"پەیامەکەی رێبەر ئۆجالان،٨ی ئادار بە واتادارتر دەکات"

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەڵێت: پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان، کە بانگەوازی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک دەکات هێندەیتر ٨ی ئادار بەواتادارتر دەکات، هیچ شتێک لە ئاشتی و دیموکراسی بەهادارتر نییە.

ئاڤزەم ڤیان

 

ناوەندی هەواڵ- لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ژنانی کورد نیشانیان داوە کە ٨ی ئادار بۆ ئەوان تەنیا ڕۆژێکی ڕەمزی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی خەباتێکی بەردەوامە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە تا دەگاتە خۆڕێکخستن و بەرخۆدانی سەربازی، بەم شێوەیە نەک هەر دژی چەوساندنەوەی ڕەگەزی، بەڵکو دژی ئەو پێکهاتە هەژموونگەرانەی کە ئازادی سنووردار دەکەن، ڕاپەڕیون، ئەوان لە دڵی پڕۆسەی ئاشتی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، نەک وەک چاودێر، بەڵکو وەک هێزێکی پێشەنگ ئامادە بوون، پرسیاری بنەڕەتی لەم کاتە مێژووییەدا ئەوەیە کە چۆن ئەم دەستکەوتانە بپارێزرێت و قووڵتر بکرێتەوە؟ چۆن ژنان دەتوانن ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان لە ئاستی ڕەمزی تێپەڕێنن و ببنە هێزێکی ڕێکخراو بۆ گۆڕانکاری پێکهاتەیی؟ ئەم پێویستییە نەک هەر بە واتای پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕابردوو، بەڵکو بە واتای دروستکردنی ڕێگایەکی نوێ بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەکانی ژنان و چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە بڕیاردانی گەورەی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی ئاشتییەک لەسەر بنەمای دادپەروەری و ئازادی ڕاستەقینەیە.

 

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی لە چوارچێوی ئەم پرسیارانەدا و هاوکات پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە پرسی ئاشتی وڵامی دایەوە و وتی: ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە گەلانی ئازادیخواز و ژنانی ئازادیخوازانی جیهان بە تایبەت لە ژنانی کورد پیرۆز دەکەم، لەبەر ئەوەی کە ژنانی کورد لە ناو تێکۆشانی خۆیاندا لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بە ڕەنج و ماندووبوون و تێکۆشانی خۆیان نیشانیاندا کە ٨ی ئادار  بۆ ئەوان تەنیا بە ڕۆژێک سنوردار نییە، بەڵکو بە ڕەنج و تێکۆشانیان لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی، فکری، ئایدیۆلۆژی ولە هەمانکاتدا بە سەرپێخستنی دەزگاو ڕێخستنە خۆبەڕێوەبەرەکانیان لە ناو شۆڕەشی فیکری و دیموکراتییەکاندا توانییان بە هەمو جیهانی نیشان بدەن کە ٨ی ئادار تەنیا ڕۆژێک نییە بەڵکو هەموو ڕۆژێکی ساڵە.

 

وتیشی: ئەوەی کە زۆر گرنگە لە ٨ی ئاداردا، وەک ڕۆژێکی سەمبولیک ئاوڕ لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە و ئێستامان هەڵسەنگێنین، بۆ داهاتوشمان بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا دەستکەوتەکانمان چین؟ کەم و کورتییەکانمان چین؟ لە کوێدا دەتوانین ئێمە گۆڕانکاری درووست بکەین، و بەشێوەیەک کە بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەکانی خۆمان بتوانین لە داهاتودا تێکۆشانێکی بە بەرهەمتر و تۆکمەتر هاوکات تێکۆشانێکی پێکەوەیی و هەرەوەرزیانە بەڕیوە بەرین، تێکۆشانێک کە نەک تەنیا قەتیس بێ لە بەرەی تێکۆشانی ژناندا، بەڵکو بتوانێت تێکۆشانێکی وەرچەرخێنەربێ لە هەموو بووارەکانی سیاسەتی دیموکراتیکدا، چ لە بواری ئابوری، تەندروستی، پەروەردە، بۆ گۆڕانکاری لەو زێهنییەتەی کە دەیەوێ ئایین، خێزان، لە بوارەکانی پەروەردەدا هەروەها  نەریت لە دژی ژن بەکاربهێنێت، بەڵکو ژن بە ڕەنج و تێکۆشانی خۆی لە بەرەو پێشبردنی زەمینەی ئاشتی و هەروەها بەرەوپێشبردنی زەمینەی نەتەوی دیموکراتیک بتوانێت ئەو بووارانە بۆ وەچەرخان و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەرهەم بێنێت..

