مۆزەخانەی سلێمانی؛ شوێنی پاراستنی مێژووی ١٠٠ هەزار ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
مۆزەخانەی سلێمانی، مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٦١ دەگەڕێتەوە، شوێنێکە تەواوی شوێنەوارەکانی سەردەمی چاخەکانی بەردین لە خۆ دەگرێت، شوێنی پاراستنی مێژووی ١٠٠ هەزار ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لەگەڵ گەڕان و لێکۆڵینەوە بەدوای مێژووی ناوچەکاندا، مۆزەخانەکان دەبنە پارێزەری مێژوو، مۆزەخانەی شاری سلێمانی بە پارێزگاریکردن لە سەدان هەزار شوێنەوار، کە مێژووی بەشێک لە شوێنەوارەکان بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، بووەتە پارێزەری مێژووی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانیکەران بۆ زانین و تێڕوانین لە مێژووی ناوچەکە ڕۆژانە سەردانی دەکەن.
مۆزەخانەی شاری سلێمانی، لە ١٤ی تەمووزی ١٩٦١، لە شاری سلێمانی دامەزراوە، لە سەرەتای دروستکردنیدا لە خانوویەکی بچوکی گەڕەکی شۆڕشی شاری سلێمانی بونیاد نرا، پاشان لە ساڵی ١٩٨٠ گواسترایەوە بۆ ئەو جێگەیەی ئێستای لە شاڕێی سالم، لە مۆزەخانەکەدا چەندین پارچە ئاسەواری سەردەمە جیاوازەکانی کوردستان و میسۆپۆتامیا لە خۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی عێراق بە دووەم مۆزەخانە دادەندرێت، یەکێک لە ئاسەوارە گرنگەکانی مۆزەخانەکە، تابلێتی پێنجەمی تازە دۆزراوەی "داستانی گلگامێش" کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلی کۆن، لە ساڵی ١٥٩٥ – ٢٠٠٣ پێش زاین دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا لە مۆزەخانەی سلێمانیدا پارێزراوە، بە پێی یاسای پاراستنی مۆزەخانە لە کاتی جەنگدا بۆ پاراستنی بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت، بۆ یەکەمجار لە کاتی جەنگی نێوان عێراق و ئێران داخرا، پاشان بە هۆی جەنگی نێوان عێراق و کوەیتەوە داخرایەوە تا ساڵی ٢٠٠٠ دا بە مەڕاسیمێکی شکۆمەندانە بەڕووی گەشتایراندا کرایەوە.
مۆزەخانەکە لە چەند گەلەریەک پێکدێت، یەکێک لە گەلەریەکان تایبەتە بە پێش مێژوو، یەکێکی دیکە چیرۆکەکان نووسراوەتەوە، دوو لە گەلەریەکان تایبەتە بە ساسانییەکان، کە پێکدێن لە داتاشراوەکانی پاشای نەرسینی و بەردەنووسراوەکان، یەکێکی دیکەش لە گەلەرییەکان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی وەرکا تا عوسمانییەکان، هەموو ئەو پارچانەی لە مۆزەخانەی سلێمانیدایە، بەشێک لە وڵاتی دوو ڕووبار پێکدەهێنن، مۆزەخانەی سلێمانی دەوڵەمەندە بە پارچەی شوێنەواری، کە دەگەڕێتەوە بۆ پشکنین و گەڕانیکی زۆری ناوچەکە، پاشان گەڕێندراونەتەوە بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.
یەکێک لە تابلۆ زۆر کۆنەکانی ناو مۆزەخانەکە، تابلۆی پێنجەمی گلگامێشە، چیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلی کۆن، داستانێکی ئەفسوناوی لە پشتییەوە هەیە، گلگامێش یەکێکە لە پاشاکانی شاری ئوروک، لەگەڵ ئەنکیدۆی هاوڕێیدا دەچن بۆ داستانەکانی ئەرزڕو بۆ گرتنی خۆمبابا، لە دارستانەکەدا بۆ یەکەمجار ئاژەڵی مەیموون دەبینن، کە زۆر هەڵبەز و دابەز دەکات، کە ئەم تابلۆیە بە زمانێکی هۆنراوەیی نوسراوەتەوە، هەروەها لە سنووری سلێمانیدا، هەژدە تیمی پشکنینی بیانی لە سەرتاسەری وڵآتانی جیهاندا بە نوێنەرایەتی ئەندامی نوێنەری شوێنەواری سلێمانی، لە شوێنەکاندا بە بەردەوامی لە گەڕان و پشکنیندان، پاشان دەگەڕێندرێنەوە بۆ مۆزەخانەی شآری سلێمانی.
کۆنترین شوێنەوار لە ناو مۆزەخانەی سلێمانیدا، بەردێکی شێوە تەورییە، لە بەردەڕەق لە نزیک شاری سلێمانی دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بەردینی کۆن بە نزیکەی بۆ ١٠٠هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، پێ دەچێت بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵ یان خۆپاراستن بەکاریان هێنابێت.