"ئاشتی، بەو شێوەیەی کە ژنان دەیانەوێت" -٢
ئەو ئاشتییەی کە ژنان بەدوایدا دەگەڕێن، پەیماننامەیەک نییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێک، بەڵکو سەرەتای جیهانێکی نوێیە- جیهانێک کە تێیدا ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی جێگەی باڵادەستی و توندوتیژی دەگرێتەوە.

ئاڤزەم ڤیان
ناوەندی هەواڵ- لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و ململانێی توند ڕوویداوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵگاکان توانیویانە خۆیان بە شێوەیەک بپارێزن کە ڕێگەی بۆ بڵاوبوونەوەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی خۆشکردووە.
گفتوگۆی چۆنیەتی گەیشتن بە ئاشتی گرنگییەکی زۆری هەیە. کێ سوود لە ئاشتی وەردەگرێت و کێ بەدەستیەوە دەناڵێنێت؟ ئەم پرسیارانە دەتوانن وێنەیەکی ڕوونتر لە دۆخی ئێستا بخەنە ڕوو. شەڕ نەک هەر وێرانکەر نییە، بەڵکو زۆرجار بە شێوەیەکی پیاوسالاری و توندوتیژانە داڕێژراوە کە گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی قورس دەکات. بەڵام لە هەمووی گرنگتر، چۆن دەتوانرێت لە کاتی ئاشتیدا دەستکەوتەکانی سەردەمی بەرخۆدانی چەکداری بپارێزرێن؟.
ڕۆڵی ژنان لەم پرۆسەیەدا کلیلە. چۆن دەتوانن مۆدێلی کۆمەڵایەتی دڵخوازی خۆیان دروست بکەن بەبێ ئەوەی ببنە قوربانی هاوسەنگی دەسەڵاتی سیاسی؟ ئایا دەتوانرێت ئاشتییەک بەدەست بهێنرێت کە ژنان لە پێشەنگایەتیدا بن؟ چۆن دەتوانرێت بەهایەکی زیاتر بە خەباتێکی ئایدیۆلۆژی و جێندەری بدرێت؟ گرنگترین شت ئەوەیە کە لە ئەزموونەکانمان فێربین و ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ داهاتوویەکی بەردەوامتر و دادپەروەرتر.
لەم چوارچیوەیەدا لە بەشی دوویەمیی بابەتەکەماندا نەجیبە وەرەداغی ئەندامی ئاکادەمیای ژنۆلۆژی وتی:"ئەم بزوتنەوەیە کە لە ئاستی پارت، سوپا و بەرەوە گەیشتۆتە ئاستی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی هەم گشتی و هەم سیستەمێکی کۆنفیدرالی ژن لە هەموو بوارەکان دا پێویستی بە قۆناغی تەواوکردنی ئەو قۆناغە هەیە کە لانی کەم بیست ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، و بەهەمان ئەو هۆکارانەی کە باسمان کرد رێگری لێکرا و بەردەوام شەڕ وەک تاکە بژارێک سەپێنرا. وێرای ئەوەی بزوتنەوەکە خۆی لەو بژارەدا وەک پێویستیەکی خۆپاراستن قەتیس نەکرد بەڵام شەڕ کەشێکە کە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی تری ژیان هەیە، تا ئەو ئاستەی کە دەرفەتەکانی تر تەنگ دەکاتەوە کە لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت. ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەی دا بە ڕوونی ئاماژەی پێکرد، ئەوەی بە شەڕ بەدەستهاتووە گەیشتۆتە ئاستێک کە پێویستی بەوەیە بگوازریتەوە بۆ زەمینەی فکر و سیاسەتی دیموکراتیانە، ئەمەش بەتەواوی هاوتەریبە لەگەڵ رۆحی ئاشتی."
"من بۆ ئاشتی و سەرپێخستنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەتوانم چی بکەم"
نەجیبە قەرەداغی بەردەوامیدا و وتی:"بێگومان زۆر کەس لەسەر ئەم پرۆسەیە قسەی هەیە بەڵام دەبێ قسەکردن لەسەر ئەم بزوتنەوەیە بەهێندەی ئەوە بێت کە من بەرپرسیارێتیم چییە؟ ئەگەر ڕەخنە و بۆچوونێک هەبێ لەهەمان کاتدا دەبێ ئەوەش بپرسین کە چ رۆڵێک بە خۆم بدەم بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەکە ئەگەر نا قسەکردن و شرۆڤە پێوەرێکی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتی هەیە. وەک بەشێک لە فەلسەفەی ژیان و تیکۆشانی بزوتنەوەکە، زۆر جار ڕێبەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کردووە کە " ئەگەر کێشەیەک هەبێت، سەرەتا لە خۆت، لە دەوروبەری خۆت و دواتر لە دوژمنەکەت بپرسی". ئەوە پێوەرێکە کە دەبێ لە سەر جێیەکین لە خۆمان بپرسین کە من بۆ ئاشتی و سەرپێخستنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەتوانم چی بکەم."
