"ئاشتی، ڕێگایەک بۆ ئازادی"-١
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشتی وەک ئامرازی چەوساندنەوە لەلایەن زلهێزەکانەوە بەکارهێنراوە، بەڵام بۆ کورد چەمکی بەرخۆدان و مانەوەیە. ئەم ئاشتییە نەک هەر کۆتایی هاتنی شەڕە، بەڵکو سەرەتای هەوڵە بەردەوامەکانە بەرەو ئازادی و دیموکراسی.

ئاڤزەم ڤیان
ناوەندی هەواڵ- پڕۆسەی ئاشتی هەمیشە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیدا وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە بازنەی توندوتیژی خراوەتەڕوو، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چ جۆرە ئاشتییەک؟ لە کاتێکدا مۆدێلە تەقلیدییەکانی ئاشتی لەسەر بنەمای سازشکردنی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی قازانجەکان دامەزراون، دیدگایەکی دیکەش هەیە- ڕوانگەیەک کە ئاشتی نەک وەک سازانێکی کاتی بەڵکو وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵگەدا دەبینێت.
ئەو پەیامەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٨ی ئادار بۆ ژنانی ناردووە، بە ڕوونی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەبێ ئازادی ژن هیچ کۆمەڵگەیەک بە ئاشتی و دیموکراسی ڕاستەقینە ناگات. لەم ڕوانگەیەوە، ئاشتی چیتر بە مانای کۆتاییهێنان بە شەڕ نییە، بەڵکو بە مانای بنیاتنانی نەزمێکی نوێە، نەزمێک کە تێیدا ژنان وەک هێزی سەرەکی گۆڕانکاری، ڕۆڵێکی ناوەندی لە بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن.
ئەمڕۆ ئەم مۆدێلەی ئاشتی کە لەسەر بنەمای ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک دامەزراوە نەک پەیمانی نێوان زلهێزەکان، نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا بووەتە ئیلهامبەخش. بەڵام ئەم ڕێگایە هێشتا ڕووبەڕووی چەندین تەحەددا دەبێتەوە، چونکە هێزە باڵادەستەکان بەرەنگاری هەر گۆڕانکارییەک دەبنەوە کە هەڕەشە لە باڵادەستییان بکات. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە پێشەنگی ئەم خەباتەدان- چونکە بۆ ئەوان ئاشتی ئیمتیازێکی سیاسی نییە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتی ژیانە.
سەبارەت بە بانگەوازییەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکڕاسی" نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئکادەمیای ژنۆنۆژی قسەی بۆ هەولگیرییەکەمان کرد و وتی:"کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە هۆکاری پێگەی جیۆپۆلەتیکی هەرێمەکەوە لە ڕووی جوگرافییەوە هەرێمی بەستنەوەی سێ کیشوەرن کە گوزەرگەی بازرگانییە و لە ڕووی مێژوویشەوە لانکەی هەم گەورەترین ئایینە نوسراو و باوەڕە سروشتییەکان، داهێنە یەکەمینەکانی مێژوو بووە هەم داهێنە ئەرێنی و هەم نەرێنیەکانیش، جێی ململانێ بووە و کۆمەڵگە چیایی و سروشتییەکان هەمیشە ئامانجی پەلامارە داگیرکارییەکان بوون. لە مێژووی ئەم هەرێمەدا جڤات و ڕیشەی ئەتنیکیەکانی کۆمەڵگەی کورد