ڕێوڕەسمی ساتی - ٣
جەوهەری خۆشەویستی ئەوەیە ژن بتوانێت ناسنامەی ڕەسەنی خۆی بەدەست بهێنێت و بیپارێزێت. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ شۆڕشی ژنان و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بە گێڕانەوەی ئەم ڕێبازە هەژمار بکرێن.

ڕۆژبین دەنیز
ڕێوڕەسمی ساتی و خۆئاگاداریی ژنۆلۆژی لە خەباتی هاوچەرخدا
کۆمەڵگەکان لە فۆڕمی سروشتی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و ناوەندی ئەفسانەی ساتی بوون و بەرەو نەخشە جێندەرییە پیاوسالارییەکان ڕۆیشتوون، خوداوەندەکان هەنگاوی یەکەمیان لەسەر ئەم ڕێگایە ناوە، شامانەکان بە جیاکردنەوەی پیاوان لە ژن، وێنەی ژنیان بچووک کردەوە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانرێت بکرێتە قوربانی پیاوان، هەرچەندە ئێمە ئەم گێڕانەوەیە دەگەڕێنینەوە بۆ هیندستان، بەڵام بڵاوکردنەوەی هاوشێوە لە کولتوورە جیاوازەکانی جیهاندا هەن.
زۆر گرنگە کە بە شێوەیەکی دروست ئەو هەڵوێستە شی بکرێتەوە کە ژن بە درێژەی پیاوان دەزانێت نەک تەنها لە جەستەیاندا، بەڵکو لە ڕۆح و بیرکردنەوەکانیشدا، ئەم تێڕوانینە کە ژن لە فۆرمەکانی کۆیلایەتیدا قەتیس دەکات، ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهاندا بووەتە سیستەم و دامەزراوەیەکی ڕەگداکوتاوی قووڵ.
ئەم گێڕانەوەیە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە و لە چوارچێوەی سیستمی پیاوسالاریدا دووبارە دروست بووەتەوە، لە لێکدانەوە نوێیەکەدا خوداوەند ساتی بووەتە هێمای یەکێتییەکی هاوسەرگیری بەردەوام و بەختەوەر، بەم شێوەیە بیرۆکەیەکی بەربڵاو هاتۆتە ئاراوە کە دڵسۆزی ژن بۆ هاوژینەکەی تا ڕادەی مردن بە واجب دەزانێت.
لەم ڕوانگەیەوە هاوژین پێگەیەکی خودایی هەیە بۆ ژن، شایەنی خۆشەویستییە، هەروەها ئیتیمۆلۆژیای وشەکان ئەم چەمکە بەهێزتر دەکات؛ هەروەک چۆن "سوامی" لە زمانی سانسکریتدا کە بۆ "هاوژین" بەکاردێت، واتای "پەروەردگار"یشی هەیە. وشەی "پاتی" دووانەی "مێرد/ئاغا"یشی هەڵگرتووە.
بەم پێیە دابونەریتی ساتی لەسەر بنەمای بیرکردنەوەیەک دامەزراوە کە دڵسۆزی ڕەهای ژن بۆ هاوژینەکەی دیاری دەکات؛ وەفایەک کە تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی کە مرۆڤ خۆی لە پێناویدا بکاتە قوربانی.
"دایکی ئایدیاڵ"، "ژنی ئایدیاڵ" و "بوکی ئایدیاڵ"
هەرچەندە ئەمڕۆ لە هیندستان یان ناوچەکانی تری جیهان ژنان دوای مردنی هاوژینەکەی بە زیندووی ناسووتێن، بەڵام زاڵبوونی دەروونی و جەستەیی پیاوان بەسەر ژناندا لە ڕێگەی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێشتا بەردەوامە، بە واتایەکی تر داب و نەریتی ساتی (نەک خوداوەندی ساتی) وەک سیستمێک کە ژنان لە کۆیلایەتیدا قەتیس دەکات، بەردەوامە، کۆمەڵگە ژنان لە چوارچێوەی نمونەی "دایکی ئایدیاڵ"، "ژنێکی ئایدیاڵ" و "ژنی ماڵەوە"دا دادەنێت و لە سووڕی نۆرمەکانی خێزان و نەریتی و خێڵەکیدا دەیانخاتە تەڵەوە.
