کیمیابارانەکەی هەڵەبجە، زامێکی ساڕیژ نەکراوە
لە کۆتاییەکانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) و ٣٧ ساڵ بەرلەئێستا، رژێمی بەعس لە عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشیکردە سەر شاری هەڵەبجە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا.

ڕێژنە سەلام
هەڵەبجە- بۆردومانکردنی هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا بوو کە رژێمی بەعس لە عێراق لەسەر ناوچە کوردییەکان دەستی پێکردبوو لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و ڕاگواستنی خەڵکی گوندەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کە حکوومەت لە نزیک شارەکان دروستی کردبوو.
قوربانیەکانی ئەم چەکە زۆر زۆرن، بەڵام بەشی زۆری ژنانن کە قوربانی سەرەکین ،چونکە ژنان دایکن،خوشک و هاوسەرن. بە پێی گێرانەوەکان دیمەنی کاول بوونی ماڵەکانیان بە چاوی خۆیان بینیوە .
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ تا بەرەبەیانی رۆژی دواتر، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق ١٥ جار شاری هەڵەبجەیان بۆردومان کرد، لەهەر جارێکدا نزیکی ١٠ فرۆکە بەشدارییان لە بۆردومانکردنەکەدا کرد.
لەناو هەموو ئەم ئازارانەدا ژنێک بیرەوەریەکانی خۆی دەگێریتەوە .کە منداڵەکانی لەبەرچاوی خۆی بە گازی کیمیاوی شەهید بوون و بۆ یەکجاری بە جێی هێشتوون.
بیرەوەری ژیانی وەزیرە دڵۆپێکە لە دەریای تاوانی كيمياباران كردني هەڵەبجە
وەزیرە محەمەد حەمە کەریم یەکێکە لەو ژنانەی کە لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە پێنج منداڵی لە دەست داوە ، وەزیرە وتی :"پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٧لە گوندی تەوێڵە ڕاگوازراین گەڕاینەوە هەڵەبجە. لەوێ جێگیر بوین و ژیانێکی ئاسایمان هەبوو،تاوەکو رۆژی ١٣-٣ -١٩٨٨ كە دەنگۆ بڵاو بویەوە هەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی بۆمباران دەکرێ.
وەزیرە باس لەمنداڵەکانی بەناوەکانی( نگین, ڕەنج ,هەورین ,ئاژین, سەنگەر)دەکات،کە لە کیمیابارانی هەڵەبجە بون بە قوربانی و تا ئیستا چاوەرواني گەڕانەوەی منداڵەکانییەتی. وەک خۆی باسی دەکات (ئەگەر شەهید نەبوبن ئێستا گەورە بوونە) ،باوکیان لە تامەزرۆی هاتنەوەی منداڵەکانی گیانی لەدەست داوە.
بێشکەی منداڵەکەم بۆ هەموو جێگەیەک لەگەڵ خۆم بردووە
وەزیرە محەمەد حەمە کەریم لەمۆنۆمێنتی شەهیدانە و باس لە یادگاریەکانی منداڵەکانی دەکات، کە ئێستا لە مۆنۆمینتی شەهیدان نمایش کراوە .بەدەم سەیر کردنی ڕەسمی منداڵەکانی بۆمان باس دەکات ودەڵیت:"ئاژین برا بچوکەکەی بەناوی رەنج بە مەبەستی ڕزگار کردنی دەباتوبەڵام هیچ کات نەگەڕانەوە و تائێستا ونن و قەبریان نیە و نازانین ماون یان مردوون. پاشان نگین و سەنگەر کە نيازيان بوو خۆیان رزگار بکەن پێکەوە شەهید دەبن.
وەزیرە محەمەد حەمە کەریم ئەو تۆپەی کە سەنگەر یاری پێدەکرد، لە جامخانەی مۆنۆمینتەکە دەبینێ و دەڵێ ئەوە تۆپی سەنگەرە کە لە کۆلان و بەردەگا یاری پێ دەکرد. هەروەها سەرنجی یادگارەکانی منداڵەکانی دەداو لە ناویاندا ئەو ماسکەی بینی کە هاوژینەکەی بۆ کوڕە ٧ مانگەکەی دروست کردبوو، ئاماژەی بەوەدا (لەبەر ئەوەی کورەکەم ٧ مانگ بوو، هاوژینەکەم ترسی هەبوو بەرگە نەگرێت و شەهید ببێ، ماسکێکی دروست کرد لە سەری شەکردان و خوێ و خەڵوز،و وتی:" بیکە دەمی ڕەنج با نەخنکێ نامەوێ کورەکەم بە کوێری ببینم بەڵام پیش ئەوەی من کورەکەم ڕزگار بکەم من خۆم کوێر دەبم و ماسکەکە ون دەکەم و کورەکەشم شەهید دەبێت)".
وەزیرە محەمەد حەمە کەریم دەڵێت:" یادگاری منداڵەکام زۆر زۆر بوو بەڵام بەهۆی ئاوارەیی و دەربەدەری هیچمان بۆ ڕزگار نەبوو." بێشکەی منداڵەکانی وەک خۆی باسی دەکاف هەر حەوت منداڵەکەی تیا بەخێو کردوە و چەند ماڵی گۆڕیوە نەیفەوتاندوە.
لە هەممان کاتدا دەڵیت:"خەڵکی پێیان ئەوتم بێشکە هەڵمەگرە چونکە ئێستا ئەگەر کورەکەت ژیانی بکردایە، ئەوا ژنی ئەهێناوە و منداڵی ئەبوو."