چەندین جار ڕووبەڕووی داگیرکاریی هەمەلایەنە بوونەتەوە بەڵام پەیوەستبوونیان بە کولتووری بەرگری و خۆپاراستن و تا ئاستێک کاریگەرنەبوونیان بە زهنیەتی دەسەڵاتداری و پلەداری و پەیوەستبوونیان بە خاک و بەها کولتوووریەکانەوە وایکردووە کە هەموو هەوڵە داگیرکارییەکان شکست بێنن. بۆ ئەوەش لە کۆمەڵکوژی فیزیکیەوە بگرە تا بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی شەڕی دەروونی، ئابووری وزۆر جاریش هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کورد لە پێگەیەکی خۆپاراستنی جەستەییدا، هێنراونەتە دۆخێکەوە کە نەک تەنیا نکوڵی لە ناسنامە و بوونی کراوە، بەڵکو بە دۆخێکی خودتوانەوەشدا تێپەڕێنراوە کە خودی کوردبوون وەک بەڵا و بارگرانییەک ببینیت. لە دۆخێکی بەو شێوەیەدا ڕاپەڕین و یاخیبوون لە بەرامبەر دۆخی داگیرکراویی، سروشتیترین دۆخی ئابڕوومەندییە و پێهەڵگرتنێکی مێژوویی پێویستییەکی حەتمیی بووە. داگیرکەرێک کە کۆمەڵگەیەک تەنانەت بە مرۆڤ نازانێت و هێناویەتە دۆخێکە کە لە مرۆڤبوونی خستووە، جگە لە شۆڕش هیچ ڕێیەکی تری بۆ نامێنێتەوە. ئەم دۆخە کەم تا زۆر لە هەموو بەشەکانی کوردستان وەک یەک بووە بە تایبەتی لە دوای دابەشکردنی کوردستان بە پەیماننامەی شوومی لۆزان. بۆ کۆمەڵگەیەک لەو دۆخەدا، ئاشتی بە واتای بێدەنگبوون و ملکەچی دەهات. بۆ دەوڵەت داگیرکەرانیش ئاشتی وەک ئامرازێکی بێدەنگکردن و قڕکردنێکی کولتووری لەبەرامبەر گەلان و ڕەنگە جیاوازەکان دەهات. لە هەر بەشێکی کوردستاندا چەمکی ئارامی و سەقامگیری دەوڵەت بە سەرکوتکردنی ڕەنگەجیاوازەکان دەهات و تاکە بژار توانەوە بوو لە بۆتەی پێکهاتەی ئایدۆلۆژی و سیاسی دەوڵەتدا بوو. ئەم کارێکتەرە داگیرکارییە پیاوسالارە جارێک سەرتاپای کۆمەڵگەی داگیر دەکرد و جارێکیش بە هێشتنەوەی کۆمەڵگە لە دۆخێکی دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا ژن دووجار داگیر دەکرا، جارێک لە لایەن دەوڵەت و جارێک لە لایەن پیاوەوە.
ژن سەرتاپای ژیانی لە دۆزەخی خوێنخۆشکردن دا کراوەتە قوربانی
نەجیبە قەرەداغیئەندامی ئاکادەمیای ژنۆلۆژی دەڵێت:"تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ناسنامە، بوون و ئازادییەکان لە قۆناغەکانی ڕابردوو هەمیشە پشتی بە تێگەیشتنێک بەستووە کە لەسەر مێزی دانوستاندن بە دەست بێت، هەر بۆ ئەوەش ئەو تێگەیشتنەی کە کورد ئەوەی بە چەک بەدەستی هێناوە لە دانوستاندندا لە دەستی داوە، یان لە تێکۆشانی چەکداریی هەمیشە بژاری چەک و مەیدانی تێکۆشانی سیاسی لە یەک دابڕێنراوە و ئەم تێگەیشتنە زۆر جار بە خەباتی قۆناغی شاخ و خەباتی قۆناخی شار گوزارەی لێکراوە. یان هەمیشە دانوستاندنی ئاشتی لە ڕوانگەیەکی کارێکتەرێکی پیاوانەی هەبووە. ئەم خوو و تێگەیشتنانە خودی خۆی دەبێتە بخرێتە ژێر پرسیار و تێپەڕێنرێت کە دواتر لە مۆدێلی هزر، بیرکردنەوە و رێکخستنی بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا دێمەوە سەری.