هەرەوها ئاماژە بەوەش دەکات کە:"هەندێک کەس تەنیا باسی هەڵوەشانەوە و چەکدادان دەکەن کە مەبەست بێ یان بێ مەبەست، وەلاوەنانی هەموو ئەو گفتوگۆیانەی دیکەیە کە بە ئاراستەی قۆناغێکی گواستنەوەیە لە مەیدانێکی تێکۆشانێکەوە بۆ قاڵبوونەوە بۆ مەیدانێکی تری تێکۆشان کە پێشتر لە ژێر کاریگەری سەردەمی شەڕی سارد، ڕیال سۆسیالیزمدا شێوەی گرتووە.
هۆکارێکی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئۆجالان کە بانگەوازی کۆمەڵگەی دیموکراتییە، ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ەوە هەوڵی دا کە ڕێی سیاسەتی دیموکراتی بکرێتەوە کە هەموو کۆمەڵگە بەشداری سیاسەت ببێت کە لە ساڵی ١٩٩٣، ١٩٩٨، ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٤ وێرای ئاگربەست ڕووبەڕووی پەلامار و تێکدان بوویەوە بە قڕکردنی سیاسی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی. لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە بە دامەزراندنی گۆڕینی سیستەمی ڕێکخستن لە سیستەمێکی سەردەمی شەڕەوە بۆ سیستەمێکی دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای پارادیمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی و بە مۆدێلی ئەنجومەنەکانی گەل، کۆمین، ئاکادیمیا و هەرەوەزییەکان پەرەی سەند."
هۆکارێكی دیکە ئەوەیە کە هەر هەوڵدانێک بۆ کرانەوەی بە ڕووی سیاسەتی دیموکراتیدا بە دیواری ئەو تەگەرانە دەکەوت کە هێزی نێونەتەوەیی و ناوچەکە بە تیرۆریزەکردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد و لەگەڵ خۆی دا گرتن، داخستنی شارەدارییەکان و دەستبەسەردا گرتنیان و لە دەرەوەی تورکیاش بە هێرشی و پەلامار و هاوپەیمانی شەڕی لێدەکەوتەوە. ئەمە بەدەر لەوەی کە بزوتنەوەکە دەبوو پەرەدانی بە کولتوور، ئامرازەکان، هزری خۆپاراستن لە دەرەوەی چەکیش بەهێز بکات. بانگەوازی " ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" تەواو ئەو پاساوانە بێواتا دەکرد کە بزوتنەوەی ئازادی کوردستانیان پێ تیرۆریزە دەکرد. ئەو پرۆسەیە دەرفەت بە گەلان و ژنان دەدات پەرە بە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی خۆیان بدەن و لە هەموو بوارەکاندا ڕێکی بخەن، هەم لە ژێر بۆ ژوور خۆی ڕێکخستن بکات و هەم ناوەرۆکی پڕکاتەوە و هەم بە کەموکوڕییەکانی ئەم بیست ساڵەی دواییەدا دەچێتەوە و لە ئاستیاندا هەم ڕەخنەدان دەدات و هەم هەنگاوی پراکتیزەکردنی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەدات کە سەرپێخستنی مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییە و ژیانێکی ئازادە، ئەوە بە تێپەراندنی ئەو زهنیەتەی کە هەمیشە چاوەڕوانی لە دەوڵەتەوە دەکات و خۆی بەرپرسیار نابینێ لە خوڵقاندنی مۆدێلی دیموکراتی خۆی دا بە تایبەتیش تێپەڕاندنی ئەو زهنیەتەی کە داگیرکاریی سەر خاک و کۆمەڵگە بە زهنیەتی پیاوسالارییەوە نابەستێتەوە، ئازادی ژن لە گۆڕینی ئەقڵیەتی پیاوسالارییدا نابینێت."