ئەو کاتەی هەڵەبجە بۆردومان کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێدەنگییان هەڵبژارد
ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، بۆنی سێو و میوەیان لە شارەکەدا بڵاوکردەوە، ئەمە بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە شتێکی نامۆ بوو، بۆیە بەشێکی زۆریان لە ژێرزەمینی ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەشێکیشیان لە دوانیوەڕۆوە هەوڵی هەڵاتن و رزگاربوونیاندا لەژێر بۆردومانی فرۆکەکانی بەعس، بەڵام دواتر ئەو بۆنی سێوەی شارەکەی گرتەوە کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی دروستکرد کە تا ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان کە لە جیهاندا ئەنجامدراوە.
هەڵەبجە بە فڕۆکەکانی (سیخۆ و میراج) بۆردومانکرا. لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بۆردومانەکە دەستی پێکرد و تا بەرەبەیانی ١٧ی ئادار بەردەوام بوو، شارەکە ١٥ جار هێرشی کرایە سەر و زیاتر لە ٢٠٠ بۆمبی ٥٠٠ کیلۆگرامی بەسەردا خرایە خوارەوە کە گازەکانی (خەردەل، سیانید، فۆسفۆر و دەمارەکان) لە بۆردومانەکەدا بەکارهات کە هەموو شتێکی زیندوویان لە شارەکەدا بە مرۆڤ، باڵندە، ئاژەڵ و دار و درەختەوە خنکاند.
تا ئێستا ئامارێکی دروست و وردی ژمارەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەبەردەستدا نییە و سەرژمێرییەکی ورد نەکراوە، بەڵام قوربانییەکان بە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و ١٠ هەزار بریندار مەزەندە دەکرێت.
بەپێی سەرژمێری و ئامارێکی نافەرمی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، پێنج هەزار و ٤٦٠ قوربانی تۆمارکراوە، ئاماری بریندارەکانیش کە لە ١٤ کەمپی چارەسەری ئێرانییەکان وەرگیراوە ١٢ هەزار و ٨٠٠ کەس دوای کارەساتەکە لە ئێران چارەسەرکراون کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و هەر لە ئێران بەخاکسپێردراون.
عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، بە تاوانباری سەرەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دادەنرێت و ئەوەی روویدا لەژێر بڕیار و فەرمانی ئەودا جێبەجێکرا.
عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حسێن سەرکۆماری عێراق بوو بە دەستە ڕاستیشی دادەنرا، لەدوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە خەڵکی کوردستان ناسناوی (عەلی کیمیاویی)یان پێدا.
ئەو کاتەی هەڵەبجە بۆردومان کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بێدەنگییان هەڵبژارد و کەس لەسەر هەڵەبجە هیچی نەوت، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بەوهۆیەی ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانی حکوومەتی عێراق بوون و دژبە ئێران بوون، و لەسەر تاوانەکە بێدەنگ بوون.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەهەمان شێوە بێدەنگی هەڵبژراد و هیچی لەسەر تاوانەکە نەوت لەکاتێکدا پەیماننامەی رێکخراوەکە رێگای پێداون لەکاتی ئەنجامدانی تاوانە مرۆییەکاندا، ئەنجامدەرانی بدەنە دادگا.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق بە یاسای ژمارە ١٠ دادگای باڵای تاوانەکانی لە عێراق پێکهێنا بۆ دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، دادگاکە ٥٥ کەسی وەک داواکراوی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لە عێرقدا دەستنیشانکرد و تۆمەتبارانی کیمیابارانی هەڵەبجەش لەنێویاندابوون.
یەکێک لەو کەیسانەی سەرانی رژێمی بەعسی لەو دادگایە لەسەری دادگاییکرا، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو.
یەکەم دانیشتنی دادگاش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا و لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا، کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.
لە رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دوای هەشت رۆژ لە بڕیارەکەی دادگا، سزاکەی سەر عەلی کیمیایی جێبەجێکرا و لە سێدارەدرا، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٢ ئەو پەتەی عەلی حەسەن مەجیدی پێ لەسێدارەدرا هێنرایەوە بۆ هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دانرا.
بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ ناساندنی کەیسەکە وەک تاوانی دژبە مرۆڤایەتی بەدڵی ئەو کەسانە نەبوو کە سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد بۆیە بڕیاری تێهەڵچوونەوە دراو و دواتر و پاش تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠١٠ لەدوای ٣٤ دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە، دادگا بڕیاریدا لەبری تاوانی دژبە مرۆڤایەتی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت، هەریەک لە (سوڵتان ھاشم، فەرحان موتڵەگ و سابر عەبدولعەزیز)یش بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن سزادران.
دواتریش پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١١ لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووان و قوربانییانی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە کە ئەرکێکی یاسایی حکوومەتە و دەبوو بیکات.
کەیسی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تا ئێستا لەسەر ئاستی دنیا بە جینۆساید بە یاسا دانیپێدا نەنراوە، تەنیا پەرلەمانی کەنەدا لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٠ دانیپێدانا ئەوانیش بە (تاوانی دژبە مرۆڤایەتی) نەک (جینۆساید).
رێکخراوی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتیش لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٣ تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند هەڵەبجەشی بە سێیەمین ناوچەی کارەساتبار لە مێژووی رێکخراوەکە ناساند، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش بە جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا و واش بڕیاربوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەربکەن تاوەکو لەوێ بە جینۆساید بناسێندرێت، چونکە رێکخراوەکە ١٥٧ وڵات و پێنج هەزار و ٧١٢ سەرۆک شارەوانی ئەندامن تیادا، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی نەبووە و لە دنیادا تاوانی دژبە هەڵەبجە وەک جینۆساید دانیپێدا نانرێت.