دیارە تێگەیشتنی ئاشتی و پێکەوەژیانی دیموکراتیانە، سادەترین و بنەڕەیترین پێویستی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە. ئەگەر ناکۆکی، ململانێش هەبێ، گرنگە پێوەرەکەی پێشخستنی مۆدێلێکی باشتر بێ، نەک لە سەر بنەمای نکوڵی و لەناوبردن بێت. پێویستی ئاشتی هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی کۆمەڵگەی سروشتی و تەنانەت ڕەنگدانەوەی لە سەر پێگەی ژنیش هەبووە لە شەڕی تیرە و هۆزەکاندا. لە زۆری شەڕ و ململانێیە ناوخۆییەکاندا کاتی ژنان لەچکی سپیان فڕێداوە، شەڕ ڕاوەستاوە. بەڵام لە زۆر هەلومەرجی دیکەشدا ژن وەک جەستەیەکی ڕاوەستاندنی خوێنڕشتن چاوی لێکراوە، لە ژێر ناوی ئاشتەوایی لە بری خوێن دراوە و سەرتاپای ژیانی لە دۆزەخی خوێنخۆشکردن دا کراوەتە قوربانی."
هەنگاو بەرەو هزر و مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک
هەروەها نەجیبە قەرەداغی لە درێژەی قسەکانیدادەڵێت:"دەرکەوتنی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بەر لە ٥٢ ساڵ بۆ کۆتایی هێنان بە مێژووی داگیرکاریی، بێ ناسنامەیی، شەڕ و گەیشتن بە ناسنامە بووە بە تایبەتی دۆخی داگیرکراویی ژن لە مێژوودا هەڵوێستێکی تا دوایین ڕادە شۆڕشگێڕانە بووە. قۆناغی دامەزراندنی پارتێکی شۆرشگێڕ لەو هەلومەرجەدا تاکە بژار بووە. دەستپێکردنی شەڕی چەکداری بۆ کورد لە هەلومەرجی نکوڵی و قڕکردنی هەمەلایەنەی داگیرکارییدا هێشتنەوەی تاکە بژار بووە، بۆ گەلی کورد دۆخی داگیرکراویی گەورەترین بەشی کوردستان کاریگەری لە هەموو دۆخی کوردستان بکات، ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان بۆ کۆمەڵگەی ناونا لە دایکبوون، بە سەرپێکەوتنی بزوتنەوەیەک کە لە ڕووی زهنی، فکری و فەلسەفییەوە ئاراستەی مێژوو بگۆڕێت و هەستانەوەیەکی مێژوویی لە هەموو بوارەکاندا بەخۆوەببێنێت.
لەدۆخی لە خۆبێداربونەوە بەرەو خۆڕێکخستنکردن و ڕەتکردنەوەی داگیرکاری لە هەموو ئاستەکاندا، داگیرکاریی سەر خاک، جەستە و بوون و سەرلەنوێ خۆپێناسەکردنەوە. ئەڵبەتە جەوهەر و کرۆکی ئەم خۆپێناسەکردنەوەیە ئازادی خاک و ژنی پێکەوە بەستەوە. کرۆکی ئەم فەلسەفە و هزرە ئازادکردنی ژن وەک پێوەرێک بۆ هەموو ئازادییەکان دەزانێت و دەیکاتە مەرجێکی پێشوەختە بۆ ئازادی کۆمەڵگە، لەو پێناوەشدا ڕێکخستی خۆسەری ژن بە گرنگ دەزانێ کە پاڵنەرێک دەبێ بۆ گۆڕانکاری لە ئەو بوارانەی کە داگیرکاریی و پیاوسالاریی خۆی لەسەر بەرهەمدێنێتەوە. بۆ ئەوەش سەرەتا تێکۆشانی ژن لە بەرامبەر زهنیەتی داگیرکاریی و پیاوسالاریی و بەستنەوەی تێکۆشانی نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزی پێکەوە بە گرنگ زانی. بێ ئەنجامگرتن لەم تێکۆشانە و هەنگاو بەرەو هزر و مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ژن و پیاوێکی دیموکراتیک، باس کردن لە ئاشتی جارێکی تر کۆمەڵگەی دەخستەوە تەڵەی ئەو بەڵێنە پوچانەی کە لە سەروبەندی هەموو شۆڕشە سۆسیالیستیەکان و شۆڕشەکانی ڕزگاری گەلان دا بە ژنان درا، هەوڵ درا بە یاسا و لە ڕێی ڕیفۆرمی بەشییانە و دەستکەوتی تاکەکەسییەوە بەرگێک بە تێگەیشتنی ئاشتیدا بکرێت. نە پرسی کورد و نە پرسی کۆمەڵایەتیە قووڵەکانیش کە گەورەترین کاریگەرییەکانی لەسەر ژن هەبووە، بە ڕیفۆرمی بەشییانە چارەسەر بکرێت."
نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئاکادەمیای ژنۆلۆژی بەردەوام دەکات و دەڵێت:"بێگومان قۆناغێکی تێکۆشانی بێناوبەری ٥٢ ساڵ، ئەنجامەکەی سەرپێخستنی کۆمەڵگە و ژن بێ، بە هەموو واتای خۆی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، زهنی و دیموکراتی بەرپاکردبێت ئاساییە کە ئامرازەکانی خۆی نوێ بکاتەوە لە تێکۆشاندا و بەرەو قاڵبوونەوە ببات لەسەر سیاسەتی دیموکراتی، ئاشتی و بەرەو مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەنگاو بنێت. لە دۆخی کۆمەڵگە و بزوتنەوەیەک کە هزر، فەلسەفەی ژیانی گەیاندبێتە ئاستی پارادایمێک کە پاردایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن، بێگومان لە پێگەیەکی بەهێزدا باسی ئاشتی دەکات. بەڵام بێگومان قۆناغێکی ئاسان نییە."
پرۆسەی " ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پرۆسەیەک نییە کە ئێمە لە چاوەڕوانیدا بهێلێت
نەجیبە قەرەداغی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەلێت:"لە کاتێکدا لە جیهاندا هێندە توندوتیژی هەیە و چەکی نوێ بەرهەمدەهێنرێت، چۆنە ڕێبەر ئۆجالان باسی ئاشتی دەکات، هەر کەس پرسیارەکانی ڕوو لە بزوتنەوەی ئازادی کوردستان و ژنانی کوردە کە دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
بانگەوازی یان پرۆسەی " ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پرۆسەیەک نییە کە ئێمە لە چاوەڕوانیدا بهێلێت کە هەست بکەین شتێکی ئامادە پێشکەش بکرێت، بەڵکو ئەم پرۆسەیە بە تەواوی لە لایەن بزوتنەوەی ئازادی کوردستان، هەموو ئۆرگانەکانی، بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد و هەموو ئۆرگانەکانی و کۆمەڵگەی کورد و تەنانەت دۆستانی گەلی کورد و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە مۆدێرنیتەی دیموکراتی هەیە سەرپێدەکەوێت.
ئەو پەیامە و قۆناغە خۆی لە خۆی دا ئەم دەستبەتاڵی دەوڵەت دەگەیەنێت لە ئاست ئەو گۆشەگیری و دۆخی دیلیەی ڕێبەر ئۆجالان کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە، ئەو شکاندنی گۆشەگیری و دۆخە ئەنجامی بەرخودانێکی کەموێنەی مێژووی گەلی کورد، بزوتنەوەکە، خودی ڕێبەر ئۆجالان و تەنانەت دۆستانی گەلی کورد دەگەیەنێت."
ڕێبەر ئۆجالان داهێنەری کولتوورێکی نوێی سیاسی و کولتوورێی نوێی تێکۆشانە
نەجیبە قەرەداغی درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵیت:"بێگومان بۆ ئەوەی لەو پەیامە تێبگەین دەبێ لە بزوتنەوەکە، هۆکاری سەرهەڵدانی هەموو قۆناغەکانی ڕابردووی تێکۆشانی چەکداری، مۆدێلی ڕێکخستن، هزر و ئایدۆلۆژیای بزوتنەوە و پێویستیەکانی گۆڕانکارییەکانی بە پێی سەردەم تێبگەین. ئەوانەی ڕێبازی تێکۆشانی ناو بزوتنەوەی ئازادی بناسن، ئەڵبەتە چۆنێتی پێناسەکردنی کێشەکە و چۆنێتی دەستبردنی بۆ چارەسەرییەکان و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و هەلومەرجی جیهان بە باشی بناسن ئەوە تێگەیشتن لەم پرۆسەیە زەحمەت نابێت.
چونکە ڕێبەر ئۆجالان داهێنەری کولتوورێکی نوێی سیاسی و کولتوورێی نوێی تێکۆشانە، لە بێ دەرفەتیەوە دەرفەتی خولقاند، پەنجەرەیەکی نویێ کردوە و رێیەکی نوێی بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکەی هەرێمەکە و تەنانەت جیهانیش کردەوە.