 

ژنان چۆن ببنە هێزێکی بڕیاردان

نەجیبە قەرەداغی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی کە لەم قۆناغەی ئێستادا زۆر گرنگە ژنانی کورد، بە تایبەتی ژنانی کوردستان لەسەر بوەستن، ئەوەیە کە چۆن لە بوارەکانی کۆمەڵگەدا زیاتر بتوانن بۆ بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکان و بەشداری پێکردنی کۆمەڵگە لە بواری دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆدا، کۆمەڵگە بکەنە خاوەنی بڕیار و جێگەی گفتوگۆ هەروەها پاراستنی دەستکەوتەکانیان.

وتیشی: وەک ژنانی کوردستان پێویستە بیری لێ بکەینەوە کە چۆن پیشەنگایەتیەکی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگەکەمان و ژنان بەکەین، و هەر یەک لە ژنان نە تەنیا ببن بە پەراوێزێکی تێکۆشان بەڵکو ببنە پەلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشان لە هەموو بووارەکاندا. هاوکات چۆن بتوانن ببنە هێزی بڕیاردان و ببنە هێزی وەچەرخانی ئاشتی و دیموکراسی بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتێکی دیموکراتییانە، کە لەسەر بنەمای بەشداری ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە و ژنان بێت، ئەوەی کە ئێستا لە جیهاندا جێگای ڕەخنەیە گۆڕانکارییەکان لە هەموو ڕەوتەکانی فێمێنیزم و لەگەڵ هەموو ئەو دەستەکەوتانێی کە بەدەست هاتووە ،بەڵام لە هەمان کاتدا ڕاستییەکمان بۆ ئاشکرا بووە کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان بە تەنیا گۆڕانکاری یاسایی بەس نییە، بەڵکو ئەوەی کە زۆر گرنگە کە ئێمە چۆن بتوانین لە ناو کۆمەڵگەدا خاوەن ڕێخستنێکی خۆبەڕێوەبەرییانە بۆ ژنان بین و بەم ڕێخستنە چۆن بتوانین گۆڕانکاری بە کۆک لەو عەقلییەتەیا بکەین کە زێهنەییەتی دەسەڵاتداری، پیاوسالاری و پلەداری لە ناو کۆمەڵگەدا درووستی کردووە و لە هێزی خستووە، کە بۆ چارەسەری دیموکراتیانە باوەڕی و متمانەی بە خۆی بێت.

 

"ژن جەوهەری شۆڕشی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتییە"

نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەڕۆڵ و تێکۆشانی ژنان لە نا کۆمەڵگەدا کردو وتی: ژنانی کورد نموونەیەکی بەرجەستەیان دروست کرد، و نیشانیاندا کە لە پێشکەشکردنی تێکۆشاندا، گۆڕانکاری چۆن درووست دەکردرێت. بە دەیان ساڵی تێکۆشانیان بۆ کردنەوەی ئەو مەیدانە بۆ کۆمەڵگە هەر لە سەرهەڵدانی جەماوەرییەوە هەتا بوارەکانی سەربازی و خۆپاراستن هەوڵیاندا، تەنانەت لە بواری چارەسەر کردنی کێشەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵیان بینیوە و ئێستاش ڕۆڵ دەبینن. لە سەرپێخستنی ئاکادیمیاکانی سیاسەت و زانستیدا ڕۆڵی بەرجەستەیان بینیوە، و لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا پێشەنگایەتییان کردووە و بە هەموو جیهانیان سەلماندووە کە ژن بەشێک نییە لە شۆڕش بەڵکو جەوهەری شۆڕشی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتییە و بەم ماتەوزێیەی کە هاتۆتە مەیدان بۆ تێکۆشان، ژنانی کورد بوونە نمونەیەک بۆ جیهان، چیتر کۆمەڵگەی کورد ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە لەسەر بنەمای شەرەف ژنان دەکوژێت، بەڵکوبووە بە نەموونەیەک بۆ ئەوەی کە پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی دیموکراتییانە جیهان دەکات.

 

"تا ئەو کاتەی کە ژنێک لەدەروەی پڕۆسەی سیاسەتی دیموکڕاتییانەدا بمێنێتەوە ،پڕۆسەکە بەردەوامە"

نەجیبە قەرەداغی سەبارەت بە تێکۆشانی ژنان لە ناو کۆمەڵگەی کۆنەپەرستدا وتی: هاوکات چۆن لە تێکۆشانی چەکداریدا ژنانی کورد هەموو ئەو عەقلییەتە کۆنە پەرەستەی کە لە نێو کۆمەڵگەدا بە ناوی (ناتوانێ و نازانێ) لە بەرامبەریان کراوە، تێکیانشکاندووە، لە هەمان کاتیشدا لەو پڕۆسەیەی کە پێیدەوترێت پڕۆسەی ئاشتی، ژنانی کورد لە ناو کۆمەڵگەدا دەتوانن جارێکیتر ئەم هێزە وەچەرخێنەرەی سیاسەتی دیموکڕاتیانەی ناو کۆمەڵگەدا دروست بکەن بەشداری تێدا بکەن. ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەک نییە کە لە خاڵێکەوە دەستپیبکات و لە خاڵێکی تروە کۆتایی بێت بەڵکو تا ئەو کاتەی کە ژنێک لەدەرەوەی پڕۆسەی سیاسەتی دیموکڕاتییانەدا بمێنێتەوە ،پڕۆسەکە بەردەوامە، ئامانج لەم پڕۆسەیەش ئەوە دەبێت کە هەموو کۆمەڵگە بەشداری تێدا بکات. بۆ ئەوەی کە سیاسەت تەنیا لە چوارچێوەی ئەلیتێکی دەسەڵاتدار لە حوکمڕانیدا قەتیس نەبێت، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە بتوانێ بەشداری لە سیاسەتی دیموکڕاتییانە بکات کە چۆن بتوانێ ژیانی خۆی بەو مۆدێلەی کە باوەڕی پێیەتی داڕێژ بکات، وڵامی ئەو کێشانەی لە زێهنییەتی دەسەڵاتدارییەوە بەرهەم هاتووە، لە کۆچبەری هەتا توندوتیژی بەرامبەر بە ژن و هەموو ئەو داب و نەریتە کۆنەپەرەستانەی کە لە ناو کۆمەڵگەدا بەکۆک بوون بداتەوە.

 

"ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەر قافڵەی شۆڕش و ڕێنسانسن"