بوونی پەکەکە لە چیاکانی کوردستان بۆ ڕێگرتن لە داگیرکاریی گەیشتۆتە ئامانجی خۆی
نەجیبە قەرەداغی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژژەی بەوەدەا کە:"پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان گوشار دروست دەکات کە هەم هەنگاوانەی لە بزوتنەوەکە و دەولەتیش بهاوێژرێن، بۆ دەرچوونە لەو دۆخی هاوسەنگییەی کە بۆ گەلی کورد و بزوتنەوەکەش دەکرێت هەم مەترسیدار و هەم دۆخی دووبارە لەگەڵ خۆی بێنێت و لە لایەکی تریش پاڵ بە تێکۆشانی دیموکراتیەوە دەنێت کە مەودایەکی فراوان ببڕێت.
بزوتنەوەی ئازادی کوردستان لە سەرخستنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی هەنگاوی زۆر گرنگ ماوە بینێت، بەڵام هەلومەرجی ناوخۆیی گەلی کورد، ناوچەیی و جیهانی دەرفەرتێک دەخوڵقێنێت کە ناوبەری گێژاو و قەیرانی سیستەم لە قۆناغی دارشتنەوەی سیستەمدا هەم مەترسیەکان ببینێت و وەلاوە بنێت و هەم دەرفەتەکان وەرچەرخێنێ بۆ هێزی تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتیانە.
بوونی پەکەکە لە چیاکانی کوردستان بۆ ڕێگرتن لە داگیرکاریی گەیشتۆتە ئامانجی خۆی و وەرچەرخانی بۆ تێکۆشانی خۆپاراستن بە ئامراز و هزر و رێکخستنی دیکە، نەک شەڕی چەکداری، ڕێکخستنکردنی کۆمەڵگە لە تەوەری خۆپاراستندا، بێ چەک بێ یان بەچەک خۆ بە خۆ بزوتنەوەکە لە نێو کۆمەڵگەدا ئەو تێگەیشتن و کولتوورەی پەرە پێداوە."
"ئەمڕٶ بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردستان لە ئاستی گەردوونیدا وەک هیزێکی جدی و ڕشت سەیر دەکرێت"
نەجیبە قەرەداغی وتیشی:"زۆر جاریش ڕێبەر ئۆجالان باسی تەڵە و گەمە لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوڕکردنی ململانێ و پێکدان کردووە کە هەمیشە لە ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکار و هێزی کۆلۆنیالیستەکانی جیهاندا هەبووە کە هەم دەوڵەمەندییەکانیان بەکارهێناوە و هەم پۆتانسێلی فرەنەتەوە، فرەمەزهەب و فرە ڕەنگیان لە دژی یەک بەکارهێناوە. پرۆسەی " ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" کۆتایی بەم دۆخە دێنێت کە دەیان ساڵە ئەم تێکۆشانە پێشینەی هەیە و باشترین نموونەش لە ڕٶژئاوا دەبینرێت. وشیاری لەوە دەدات کە ئەگەر گەلان پەرە بە چارەسەری دیموکراتیان نەدەن لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان ئەوە پەنجا غەزە ڕوودەدات.
ئەڵبەتە لە ماوەی ٥٢ ساڵدا پەردە لەسەر گەمە و پیلانگێڕی و سیاسەت و زهنیەتی دەولەتی تورک هەڵماڵرا. هەر لە ئەندامیتی ناتۆوە بگرە و وەک پۆلیسی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی هەموو دەرفەتێکی لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بەکارهێنا، بەڵام لەوەدا شتی هێنا کە بزوتنەوەکە تێکبشکێنێ. ئەڵبەتە خۆشیان دان بەوەدا دەنێن کە چەندین ترلیۆن دۆلاریان لە شەڕدا خەرج کردووە و ئەنجامیان بەدەستنەهێناوە. بەڵکو ئەمڕٶ بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردستان لە ئاستی گەردوونیدا وەک هیزێکی جدی و ڕشت سەیر دەکرێت و ئیلهامی تێکٶشان بە بزوتنەوە شۆرشگێڕ، کۆمەڵایەتی و ئەلتەرناتیڤەکان دەدات."
