لە قەندیل ٨ی ئادار پیرۆزکرا
لە بناری قەندیل ژنان بۆ پێشوازی کردن لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ئاهەنگیان ڕێکخست و پەیامی خۆیان ئاڕاستەی هەموو ژنانی جیهان کرد.

دیڤان سیهاد
قەندیل- ڕۆژی ٧ی ئادارلە لایەن شارەوانی بناری قەندیل بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان ئاهەنگێک ڕێکخرا، لەسەرەتادا خولەکێک ڕێز لەگیانی پاکی شەهیدان گیرا، هەروەها کورتە ڤیدۆیەک سەبارەت بە تێکۆشانی ژنان پێشەکەش کرا، هەر بەم بۆنەیە ژنانی ئەو دەڤەرە ڕۆژی ٨ی ئاداریان لە ژنان و زیندانیانی سیاسی پیرۆز کرد.
سەروین جەلال، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل خەڵکی گوندی بۆکریسکان وتی: ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنانی جیهان لە هەموو ژنانی کوردستان پیرۆز دەکەم و ڕێز لە خەبات و بەرخۆدانی بێهاوتایان دەگرم، دیارە ٨ی ئادار ڕۆژێکی پر ماناو گرنگە بۆ سەرجەم ژنانی جیهان، سەرەتا ئەم ڕۆژە لە سەرۆک ئاپۆ ئەندازیاری فەلسەفەی ئازادی و هەموو ئەو ژنانەی کە لە پێناو ئازادیدا بەرخۆدان، و گیان فیدا دەکەن پیرۆز دەکەم، هاوکات ئەو دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە پێناو سەربەرزی وڵاتدا، بە تێکۆشانی ئازادی داوە و بێوچان تێکۆشان دەکەن پیڕۆز دەکەم، هەروەک دەزانین پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپیندراوە، هەر دوو ڕێهەڤاڵمان بە تێکۆشان بۆ ئازادی دوور لە عەقلییەتی پیاو تێکۆشانیان کردووە، لە هەر کەسێ زیاتر ئەم ڕۆژە پێشکەشە بە ئەو هەر دوو بەرخۆدێرە کە بە چۆک دانەنان لە بەرامبەر زهنییەتی کۆنەپەرستانە، واتای ڕاستەقینەیان بەم ڕۆژە بەخشیوە.
ئاواز ئیسماعیل، دانیشتووی بناری قەندیل وتی: ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەم، بەتایبەت لە ئەو ژنانەی کە لە بەرامبەر عەقلییەتی پیاوسالاری و سیستمی دەوڵەتگەرایی وەستاونەتەوە و تێکۆشان دەکەن پیرۆز بێت، ٨ی ئاداری ئەمساڵ جیاوازتر لە هەر ساڵێکیتر دەبینین، لەبەر ئەوەی کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز عەبدولا ئۆجالان پەیامی لە نوێ ژیانەوەیە بۆ ژنان و پیویستە ژنان لە هەر کەسێک زیاتر ئەم ئەرکە مێژووییە بگرنە سەر شانی خۆیان وپێشەنگایەتی بۆ بکەن، هاوکات ئەم ڕۆژە لە هەموو کەسێک زیاتر بۆ بەرخۆدێرانی زیندانی ئێڤین، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەنرخە، چونکە سەلماندوویانە کە ژنان لە کوێ دەبن باببن پێویستە لە بەرامبەر زهنییەتی کۆنەپەرەستانە تێکۆشان بکەن.
ڕوناهی حسێن، خەڵکی بناری قەندیل وتی: من سەرەتا ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕێبەری ڕێبەران لە ئەندازیاری ئازادی پیرۆز دەکەم، لە هەموو ژنانی تێکۆشەری کورد، هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان هەموو شەڕڤانانەی کە ئەمڕۆ نمایشی ژنی ئازاد دەکەن، سڵاو لە بەرخودان و خۆڕاگریان دەکەم، هیوادارم کە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا هەموو ڕۆژێک ببێتە ڕۆژی ژن، هەروەها ڕۆژی ئازادی ڕێبەرئاپۆش ببێتە ڕۆژی سەرکەوتن بۆ گەلی کورد.
ئەدیبە علی ژنێکی دانیشتووی قەندیل وتی: ڕۆژی٨ی ئادار لە هەموو ژنانی جیهان و ژنانی گەلی کورد پیرۆز بێت، بەتایبەت هەموو ئەو ژنانەی کە لە شاخەکان چەکیان هەڵگرتوە و بەرخۆدان دەکەن پیرۆز باییان لێ دەکەم، ماندوو نەبن هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مەرزیە ئەحمەد دانیشتووی بناری قەندیل ٨ی ئادای پیرۆز کردو وتی: ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان لە هەموو ژنانی جیهان و تایبەت لە ژنانی کورد پیرۆز بێت، هیوادارم ئەم کۆسپ و زەحمەتییانەی کە ژنان بە هۆی عەقلییەتی پیاوسالاردا بەدەستتییەوە دەناڵێن کۆتایی پێبێت.