وتیشی: شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەموو ئەو داب و نەریتە ناشرینانەی کە لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە دەیخاتە ژێر پرسیار، کە لە ڕابردوودا بەهێز و توانای خۆی هەوڵی چارەسەر کردنی داوە، ئەمە تەنیا بە تێکۆشانی ژنان دەستەبەر نابێ ، بەڵکو ژنان ڕۆلێکی سەرەکە لەوەدا دەبینین، بەڵام لە هەمانکاتدا بە بەشداری کردنی هەموو بەشەکانیتری کۆمەڵگە ئاشتەوایی پێکان دەبێت، شۆڕشێک ئەگەر نەتوانێ ژن بێنێتە مەیدانی بڕیاردان و هەموو کؤمەڵگە بەشداری پێنەکات ،هەمانکاتدا ئەگەر شۆڕشێک یان ڕێخستنێکی خۆسەری ژنان نەتوانێ ئەو ماتەوزەیەی کە لە ژناندا هەیە بە شێوەیەکی بە جۆش بخرۆشێنێتە مەیدانی تێکۆشانی ئازادی، لە ڕاستیدا ناتوانین وەک شۆڕش ناوی لێ بنێین. بۆ ئەوەش هەر وەک چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناخی سەرلەنوێ نوێکردنەوە و ڕێنسانس و ڕۆشنکردنەوەدایە، ژنانی کورد سەر قافڵەی شۆڕشی و ئەو ڕێنسانسەن. من بۆخۆم وەک ئەندامێکی ئاکادەمی ژنۆلۆژی  لەو بڕوایەدام ژنانی کورد بە متمانە بوون بە هێزی جەوهەری خۆیان دەتوانن بەو ئیلهامەی بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی ژنانی کورد کە بەدەستیان هێناوە ، ئەم قۆناخەش بەسەر بخەن و ژیانێکی شایستە بە واتای راستەقینەی ژیان پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن و جارێکیتر کۆمەڵگەش بکەنە خاوەنی ڕاستەقینەی هێزی متمانە بوونی پاراستن و خۆبەڕیوەبرنی خۆیان."

 

"پەیامەکەی رێبەر ئۆجالان ٨ی ئادار بە واتادارتر دەکات"                                                                     

نەجبیە قەرەداغی ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک کە ٨ی ئادار پیرۆز دەکەین پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان، بانگەوازی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک هێندەیتر ئەو بۆنەیەی واتادارتر دەکات، لەبەر ئەوەی کە ئەو  تێکۆشانەی لە قۆناغی ڕابردوودا کراوەو هەموو ڕۆژێکی کردووەتە ٨ی ئادار، بۆیە بەم بانگەوازییە و بەسەرخستنی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتییانە ڕۆژەکە واتادارتر دەکات، ئەو ژنانەی کە  لەو پێناوەدا لە هەموو ئەو دام و دەزگایانەی کە ئەنجامی تێکۆشانی ٥٢ ساڵی قۆناغەکانی ڕابردووە، و بە ڕەنج و ماندوو بوونێکی زۆر هاتۆتە قۆناخی ئەمڕۆ زیاتر خۆی بەرپرسیار دەبینێ لەوەی کە، قۆناغی چارەسەری و ئاشتی دیمووکراتییانە پێشبخات.

 

وتی: هیچ شتێک لە ئاشتی و دیموکراسی بەهادارتر نییە، هیچ شتێکیش لە پێناو ئەوەدا کە ڕەنج و تێکۆشانی بۆ بدرێت بەهادارتر نییە، لەم قۆناغەی ئێستادا ئێمەی ژنانی کورد، ئاکادەمییای ژنۆلۆژی خۆمان بە بەرپرسیار دەبینین لە ئاستی بەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتییانە و هەروەها وڵامدانەوەی قۆناغەکە بەشێوەیەک شایستە بێت بە هەموو ئە قوربانییانەی کە لە قۆناغی ڕابردوودا دراوە.

 

نەجیبە قەرەداغی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە زۆر باش لە درکی ئەوەداین کە سەرخستنی ئاشتی زۆر زەحمەتتر و قورسترە لە قۆناغی شەڕ، بە دەرک کردن بەم ڕاستییە دووقات کردنەوەی هێزی فکری و کرداری خۆمان و بە تایبەتی تەقاندنەوەی ئەو ماتەوزەیەی کە لە ئێمەدا هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە گرنگ دەبینین و بەشداری کردنی هەموو کۆمەڵگە و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی ژنان گرنگ دەبینین بۆسەرخستنی ئەم پرۆسەیە، جارێکیتر ٨ی ئادار لە هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان و ژنانی کورد پیرۆ بێت.