لە زۆربەی بزوتنەوە ئازادییەکانی جیهاندا پرسی کۆمەڵایەتی کراوەتە قوربانی پرۆسەی سیاسی
نەجیبە قەرەداغی بەردەوامی بە قسە کانی دا و وتی:"ئەڵبەتە تێکۆشانی ژنی کورد کە جەوهەری بزوتنەوەکە پێک دێنێت چەندین ساڵە لە دژی داگیرکاریی، پیاوسالاریی تێدەکۆشێت، خاوەن تێگەیشتن، مۆدێل و هزر و ئایدۆلۆژیا و زانستە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە تاکە چارەسەری ڕۆژهەلاتی ناوەراست کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و چارەسری پرسی ژنە وەک پرسی سەدە، مانیفستۆیەکی نوێی تێکۆشان و پێوەری سۆسیالیستبوون دەخاتەڕوو. ئەوەی ڕوونە کە ڕۆڵی ژن لە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا سەرەکییە. لە کاتێکدا لە زۆربەی بزوتنەوە ئازادییەکانی جیهاندا پرسی کۆمەڵایەتی کراوەتە قوربانی پرۆسەی سیاسی، بەڵام بزوتنەوەی ئازادی کوردستان هەمان هەڵەی دووبارە نەکردەوە. بەڵکو لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا پەرەی بە سیستەمی خۆی دا و هەم مەترسی و هەم دەرفەتەکان دەخوێنیتەوە وبەوپێیەش پەرە بە چالاکی، سیستەمی پەروەردە و ڕێکخستنی خۆی دەدات.
ڕێبەر ئۆجالان ڕەخنە لە کۆبوونەوەی هێز دەگرێت لە جێیەک دا کە وەک مەترسی دەبینێ لە پرۆسەی دیموکراسیدا، بەڵام گرنگە کە چی پێویستە بۆ وەلاوەنانی ئەو مەترسییە، چۆن ڕەخنەی بکەین و چۆن تێپەڕێنین. ئەوە پرۆسەیەک نییە کە تەنیا پەیوەست بێت بەناو بزوتنەوەکە بەڵام گرنگیشە بە چ زهنیەتێک ڕەخنەکان بەکرێت و بە شێوەیەک کەموکوڕییەکان تێپەڕێنرێت. بەشداری ڕاستەوخۆ، رادیکاڵ و قووڵ لەو پرۆسەیەدا دەرفەت دەکاتەوە بۆ سیستەمێکی دیموکراتی و پێکەوەژیان. لە دۆخی ئێستا خەوبینین بە ئازادییەوە نییە، بەڵکو خودی پراکتیزەکردنی ئازادییە."
نەجیبە قەرەدەغی ئەندامی ئاکادەمیای ژنۆلۆژی لە کۆتایی قسە کانیدا وەتی:"لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست چەند شەڕ و ململانێی توند هەبووبێت بەڵام کۆمەڵگە بە شێوەیەک پەرەی بە پاراستن و سیستەمی خۆی داوە کە ئەوە زەمینەی زیاتری بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ڕەخساندووە.
گرنگە گفتوگۆکان لەسەر ئەوە چڕ بکرێتەوە کە ئێمە چٶن ئاشتییەکمان دەوێت؟ کێ قازانجی لە ئاشتی هەیە؟ کێ زیانی لێدەکەوێت بە ئاشتی؟ ئەوە دەکرێت باشتر بۆمان ڕوون بکاتەوە، نەک پاراستنی ڕەوا بەڵکو خودی شەڕ خۆی کارێکتەرێکی پیاوسالار و توندوتیژی هەیە و زەحمەتە ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی لەو زەمینەی شەڕدا فەراهەم بێت. بەڵام لەوەش گرنگتر لە قۆناغی ئاشتیدا ڕێباز و ئامرازەکانی پاراستنی دەسکەوتەکانی قۆناغی تێکۆشانی چەکداری چٶن دەبێت؟ ژنان چۆن دەکرێت بێ ئەوەی ببنە قوربانی هاوسەنگی هێزی سیاسی پەرە بە مۆدێلی کۆمەڵایەتی خۆیان بدەن. دێتە چ واتایەک ئاشتییەک کە ژنان ڕێبەرایەتی بکەن؟ چۆن دەکرێت پەرە بە تێکۆشانی ئایدۆلۆژی و ڕەگەزی بدرێت؟ ئەوانە کۆمەڵێ سەردرێڕن کە زۆر گرنگە لە قۆناغی داهاتوودا بابەتی سەرەکی بن. ئەزموونی بزوتنەوەکانی ژنان لە قۆناغەکانی دوای ململانێیەکانی جێگەکانی وەک ئێرلەندای باکور، باسک، کەتەلۆنیا، ئەفریقا، هندستان و کۆلۆمبیا و سریلانکا و زۆر جێگەی دیکە لە دژی داگیرکاریی و ڕۆڵی ژنان لەو تێکۆشانی کۆمەڵایەتی دا زۆر ئەزموونبەخشن کە ئێمە لە کوێدا هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە و لە کوێ دا ئەزموونەکانی ئەوان بۆ ئێمە بۆ سوودبەخش بێت و سەرەکیترینیش ئەوەیە کە چۆن لە ئەزموونی خۆشمانەوە فێر بین."