: ئەنجومەنی وەزیران و دادگاکان و پەرلەمانە، کە لەسەرئەوانە چۆن ئەم یاسایانە جێبەجێبەکەن لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا، هەروەها حاکمەکانیش دەکەونە ژێر کاریگەری هەندێک فکرەوە کە نەتوانن حەقی تەواو بدەن بە کەیسەکانی ژنان.
لە کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی ڕێگەچارەسەرییەکان ڕوقیە عوسمان وتی: ەکەم هۆکار بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە خودی ژن خۆیەتی، ڕێگە نەدات توندوتیژی بەرامبەربکرێت، ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن یان باوکێتی یان برایەتی یان هاوژینێتی، لەبەر ئەوە دەبێت ژنان خۆیان ڕۆشنبیربکەن یاخود لەڕیگەی کردنەوەی خول یان پیشاندانی پانێل و سیمینارە و هۆرکشۆپەوە خۆیان بەروپێش ببەن، هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنانش ڕۆڵێکی زیاتریان هەبێت لە کەیسەکانی ژناندا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش ڕۆڵیان هەیە لە ڕۆشبیرکردنی ژنان.