قوربانیدانی ژنان لە توندڕەوترین شێوە لە هیندستان ڕوویدا؛ ژنان بە زیندووی لە ئاگردا دەسوتێنران و دوای مردنی هاوژینەکەیان دەبنە "قوربانی". هەرچەندە ئەم ڕێوڕەسمە بە بەرزکردنەوەی ژن بۆ ئاستی "خودایی" لێکدرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەرکەوتنی سزای خوداوەندەکان بوو بۆ ژنان، کە وردە وردە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی ئایینیدا داکوتاوە. بەم شێوەیە وێنەی ژن بە شەرەف و دڵسۆز بۆ هاوژینەکەی لە کۆمەڵگەدا جێگیر بوو.
ئەم جۆرە بیرکردنەوە تا ئەمڕۆ ژنانی لە زنجیرەی کۆیلایەتیدا هێشتووەتەوە، ئەم تێڕوانینە ژن ناچار دەکات لە نیگای پیاوەکەدا ون بێت و تا کۆتایی ژیانی بە وەفادار بێت بۆی، هەروەها فێرکارییە ئاینییەکان ژن بە خزمەتکاری هاوژینەکەی دەزانن، کە ئەرکی سەرەکی تێرکردنی ئارەزووی سێکسی و دڵخۆشکردنی هاوژینەکەیە.
لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا، ژنانی بێهاوژین بە بیانووی ڕێگریکردن لە "لادان" ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توند دەبنەوە. دوای مردنی هاوژینەکەی بە میراتگر دادەنرێت کە دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ برای هاوژینەکەی بکات. بەم شێوەیە یان لە قەفەسێکی نەبینراودا قفڵ دەکرێت یان وەک تەرمی پیاسەکار لە چاو شاراوەیی دەمێنێتەوە. ژنێکی وا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دوور دەخرێتەوە و دەبێتە بوونەوەرێکی نەبینراو.
ڕەفتارەکانی وەک ڕیشتاشین سەر، بڕینی قژ، خەوتن لەسەر زەوی، ڕۆشتن بە پێی ڕووت، ئەنجامدانی کاری ماندوو (کە جۆرێکە لە ئازاردانی جەستەیی)، لەبەرکردنی جل و بەرگی زەرد، خۆڵەمێشی، قاوەیی، یان ڕەش، فڕێدانی زەڕەنگەری دوای مردنی هاوژینەکەی، دەرکەوتەی جۆراوجۆری بەردەوامبوونی داب و نەریتی ساتییە.
ئەوەی جێگای سەرنجە کۆمەڵگە سەرسامی ئەم ژنانە وەک ژنێکی پیرۆز و پاک و خاوێنە کە لە دڵسۆزییان بۆ هاوژینەکەیان نمونەن، ئەم جۆرە سنووردارکردنانە نەک تەنها لە هیندستان، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر شوێنی جیهان بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت و لەژێر فشاری نۆرمەکانی کۆمەڵایەتیدا ئەو سنووردارکردنانە قبوڵ دەکەن. بەڵام ئەم ڕەفتارە هەرگیز لە پیاوان چاوەڕوان ناکرێت.
ئەم ڕوانگەیە وا دەخوازێت ژن لەگەڵ پێوەرە خوازراوەکانی پیاودا بگونجێت و ژیانی خۆی ڕێکبخات بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕۆحی و جەستەییەکانی. ئەو بیرۆکەیەی کە ژن پابەندە بە جەستە و ڕۆح و عەقڵی خۆیەوە بە تەواوی خزمەت بە پیاوان بکات، پێویستە وەک پێکهاتەیەک تێبگەین کە لە شامانەکانەوە بۆ خوداوەندەکان گواستراوەتەوە و تا هەڵوێستی پیاوسالاری ئەمڕۆ بەردەوام بووە.