هەر شەهیدبوونێک کە ئازارێکی زۆری پێگەیاندووین
نەجیبە قەرەداغی دەڵیت:"بۆ ڕێبەر ئۆجالان دوو پرەنسیپ لە شەڕ و ئاشتی و هەروەها لە تێکۆشاندا لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا گرنگ بووە. یەکەم ئەوەیە کە نابێ خوێنڕشتن بگاتە ئاستێک کە ئاشتی زەحمەت بێ، چوونکە لە دواییدا ئەوانەی شەڕ لە بەرامبەر یەک دەکەن لە هەمان هەرێمدا دەژین و ناچارن پێکەوە قسە لەسەر ئاشتی بکەن. دووەم ڕێ لە زەبری گەورە بگیرێت لە بزوتنەوەکەدا کە نەبێتە هۆکاری بێهیوایی، چونکە ماوەی چل ساڵ تێکۆشان باجی زۆر قوورس و بەنرخمان دا لە پێناوی ئازادی دا و هونەری ڕێبەرایەتی لە پێشخستنی کولتووری تێکۆشاندا ئەوە بووە کە هەر شەهیدبوونێک کە ئازارێکی زۆری پێگەیاندووین چۆن وەرچەرخێنینە هێزی تێکۆشانی گەورەتر و بیکەنە فەلسەفەیەکی ژیانێکی نوێ و خاوەنداری لە یادەوەرییەکانیان بکەین."
نەجیبە قەرەداغی لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە ڕیکخستنی پڕۆسەکە دەڵێت:"وێرای هەموو هێرشە ناوخۆی و دەرەکیەکان بۆ سەر بزوتنەوەکە ڕێبەر ئۆجالان پەرەی بە کولتوورێکی تێکۆشانی سەقامگیر دا، بزوتنەوەکە بەرەو پاراستنی یەکێتی ڕۆحی، ڕێکخستنی و پێکهاتیی بەرێت و لەهەمان کاتیشدا خستیە ناو تێکۆشانێکی هزری، ڕەگەزی و چینایەتی وەها کە بەردەوام داینەمۆی بەردەوامی بێت. ئەگەر گوزارە لە جێی خۆی دا "جن لە شوشە دەرچووە و ناگەڕێتەوە". بونیادێکی ڕێکخستنی دروست کردووە کە گەورەتر دەبێت و دەخرۆشێت. بەڵام ئەم جەستە گەورەیە پێویستی بە وەرچەرخانی مێژوویی هەبووە بۆ ئەوەی لە ژێر کاریگەری شەڕ، پارتی ناوەندی و دەسەڵاتی مۆدێلی ڕیال سۆسیالیزمی یەکێتی سۆڤیەت دەریخات و بیکاتە پێکهاتەیەک کە ڕوو لە کۆمەڵگە بێ نەک دەوڵەت، ڕوو لە دیموکراسی بێ نەک جڵەوی دەسەڵاتداریی، پارت ئامرازێکی پاڵنەری پێشکەوتن بێ نەک کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە، ئەم مۆدێلە هزر و کردارە لەسەر خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەریی قاڵ بێتەوە و لەو پێناوەشدا لە ڕووی پارادایمەوە، سەرتاپا خۆی نوێ بکاتەوە. ئەم هەوڵانە لە ناوەڕاستی ساڵانی ٩٠کانەوە دەستی پێکرد. چەندین جار ڕێبەر ئۆجالان هەوڵی ئەوەی دا کە زەمینەی شەڕ بگۆرێت بۆ زەمینەی چارەسەری دیموکراتیانە و پەرە بە سیاسەتی دیموکراتی بدات. سروشتی پرسی کورد کە پرسێکی نێودەولەتییە بە پیلانگێڕیی ناوخۆی هێڵی خیانەت و بەرژوەندیەکانی هێزی باڵادەستی دەرەکی هەمیشە ڕێگر بووە لە چارەسەری پرسەکە. "
بەشێ دووەم: هۆکاری بانگەوازییەکەی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجاڵان و بەرپرسیارتی هەر تاكێکی کورد و بە تایبەتی ژنان چییە.