بناغەی ئەم نەریتە لەسەر ئەو پلەبەندییە دامەزراوە کە پیاوان لەسەر جەستەی ژنان هەڵکەندراون. سنووردارکردنی ناسنامەی ژن، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی جەستەییەوە، تەنیا یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئەم هەڵوێستە بەربڵاوە.
خەبات بۆ ئازادی لە ژێر ڕۆشنایی ژنۆلۆژیدا
لە ململانێ جیهانییەکانی ئەمڕۆدا کە لەسەر بنەمای ئایینی، ڕەگەزی، ناسیۆنالیستی و جێندەری دامەزراون، ژنان بەردەوامن لە قوربانیی سەرەکی. هێڵێکی ئایدیۆلۆژی هەیە کە دەڵێت دەبێت هەمیشە قوربانی هەبێت، ئەو قوربانیەش ژنە. پێدەچێت ڕێککەوتنێکی بێدەنگ لەسەر ئەم بابەتە کراوە.
دەستوەردانی خۆسەپێنانە لە پرۆسەی سروشتی پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا بووەتە سەرچاوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ. جینۆسایدەکانی هاوچەرخیش شایەتحاڵی ئەم ئیدیعایەن. لەم نێوەندەدا ئێمەی مرۆڤ لە نێو ئەو سەرلێشێواوییانەی کە بەهۆی ئەم قەیرانانەوە دروست بووە و دیل بوون لە نەخشەی کەسایەتی سەپێنراودا، بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێین بۆ دەربازبوون.
دروستبوونی شوناسی ژنی ئازاد پێویستی بە خەباتی ناوخۆیی و گەیشتن بە خۆئاگایەکی قووڵ هەیە.
خۆناسین و ناسنامەی ژنانە
لێرەدایە کە بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە دەست دێت. سەبارەت بە ڕزگاری ژن دەڵێت: "واقیعی بەکۆمەڵ جەوهەری بوونە، بزووتنەوەی ژنانە" و "ژن خودی گەردوونە و مرۆڤیش لێی دابڕاوە، هەسارەیەکی دەرەکییە". ئەو کەسەی سەرەتا زمانی دروست کردووە بۆ ئەوەی بانگی منداڵەکەی بکات ژنە. دروستکەری ڕۆشنبیریش ژنە، هەروەک چۆن خوڵقێنەری کۆمەڵگەیە، پیرۆزیەت و خودایی هی ژنان.
ئەم تێڕوانینە ئاماژەیە بۆ ڕێبازێکی هاوبەشی خەبات لە دژی کونە ڕەشی هەڵوێستە پیاوسالارییەکان کە ژنان قووت دەدەن. بە پێچەوانەی ئەو ڕێبازە جیهانییە باڵادەستەی کە ژن دەکاتە قوربانی و بە شێوەیەکی سیستماتیکی پشتگوێ دەخات، ئێستا سەردەمی بەشداریکردن لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بە تێڕوانینی ژنۆلۆژی دەستیپێکردووە.
لەم خاڵەدا دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژنان سەردەمی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک و دەرکەوتنی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەگێڕێتەوە، ئەم شۆڕشە ئەو سنوورانەی پووچەڵ کردووەتەوە کە بۆ بەرتەسککردنەوەی جەستە و ڕۆح و بیری ژن کێشراون. تا ئەو ڕادەیەی کە ژنان ئەم سنوورانە تێدەپەڕێنن، خاوەنی ئەو نەرمی و داهێنان و هێزەن کە دەتوانێت بەرەو خۆناسینیان ببات، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی خۆناسینەوە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.